بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، ڤیتامین D کە بەشێوەیەکی
سەرەکی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لەسەر پێست بەرهەم دەهێنرێت، ڕۆڵی سەرەکی
لە میتابۆلیزمی کالسیۆم، بەهێزی ئێسک و کاری سیستەمی بەرگری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا،
شێوازی ژیانی نوێ، پیسبوونی هەوا، بەکارهێنانی دژەخۆر و کەمی چالاکی جەستەیی وایکردووە
خەڵک بەر تیشکی خۆر نەکەون.
کەمی ڤیتامین D دەتوانێت ببێتە
هۆی نەخۆشی وەک پووکانەوەی ئێسک و ئازاری ماسولکە و لاوازی سیستەمی بەرگری و تەنانەت
خەمۆکی. بە تایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوودا، ئەم کەمییە مەترسییەکانی شکانی ئێسک زۆر
زیاد دەکات. سەرنجڕاکێشە بزانین یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە کەمی ئەم ڤیتامینە
بەزۆری بێ نیشانەیە و مرۆڤ هەستی پێناکات تاوەکو حاڵەتێکی مەترسیدار درووست نەبێت.
شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕۆژانە لانی کەم 15 بۆ 20
خولەک بەر تیشکی خۆر بین (بەبێ داپۆشین و دژەخۆر)، بەتایبەتی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای
ڕۆژدا. هەروەها خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین D وەک ماسی و زەردێنەی
هێلکە و بەرهەمەکانی شیرەمەنی و ئەگەر پێویست بکات بەکارهێنانی تەواوکەرەکان لەژێر
چاودێری پزیشک یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە./.