بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دەروازەی سنوریی حاجی ئۆمەران، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی تێچووی خزمەتگوزاری پێشوازییان لە زیارەتکارانی ئێرانی لە ئەستۆ گرتووە. لە دەروازەی سنوریی باشماخیش سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو تێچووەی لە ئەستۆ گرتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لێژنەیەکی باڵای لە دەروازەی سنوریی حاجی ئۆمەران پێکهێناوە کە نوێنەرانی چەندین وەزارەت وەک ناوخۆ، گواستنەوە، دارایی و تەندرووستی لەخۆدەگرێت.

مەسعود باتیلی سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاندووە کە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە 30 تەمموزەوە دەستیپێکردووە و چوار وێستگەی تایبەت بۆ پێشوازی لەوان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەو وەزارەتانە دابین کراوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ژمارەی شوێنەکانی پشکنینی پاسپۆرت لە دەروازە سنورییەکان زیاتر بووە و لە یەک کاتدا پاسپۆرتی 57 زیارەتکار وەردەگیرێت و مۆر دەکرێت.

باتیلی هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ چوارەم ساڵی بەردەوام بە شێوازی شەو و ڕۆژ خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیارەتکاران دەکات و وێستگەی پشوودانی بە تەواوی پێداویستییەکانەوە وەک خواردنەوە، چا، ئاو، فێنککەرەوە و ئینتەرنێتی خۆڕایی بۆ ئەوان دابین کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەزار و 500 پاس ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر و بەپێچەوانەشەوە بەخۆڕایی، تێچووی ئەویش لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەروەها تیمە پزیشکییە فریاگوزارییە هاوبەشەکانی هێزە جیاوازەکان، بە هاوکاری وەزارەتی تەندرووستی، 24 کاتژمێر لە ئامادەباشیدان.

لە دەروازەی باشماخ لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران تەواو بووە و لە ڕۆژی دووشەممەوە گەیشتنیان دەستپێدەکات.

بەرپرسێک ڕایگەیاندووە کە ژمارەی شوێنەکانی چوونە ژوورەوە زیاد کراوە و شوێنەکانی پشوودان لە ڕێگای سلێمانی دەستنیشان کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە باشماخ پێشکەش دەکرێن لە سەر حیسابی شەخسی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت کە بەڵێنی داوە هەموو پێداویستییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران دابین بکات./.