بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە لە وتووێژێکدا سەبارەت بە کارەساتی مرۆیی و سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: دوای نزیکەی 22 مانگ بە سەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، دۆخەکە بە تەواوەتی ناجێگیرە، ڕۆژانە دەیان کەسی بێتاوان شەهید دەبن، بەتایبەت ژنان و منداڵان چاوەڕێی وەرگرتنی هاوکاری خۆراکی دەکەن.
ناوبراو وتی: بەداخەوە ڕژێمی زایۆنیستی بە کەڵک وەرگرتن لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێتوانایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە، ڕۆژانە بەردەوامە لە کوشتنی خەڵکی بێ بەرگریی غەززە. لە بارودۆخی ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا بەداخەوە بێدەسەڵاتن بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی غەززە و ناتوانن توانای خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە بەکاربهێنن. بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دامەزراوەی بەرپرسیار لە پاراستنی ئاشتی جیهانی، بێدەسەڵاتی خۆی لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا سەلماندووە.
ئەو شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی وتی: ئەمریکییەکان هەر جارێک کە پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دادەڕێژرێت، دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆیان بەکاردەهێنن و ئەمریکاش لە ماوەی 22 مانگی ڕابردوودا شەش جار ڤیتۆی ڕەشنووسی بڕیارنامەکانی کردووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کەشوهەوای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستیدا هاوتەریبە.
حەسەن هانیزادە وتی: ئێستا لەم هەلومەرجەدا، جیهانی ئیسلام دەبێت هەموو تواناکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بەکاربێنێت. بە تایبەت ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە 55 وڵات لەخۆدەگرێت، دەبێت لە سەر ئاستی ڕێبەران لوتکەیەک کۆبکاتەوە و میکانیزمی پێویست بۆ سزادانی ڕژێمی زایۆنیستی بە پچڕاندنی هەموو هاوکارییەکان و داخستنی ئاسمانی وڵاتانی ئیسلامی بە ڕووی گەشتەکانی ئەو ڕژێمەدا بگرێتەبەر. پێدەچێت ئیرادەیەکی لەو شێوەیە لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا بوونی نەبێت.
ناوبراو وتی: ئەم دۆخە تاوانکارییە بەردەوام دەبێت و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتی غەززە دەدات بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووانی ئەو ناوچەیە نەمێنێت بۆ ژیان.
وتیشی کە ڕژێمی زایۆنیستی لە هەوڵی گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانی غەززە بۆ سوریایە و ڕەنگە لە داهاتووشدا ئەم دۆخە بەردەوام بێت و ئەو ڕژێمەش ڕەنگە کەڵک لە هەلومەرجی سەختی سوریا وەربگرێت./.