بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر جەواد کەجوری پسپۆڕی دڵ و خوێنبەرەکان، سەبارەت به پەیوەندی نێوان وەرزش و تەندرووستی دڵ ڕایگەیاند: وەرزش لە هەموو حاڵەتێکدا تەمەن درێژ دەکات، هەم لە کەسانی تەندرووست و هەم ئەوانەی نەشتەرگەری دڵیان بۆ کراوە بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ.

لە هەر ئاستێکی ئامادەیی جەستەییدا، وەرزش نەک تەنیا ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەهێزکردنی هێز و خۆڕاگری جەستە دەگێڕێت، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ درووست بکات کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی کێشەکانی دڵ.

ناوبراو سەبارەت بە کاریگەری گرنگی وەرزش گوتی: وەرزش ڕاستەوخۆ یارمەتیدەرە بۆ ڕێگرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ و مەترسی جەڵتەی دڵ کەم دەکاتەوە بە بەهێزکردنی ماسولکەکانی دڵ و دابەزاندنی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆل. دڵی مرۆڤ وەک ئەندامێک بەردەوام چالاکە و هەتا باری جەستەیی باشتر بێت ئەم ئەندامە دەتوانێت کارەکانی خۆی بە شێوەیەکی کاریگەرتر و تەندرووستتر ئەنجام بدات.

ئەم پسپۆڕە ڕایگەیاند: شێوازی ژیانی بێ جووڵە یەکێکە لە پێنج هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسی بۆ بەرزی پەستانی خوێن، ئاستی نائاسایی چەوری خوێن، شەکرە، جگەرەکێشان و قەڵەوی و هەروەها  بۆ نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان. بۆیە وەرزشی ڕێک و پێک کاریگەری ئەرێنی لەسەر زۆر هۆکاری مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ هەیە.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: تێکەڵەیەک لە ڕاهێنانی سووک و ڕاهێنانی هێز بە باشترین وەرزش دادەنرێت بۆ تەندرووستی دڵ. ڕاهێنانی سووک وەک پیاسەکردن و ڕاکردن. لە ڕاهێنانی هێزیش دەتوانین ئاماژە بە بەرزکردنەوەی قورسایی بکەین./.