بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان ئەمرۆ چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لە گەڵ ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، جەختی لە سەر یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و وتی: ئەو کارەساتانەی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە کەرتی غەززە ڕوویانداوە، بۆ هیچ مرۆڤێکی ئازادیخواز قبووڵکراو نییە و هیواداریم وڵاتانی ئیسلامی بە دیپلۆماسی چالاک و گوشاری دیپلۆماتیک ڕێگری لە بەردەوامی ئەم تاوانانە بکەن.

ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بەرگری لە مافی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین دەکات و وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش دەبێت هەڵوێستێکی بەهێز و چالاکتریان بۆ پشتیوانی لەم خەڵکە هەبێت.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە شەڕی 12 ڕۆژە سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: تاوانی ئێمە ئەوەیە کە بەرگری لە مافی گەلی فەڵەستین دەکەین و ڕقمان لەو زوڵم و ستەمەیە کە بەرامبەر بەوان دەکرێت، ستەمکارانی جیهان ئەمە بە تاوان دەزانن و بۆ ئەمەش گوشار دەخەنە سەر ئێمە./.