بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، داهاتی ئەم وڵاتە لە مانگی یەک تا مانگی ئایاری 2025، 46 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماری پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2025 ی بڵاوکردووەتەوە، کە دەریدەخات تا ئێستا نەوت سەرچاوەی سەرەکی بودجەی ئەم وڵاتەیە و بڕەکەی گەیشتووەتە لە سەدا 91.

ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەریدەخەن کە کۆی داهاتی عێراق لەم پێنج مانگەدا گەیشتووەتە 46 ترلیۆن و 157 ملیار و 110 ملیۆن و 408 هەزار و 761 دینار.

داهاتی نەوتی عێراق لەم ماوەیەدا 41 ترلیۆن و 930 ملیار و 805 ملیۆن و 332 هەزار دینار بووە و داهاتی نانەوتیش 4 ترلیۆن و 226 ملیار و 305 ملیۆن و 75 هەزار دینار بووە.

لەم ماوەیەدا مووچەی فەرمانبەران گەیشتووەتە 27 ترلیۆن و 653 ملیار و 233 ملیۆن و 819 هەزار دینار و مووچەی خانەنشینانیش گەیشتووەتە 7 ترلیۆن و 953 ملیار و 199 ملیۆن دینار، هاوکات مووچەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیش بە بڕی 2 ترلیۆن و 329 ملیار و 435 ملیۆن و 774 هەزار دینار خەرجکراوە.

کۆی خەرجییەکانی عێراق لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە 43 ترلیۆن و 951 ملیار و 426 ملیۆن و 654 هەزار دینار./.