بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەکانی نەوت و غاز لە دەریای خەزەر لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جارێکی دیکە بوونەتە جێی سەرنجی جیهانی. لە ئەنجامی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی ڕاگوزەری سوریا بۆ باکۆ، لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆژەیەک بۆ هەناردەکردنی غازی ئازەربایجان بۆ ئەو وڵاتە دەست پێدەکات.
هەروەها ئازەربایجان لە دابینکردنی وزەی ڕژێمی زایۆنیستیدا پێگەیەکی گرنگی هەیە و نزیکەی لە سەدا 40 ی نەوتی ئەو ڕژێمە دابین دەکات؛ ئەو سەرچاوانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی دەریای خەزەرەوە دەرهێنراون.
ناوچەی دەریای خەزەر شەش وڵاتی کەنار دەریا لەخۆدەگرێت کە بریتین لە ڕووسیا، ئێران، کازاخستان، تورکمانستان، ئازەربایجان و ئۆزبەکستان کە هەریەکەیان سەرچاوەی نەوت و غازیان هەیە.
هەرچەندە ئۆزبەکستان سنوری ئاویی لە گەڵ دەریای خەزەردا نییە، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی وشکانی و وزەی لە بواری جیۆلۆجی دەریای خەزەردا هەڵکەوتووە.
ئەم ناوچەیە یەکێکە لە کۆنترین ناوچە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە جیهاندا، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی داشلاری نزیک باکۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا (EIA)، بەرهەمهێنانی نەوتی دەریای خەزەر لە ساڵی 2022 یەکسان بووە بە نزیکەی یەک لە سەدی دابینکردنی نەوتی جیهانی (زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، هەروەها بەرهەمهێنانی غاز لە ناوچەکەدا نزیکەی لە سەدا سێی دابینکردنی غازی جیهانی (زیاتر لە 4 ترلیۆن پێ سێجا) پێکدەهێنێت.
ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ گرنگی ڕێژەیی ئەم ناوچەیە لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، هەرچەندە پشکی لە کۆی بەرهەمی جیهانیدا سنوردارە بە ڕێژەیەکی کەم.
ئازەربایجان وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و غاز لە دەریای خەزەر، ڕۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا دەگێڕێت. دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت، سەرنجی جیهان بۆ سەر سەرچاوەکانی ناوچەکە ڕاکێشرا، دوای ئەوەی کۆمەڵەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بە سەرۆکایەتی بریتیش پترۆلیۆم ڕێککەوتنێکیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە زەبەلاحەکەی ئازەری – چێراغ - گوناشلی (ACG) واژۆ کرد.
هەروەها پڕۆژەکانی وەک کێڵگەی کاشاگان لە کازاخستان وەبەرهێنانی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.
لەبەرامبەردا ئێران کە خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری نەوت و غازە لە کەنداوی فارس، بە هۆی سنوردارکردنی گەمارۆکان و تێچووی زۆری دەرهێنانی لە دەریای خەزەر کەمتر چالاکی لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی ناوچەکەدا هەبووە.
تێچووی دەرهێنانی نەوت و غاز لە کێڵگەکانی خەزەر بۆ ئێران چەند هێندە زیاترە لە کێڵگەکانی باشور و هەر بەم هۆیەشەوە گرنگییەکی کەمتری پێدراوە.
تا ئێستا تاکە سەکۆی هەڵکەندنی چالاکانەی ئێران لە دەریای خەزەردا سەکۆی ئەمیر کەبیرە کە ناچالاکە.
هەروەها کێڵگەی نەوتی سەردار جەنگەل تاکە کێڵگەی دۆزراوی ئێرانە لە دەریای خەزەر، لە ساڵی 2012 لە قووڵایی 700 مەتر دۆزرایەوە و لە کۆی 46 پێکهاتەی لێکۆڵینەوەی نەوت و غازی ئێران لە دەریای خەزەر، تەنیا ئەم کێڵگەیە قۆناغی گەڕانی تێپەڕاندووە.
لەم دواییانەدا ئێران لە گەڵ ئامێری هەڵکەندنی کۆمپانیای کونکردنی باکور دەستی بە کارەکانی هەڵکەندنی گەڕان لە پێکهاتەی ڕودسەری بلۆکی 18 ی دەریای خەزەر کردووە. ئامانج لەم کونکردنە هەڵسەنگاندنی سەرچاوەی توانای زیاتر لە 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و نزیکەی دوو تریلیۆن فوتی سێجا غازە. ئەم پرۆژەیە بە پێی گرێبەستی EPD بە وەبەرهێنانی نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار ئەنجام دەدرێت.
یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی ئێران لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی خەزەر، شوێنی پێکهاتەکانی هایدرۆکاربۆنە لە ئاوە قووڵەکاندا کە دەرهێنانی ئەو پێکهاتانە پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە کە تا ئێستا هیچ کام لە وڵاتانی کەناری خەزەر خاوەنی نین. وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە شێوەیەکی سەرەکی کەڵک لە سەرچاوە قووڵەکان وەردەگرن کە لە ئێراندا کەمترن.
لە لایەکی دیکەوە ناکۆکی لە سەر قەبارەی یەدەگی نەوتی دەریای خەزەر هەیە. فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەدەگی نەوتی ئەم ناوچەیە 200 ملیار بەرمیلە، بەڵام دامەزراوەی وزەی ئۆکسفۆرد ئەو ڕێژەیە لە نێوان 25 بۆ 35 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنێت.
ئەگەر خەمڵاندنەکەی ئۆکسفۆرد ڕاست بێت، ئەوا پشکی دەریای خەزەر لە کۆی یەدەگی نەوتی جیهان تەنیا نزیکەی لە سەدا 3 دەبێت، نەک ئەو لەسەدا 16 یەی کە لە لایەن EIA ڕاپۆرت کراوە. لەو حاڵەتەدا ئەگەری ئەوەی کە خەزەر ببێتە بەدیلێکی درێژخایەن بۆ کەنداوی فارس لە دابینکردنی نەوتدا زۆر کەم دەبێتەوە.
بە گشتی ئێران بە زیادکردنی بەرهەمی کێڵگە هاوبەشەکان، دەتوانێت تێڕوانینی ئازەربایجان وەک لایەنگر و دابینکەری ڕژێمی زایۆنیستی کەم بکاتەوە کە چەکی نهێنی ئێرانە لە دژی باکۆ و ڕژێمی زایۆنیستی، بە لەبەرچاوگرتنی سنورداربوونی یەدەگی نەوت لە ناوچەی خەزەر./.