بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی دەستیی ئێرانی لە شاری سلێمانی پاش 5 ڕۆژ چالاکی کۆتایی هات کە 130 هونەرمەند لە سەرتاسەری وڵاتەوە بەرهەمەکانیان نمایش کرد. هەروەک بریکاری وەزیری میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستیی ئێران ڕایگەیاندووە، بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە ئەرکێکی گەورە بوو کە بە هەوڵی بوێرانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی میراتی کەلتوری پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو.

کرماشان بە پشتبەستن بە مێژوو و کەلتوری دەوڵەمەندی خۆی، یەکێکە لە پارێزگا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی کاری دەستی لە ئێران. هونەرەکانی دەستی تەنیا میراتێکی ڕابردوو نین، بەڵکوو ئەگەر گرنگی پێبدرێت، دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە داهاتووی ئابوری پارێزگاکەدا بگێڕن.

بە درێژایی زیاتر لە 371 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە گەڵ عێراق و بوونی سنورە فەرمییەکانی وەک پەروێزخان، خوسرەوی و سۆمار، ئەم پارێزگایە بە ڕێگایەکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ پەرەپێدانی هەناردەکردنی نانەوتی. ئەم پێگە جیۆئابورییە دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاری دەستی ناوخۆیی بە بازاڕی بەکاربەری عێراقەوە ببەستێتەوە؛ بازاڕێک کە بە هۆی لێکچوونی کەلتوری، ئایینی و زمانەوانییەوە، مەیلی وەرگرتنی بەرهەمی ئێرانی هەیە، بە تایبەت ئەوانەی لە کرماشانەوە هەناردە دەکرێن.

بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی دەستی لە شاری سلێمانی لە عێراق، دەرفەتێکی بەنرخە بۆ ناساندنی توانای کەلتوریی ئێران و پارێزگا سنورییەکانی وەک کرماشان. ئەم ڕووداوانە نەک هەر یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە سەلیقەی بازاڕی ئامانج، بەڵکوو سەکۆیەک بۆ کارلێکی بازرگانی نێوان هونەرمەندان و هەناردەکاران و چالاکوانانی ئابوری هەر دوو وڵات دەڕەخسێنن.

پێویستییەکانی گرنگیدانی تایبەت بە پیشە دەستییەکان لە پارێزگای کرماشان

بەهێزکردنی پاکەتکردن یان دەسکەبەندی، ڕاهێنانی بازاڕکردن، براندکردن و ئامادەیی بەردەوام لە بازاڕە ئامانجدارەکانی ناوچەییدا هەنگاوی گرنگن لە سەر ڕێگای گۆڕینی کرماشان بۆ بنکەیەکی هەناردەکردنی پیشەسازی دەستی لە ڕۆژئاوای ئێران.

پێگەی سنوری پارێزگاکە نەک تەنیا لە جوڵەی کاڵاکان بەڵکوو لە هەناردەکردنی کەلتوری و هونەریشدا چالاک بکرێت.

پیشە دەستییەکانی کرماشان ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ڕوانگەیەکی ستراتیژی هەیە. بەشداریکردن لە پێشانگاکانی وەک سلێمانی، ئەگەر پلان و پاڵپشتی لە گەڵدا بێت، دەتوانێت ئەم هونەرە بکاتە ئامرازێکی کارامە بۆ دیپلۆماسی ئابوری، هەناردەکردنی نانەوتی، و دامەزراندنێکی بەردەوام لە پارێزگاکەدا. سنور، کەلتور و هونەر سێ دیوی سێگۆشەیەکن کە دەتوانن داهاتووی ئابوری کرماشان بەرەو گۆڕانکاری ببەن.

پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی دەستی سلێمانی لە 21 تا 25 ی ئایاری 2025 بەڕێوەچوو، کە 137 ژوور لە 31 پارێزگای ئێرانەوە بەشداربوون کە 37 ژووریان لە کرماشانەوە بوون./.