بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە مەبەست لە گەشتەکەی ڤیتکاف، سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک و داڕشتنی پلانێکە بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان. ڤیتکاف و هاکابی ڕاستەوخۆ گوێ لە دانیشتوانی غەززە دەگرن و ڕاپۆرتێک لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە پێشکەش بە ترەمپ دەکەن بۆ ئەوەی پلانی کۆتایی بۆ دابەشکردنی خۆراک بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

بەڵام ئەم سەردانە هاوکات بوو لە گەڵ شەهیدبوونی 17 فەڵەستینی بە تەقەی سوپای داگیرکەر کە 6 کەسیان مەدەنی بوون کە لە ڕیزدا بوون بۆ وەرگرتنی یارمەتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە کوشتار و سیاسەتی برسێتی کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە کەرتی غەززە جێبەجێی کراوە، بەردەوامە.

هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی ڤیتکاف بۆ ڕەفەح، "ڕەیان ئەلفەقعاوی" منداڵێکی فەڵەستینی، لە ناوەندێکی وەرگرتنی هاوکاری لە ڕۆژئاوای ڕەفەح کە دەکەوێتە باشوری کەرتی غەززە، لە لایەن قەناس بەدەستێکی سوپای داگیرکەرەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

حەماس: گەشتەکەی ڤیتکاف هەنگاوێکی نمایشی و پڕوپاگەندەییە بۆ گەڕاندنەوەی ڕواڵەتی حکومەتی ئەمریکا

عیزەت ئەلڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس جەختی لەوە کردەوە کە گەشتەکەی ڤیتکاف هەنگاوێکی نمایشکاری و پڕوپاگەندەییە بۆ گەڕاندنەوەی ڕواڵەتی حکومەتی ئەمریکا. نوێنەری ئەمریکا لە چاوی ڕژێمی زایۆنیستییەوە سەیری کارەساتی غەززە دەکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دانپێدانانی ئەمریکییەکان بە برسێتیەکەی غەززە بە بێ لێپرسینەوە لە گەڵ بەرپرسانی ئەم کارەساتە لە ڕاستیدا " بێبەریکردنی تاوانبارانە ".

ئەلڕەشق هۆشداریشیدا لەوەی کە دامەزراوەی غەززە بە هەماهەنگی لە گەڵ سوپای داگیرکەر بووەتە بەرگێک بۆ برسیکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیل.

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فەڵەستین پەیامێکیان بۆ ستیڤ ڤیتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نارد و داوایان کرد سەردانی غەززە بکات بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناخۆشی مرۆیی و گوشارخستنە سەر داگیرکەران بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی.

لە پەیامەکەیاندا بۆ ڤیتکاف، ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان داوایان لێکرد سەردانی نەخۆشخانەکانی غەززە بکات کە بەشێکیان چالاکییەکانیان دەستپێکردووەتەوە و بە چاوی خۆی کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و کەمی کارمەندانی مرۆیی و تەکنیکی لەو نەخۆشخانەیانە ببینێت.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەختیان لەوە کردەوە کە بە توندی دژایەتی هەر سەردانێک دەکەن کە تەنیا ئامانجی گەڕاندنەوەی ڕواڵەتی داگیرکەران بێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئاماژەیان بەوەشکرد کە لانیکەم 1200 فەڵەستینی لە بەردەم ناوەندەکانی فریاگوزاری کە لە لایەن دامەزراوەی غەززە بەڕێوەدەبرێن، کوژراون./.