بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەندین وڵات کە بەشێکیان ئەورووپین، لە کۆتایی کۆنفرانسی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی فەرەنسا و سعوودیە لە نیۆیۆرک ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لە دانیشتنی داهاتووی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە مانگی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوە بچێت، ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەدا هاتووە کە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی چارەسەری دوو دەوڵەتی، هەروەها داوایان لە وڵاتانی دیکەی جیهان کردووە کە تا ئێستا دانیان بە فەڵەستیندا نەناوە، بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن.

لەو وڵاتانە دەتوانین ئاماژە بەم ناوانە بدەین: ئۆسترالیا، کەنەدا، فینلەندا، نیوزلەندا، پۆرتۆگال، ئەندۆرا، ماڵتا، سان مارینۆ و لۆکسمبۆرگ، بۆ یەکەمجار نیازی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین ڕاگەیاند و ئەو وڵاتانەی کە مابوونەوە، وەک ئیسلەندا، ئێرلەندا و ئیسپانیا کە پێشتر دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، جەختیان لە بەردەوامی جووڵەی خۆیان بەو ئاراستەیە کردەوە.

لە بەیاننامەیەکی جیادا، ڕۆبێرت ئابێلا، سەرۆک وەزیرانی ماڵتا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە فەرمی دان بە فەڵەستیندا دەنێت. ناوبراو جەختی لە سەر پابەندبوونی ماڵتا بۆ پشتیوانیکردنی چارەسەری سیاسی هەمەلایەنە بۆ ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل کردەوە.

پێشتریش فەرەنسا و بەریتانیا خواستی خۆیان بۆ بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین ڕاگەیاندبوو./.