بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەشرەف پاتێل، شارەزای نێودەوڵەتی لە کاروباری ئابوری، بە ئاماژە بە باجەکانی ئەمریکا لە دژی بەرازیل و داوای لۆلا داسیلڤا سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ڕاوێژکردن لە گەڵ ئەندامانی برێکس، ڕایگەیاند کە برێکس هەمیشە هەوڵی درووستکردنی بژاردەی لە بواری پەرەپێدان و چاکسازی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا داوە، بەڵام قەبارە و پانتایی سیاسەتە وێرانکەرەکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ئەوەندە خێرا بووە کە برێکس هێزێکی نوێی بەدەستهێناوە.

بە وتەی ئەو توێژەرەی دامەزراوەی ئەفریقای باشور بۆ وتووێژی جیهانی، لێدوانەکانی لۆلا ئاماژەن بۆ " هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەتر " بەرەو یەکێتی برێکس لە ناوەڕاستی شەڕە بازرگانییەکانی ئەمریکا لە گەڵ جیهان؛ پرسێک کە بەرازیل و ئەفریقای باشور و هیندستانی خستووەتە " خەتی ئاگر "ی سەرۆکی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە، سەرەڕای پەیوەندییە گەرمەکانیان لە گەڵ واشنتن.

پاتێل ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس بۆ ملکەچبوون، بووەتە هەڵەیەکی ستراتیژی. ڕاشیگەیاند کە " سەپاندنی باج بە سەر هاوپەیمانێکی وەک هیندستان و ئەو ڕاستییەی کە سەرۆک وەزیران نارێندرا مودی سەردانی چین دەکات بەم زووانە ئەوە دەردەخات کە گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی چەندە خێرایە و یەکگرتوویی برێکس چەندە بەهێزە ."

لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەرزکردنەوەی باجەکانی ئەمریکا لە سەر کاڵای بەرازیلی بۆ لە سەدا 50، لۆیز لۆلا داسیلڤا، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە بەنیازی دانوستان لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نییە.

لۆلا لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە هەر دانوستانێک لە گەڵ ترەمپ لەم کاتەدا " ڕیسواکەر " دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ناچێتە پێشەوە تا ئەو کاتەی هەست نەکات ترەمپ ئامادەیە بۆ قسەکردن.

لۆلا پەیوەندییەکانی ئێستای ئەمریکا و بەرازیلی بە خراپترین پەیوەندی لە ماوەی 200 ساڵی ڕابردوودا وەسفکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ باجەکانی بە دادگاییکردنی ژائیر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی ڕاستڕەوی بەرازیلەوە بەستەوە. سەرۆکی بەرازیل ئاماژەی بەوەشکرد کە دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی بە هۆی گوشاری دەرەکییەوە ناجوڵێت، هەروەها بۆلسۆنارۆی بە " خائین بۆ نیشتمان " ناو برد.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکردبوو کە باجی بازرگانی لە سەر ژمارەیەک وڵاتی ئەندام لە گرووپی برێکس زیاد دەکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەدا 25 باجی بە سەر هیندستاندا سەپاندووە، هەروەها باج لە سەر هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری لە بەرازیلەوە بۆ لە سەدا 50 بەرزکراوەتەوە.

سەرهەڵدانی گرووپی برێکس وەک هاوپەیمانییەکی ئابوری و جیۆپۆلەتیکی وڵاتانی گەورە و گەشەسەندوو، لەوانەش چین، ڕووسیا، هیندستان، ئێران، بەرازیل و ئەفریقای باشور، بووەتە تەحەدای نوێ بۆ نەزمی ئابوری جیهانی بە سەرکردایەتی ڕۆژئاوا لە ساڵانی ڕابردوودا. گەشەسەندنی بەردەوامی ئابوریی ئەم وڵاتانە و هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆبوون لە پێکهاتەکانی باڵادەستی ئەمریکا، نیگەرانییەکی ئاشکرای حکومەتی واشنتنی لێکەوتووەتەوە، نیگەرانییەک کە بە ڕوونی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی 2025 ەوە.

شارەزایانی سیاسی و ئابوری پێیان وایە دوای ئەوەی ترەمپ گرووپی برێکسی بە گرووپێکی " دژە ئەمریکی " ناوبرد و هەڕەشەی سەپاندنی باجی لە سەدا 100 ی کرد بە سەر وڵاتانی ئەندامی ئەم گرووپە، لەوانەش بەرازیل، پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە ئابورییە بەهێزتر دەبێت و هاوکاری نێوانیان چڕتر دەبێتەوە./.