بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق ڕایگەیاند، نەخشەڕێگایەکی 10 ساڵەی بە هاوکاری لە گەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕی ئیسپانی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئەم کەرتە، لەوانەش شوێنە سەرنجڕاکێشە دێرین و ڕۆشنبیری و ئاینییەکا ئامادە کردووە.
ناسر غانم موراد، سەرۆکی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق ڕایگەیاند: ئەم ڕێکخراوە بە هاوکاری کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ئیسپانی، ستراتیژێکی گشتگیریان داڕشتووە کە دیدێکی تەواو بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری وڵات لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا دابین دەکات. ئەم ستراتیژە لە ڕاستیدا لە سەر بنەمای داتای تەکنیکی و تایبەتمەند و زانیاریی پێشکەشکراو لە لایەن ڕێکخراوی گەشتیارییەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانە و بەدەستهێنانی ئەنجامە بەرجەستەکراوەکان ئامادەکراوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە توانای گەشتیاری ناوازەی عێراق کە شوێنەوارە دێرینەکان و میراتی کەلتوری و شوێنە ئایینیەکان لەخۆدەگرێت، جەختی لە سەر پێویستی پەرەپێدانی ژێرخانی ئەو ناوچانە کردەوە و وتی: ئامانج لەم ڕێکارانە زیادکردنی داهاتی ئابوری و گۆڕینی گەشتیارییە بۆ سەرچاوەیەکی بەردەوامی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەو بەرپرسە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوی گەشتیاری بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لەم کەرتە، پاڵپشتیکردنیشی بریتی دەبێت لە بەشداریکردن لە بۆنە نێودەوڵەتییەکانی وەک بازاڕی گەشتیاری نێودەوڵەتی لەندەن کە وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی عێراق و ڕاکێشانی گەشتیاران بەتایبەتی لە بوارە ڕۆشنبیری و میرات و ئاینییەکاندا کار دەکات.
ناسر غانم موراد جەختی لە هاوکاری لە گەڵ دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەشتیاران و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتووچۆیان لە ناوخۆی وڵاتدا کردەوە و وتی: ئەم ڕێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ چەسپاندنی وێنەی عێراق وەک شوێنێکی سەلامەتی گەشتیاری و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە سەر نەخشەی گەشتیاری هەرێمی و نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەشدا: بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەبردنی بە شێوەیەکی باشی خزمەتگوزاری گەشتیاری لە کاتی ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا، ئەم ڕێکخراوه پلانێکی خۆپارێزی داڕشتوه، لەوانەش دامەزراندنی نووسینگەی فەرمی لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی بەسرە و کەرکوک، بە هەماهەنگی لە گەڵ بەڕێوەبەری گەشتیاری لەو پارێزگایانە، بۆ ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی هاتنە ژوورەوە و دەرەوەی سەرنشینان لە ڕێگەی سنورە ئاسمانی و وشکانییەکانەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەربەعین کرد و وتی: ئەم ڕێکخراوە هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەم بۆنەیە کۆکردووەتەوە، لەوانەش کاراکردنی سیستەمی ڤیزەی ئەلیکترۆنی بۆ ئاسانکاری هاتنە ژوورەوەی زیارەتکارانی وڵاتانی جیاواز و زیادکردنی ژمارەی فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی گەشتیاری لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بۆ خێراترکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالیتییان./.