بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعد بن عاتف ئەلعەولەقی لە یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی خۆی لەو کاتەوە کە سەرکردایەتی باڵی قاعیدەی لە یەمەن لە ئەستۆ گرتووە، داوای لە وەفادارانی ڕێکخراوەکە کە بە شێوازی تاکەکەسی مامەڵە دەکەن، کردووە کە سەرکردەکانی ناوچەکە بە هۆی شەڕی غەززەوە تیرۆر بکەن. لە وتارە ڤیدیۆییەکەی ناوبراودا چەندین وێنە لە سەرۆک کۆمار، جێگری سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری ئەمریکا و ئیلۆن مەسک هەیە. هەروەها وێنەی لۆگۆی کۆمپانیاکانی ئیلۆن مەسک وەک کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا نمایش کراون.
ئەلعەولەقی ڕایگەیاندووە کە لە دوای ئەوەی لە غەززە ڕوویداوە، هیچ هێڵێکی سوور نەماوە و تۆڵەسەندنەوە بووەتە مافێکی ڕەوا.
شەش ساڵ بەر لە ئێستا حکومەتی ئەمریکا 6 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی سەعد ئەلعەولەقی دیاریکرد.
ئەلعەولەقی ناسراو بە ئەبولەیس، پێنجەمین سەرکردەی قاعیدەیە لە یەمەن کە وەک جێگرەوەی خالید بن عومەر باتەرفی دەستنیشان کراوە./.