بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە بەغداوە بڵاویکردەوە، بەشێک لە هۆزە عەرەبەکان لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپە میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە پارێزگای سوەیدا کردووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی میلیشیای عەشایەری لە پارێزگای ئەنبارەوە بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی عەشیرەتی عەرەبی سوریا کە لە سوەیدا شەڕیان دەکرد، لە گەڵ بڕێکی زۆر چەکی سووک و نیمچە قورس ڕەوانەی سوەیدا کراون.
دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا ناچاربوون لە سوەیدا پاشەکشە بکەن، میلیشیا هۆزەکانی عەرەب لە بیابانەکانی سوریا (ناوچەکانی باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) چوونە سوەیدا بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی ئەحمەد شەرع و لە گەڵ هێزەکانی دروز لە ناوچەکەدا پێکدادانیان هەبووە.
ئێستا دەرکەوتووە کە هێزەکانی عێراقیش پەیوەندییان بە میلیشیا هۆزەکانی سوریاوە کردووە، هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەغدا لە ئاست پێشهاتەکانی ناوچە سنورییەکانی ئەنبار لە گەڵ سوریا بێدەنگ بوون.
سەبارەت بەمەش، ڕەعد سولێمان، یەکێک لە شێخەکانی هۆزەکانی ئەنبار، ڕایگەیاندووە کە " هۆزەکانی عەرەب ناتوانن بێدەنگ بن لە بەرامبەر ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات لە لایەن درۆزەکانەوە، گەنجانی هۆزەکانیش ئامادەن کۆببنەوە بۆ پاراستنی شەرەفی عەرەبی و عەشیرەتی خۆیان ". ئەمەش پێدەچێت ئاماژەیەکی تر بێت بۆ بەشداریکردنی میلیشیاکان لە ڕۆژئاوای عێراق لە شەڕەکانی سوەیدا بۆ هاوکاریی هێزەکانی لایەنگرانی ئەحمەد شەرع.
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە جموجووڵەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق بڵاوکراونەتەوە و هێزەکانی حەشدی شەعبیش لەو ناوچانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاتنی تیرۆریستان کە لە لایەن حکومەتی سوریاوە پشتیوانی دەکرێن بۆ ناو عێراق جێگیرکراون.
هەرچەندە بەرپرسانی بەغدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆخی سنورەکانی ڕۆژئاوا لە لایەن یەکینەکانی سوپاوە بە شێوەیەکی بەهێز و زیرەک کۆنترۆڵ دەکرێت و کۆنترۆڵی تەواوەتی هێڵی سنوری لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی یان هەڕەشە بۆ سەر سەروەری وڵات لە کارنامەی کاردایە.
بەم حاڵەشەو چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم هاوکارییە سەربازییەی هۆزەکانی بیابانەکانی سوریا لە گەڵ هۆزەکانی ڕۆژئاوای عێراق لە داهاتوودا بەردەوام بێت و لە ئەگەری پێکدادان یان بارودۆخێکی نوێ لە ناوچەکە لەبری سوەیدا، لە عێراق یان ناوچەی باکوری سوریا بەرامبەر بە هەسەدە بچنە شەڕەوە./.