بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ عەبدوڵڵا بن زاید جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکانی وەک سیاسی، ئابوری و بازرگانی، جەختی لە سەر گرنگی کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم دەفرایەتییەکانی بەردەست بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.
لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت دۆخی فەڵەستینی داگیرکراو تاوتوێ کرا.
عێراقچی بە وەبیرهێنانەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، جەختی لە سەر پێویستی ووشیاری وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر پیلانەکانی ئەو ڕژێمە بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە کردەوە./.