بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڕیارە ستیڤ ڤیتکاف نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە سەردانێک بگاتە غەززەش. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی قوربانییانی کارەساتی مرۆیی غەززە بە هۆی گەمارۆکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانی ئەمریکا زیاتر بووە.

بەرپرسێکی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ستیڤ ڤیتکاف نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە گەڵ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە کۆبووەتەوە و گەیشتووەتە ڕێکەوتن.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتنەکەی ڤیتکاف و نتانیاهۆ چوارچێوەیەک بۆ ئاگربەست بە ئامانجی ئازادکردنی سەرجەم دیلە زایۆنیستەکان، داماڵینی چەکی حەماس و هاوکاری ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ زیاترکردنی ناردنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ غەززە تەنانەت لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان لەخۆدەگرێت.

بڕیارە ڤیتکاف ئەمڕۆ هەینی بە سەردانێک بگاتە غەززە. یەکەم سەردانی ناوبراو لە کانوونی دووەمی ڕابردوو و لە میانەی ئاگربەستی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و حەماسدا بووە./.