بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا نێودەوڵەتییەکان هەواڵی ڕێکەوتنێکی مێژوویی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجانیان بڵاوکردەوە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمریکاوە ناوبژیوانی کرا و بە پێی ئەو ڕێکەوتنە واشنتن بۆ ماوەی 99 ساڵ کۆنترۆڵی ڕێڕەوێکی ستراتیژیی ترانزێت لە خاکی ئەرمینیادا دەکات؛ هەنگاوێک کە شیکەرەوە نێودەوڵەتییەکان وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی جیۆپۆلەتیکی قەوقازی باشور و نەهێشتنی ڕکابەرە ناوچەییەکانی وەک ئێران و ڕووسیا ناوی دەبەن.

واشنتن بۆ ماوەی 99 ساڵ کۆنتڕۆڵی ڕێڕەوی زەنگەزۆر دەکات

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە میدیا ڕۆژئاواییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ئەرمینیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی مافی پەرەپێدانی ڕێڕەوی ترانزێت بە درێژایی 43 کیلۆمەتر بە ئەمریکا بدات.

سی بی ئێس نیوز ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە، ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیش نووسیویەتی کە پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێڕەوی ترانزێتە لە کۆتاییدا هێڵی شەمەندەفەر و بۆری نەوت و غاز و هەروەها کێبڵی فایبەر ئۆپتیک بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی کاڵا و خەڵک لەخۆبگرێت.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە درووستکردنی ئەم پرۆژەیە لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە پارەی بۆ دابین ناکرێت، بەڵکوو لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە دابین دەکرێت.

هاوکات ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکا، وردەکاری زیاتری ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەرمینیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لە سەر پێدانی مافە تایبەتەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوی زەنگەزور بۆ ماوەی 99 ساڵ، ئەمریکا زەوییەکە بە کرێ دەدات بە کۆنسۆرسیۆمێک بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسن، نەوت، غاز، فایبەر ئۆپتیک و ئەگەری هەیە هێڵی گواستنەوەی کارەباش لەخۆبگرێت.

قازانجی ملیار دۆلاریی ئەمریکا و هەوڵی نەهێشتنی ئێران، ڕووسیا و چین لەم ڕێڕەوەدا

پێگەی ئەکسیۆس وردەکاریی زیاتری خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە کە ئەرمینیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لە سەر ڕێگەدان بە ڕێڕەوێکی 43.5 کیلۆمەتری لە خاکەکەیدا کە لە لایەن ئەمریکاوە پەرەی پێبدرێت و ناوی لێنراوە " رێگای ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی ".

ئەکسیۆس بە ئاماژە بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی واشنتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکییەکان ساڵانە بە ملیارەها دۆلار سوودمەند دەبن لەم ڕێگا بازرگانییە نوێیە و ڕووسیا، ئێران و چین کاریگەرییان لە ناوچەیەکدا کە بە هی خۆیان دەزانن لەدەستدەدەن.

ئیمتیازاتەکانی واشنتن بۆ ئەرمینیا و ئازەربایجان لەم پرۆژەیەدا

بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی ئەکسیۆس، ئیدارەی ترەمپ بە نیکۆل پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیای ڕاگەیاندووە، ئەگەر ڕێگە بە ئەمریکا بدات پەرە بە ڕێڕەوەکە بدات، واشنتن وەک " دۆست و قەڵایەکی بەهێز لە دژی دەستدرێژی زیاتری کۆماری ئازەربایجان " دەبینێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، پۆلیتیکۆ ڕایگەیاندووە کە ئازەربایجان جگە لە گەیشتن بە نەخجەوان بە بێ بەربەست، ئیمتیازاتی بەرچاویش لە واشنتن وەردەگرێت. بە تایبەت ئەمریکا بە هەڵوەشاندنەوەی " هەمواری 907 " کە هاوکاری سەربازی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەی قەدەغە دەکرد، سنوردارکردنەکانی هاوکاری بەرگری لە گەڵ باکۆ لادەبات.

هەرچەندە سەرۆکەکانی ئەمریکا دوای ڕووداوەکانی 11 ی ئەیلول ئەم یاسایەیان هەڵپەسارد، بەڵام بەردەوامبوونی لە سندوقی ئامرازەکانی واشنتن هەمیشە بووە هۆی ناڕەزایی ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان.

پشتەوەی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا و ڕۆڵی تورکیا

پڕۆسەی گەیشتن بەم ڕێکەوتنە لە مانگی ئازاردا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراوی ستیڤ ڤیتکاف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لە مۆسکۆوە بۆ باکۆ دەستیپێکرد.

ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە کە پێشنیاری سەرەتایی لە حکومەتی قەتەرەوە هاتووە. دوای گەشتەکەی بۆ باکۆ، ڤیتکاف دۆسیەکەی ڕادەستی ئەندامێکی تیمەکەی کرد بە ناوی ئاریە لانگستۆن کە هاوکارێکی نزیک بوو لە جارد کۆشنەر زاوای ترەمپ. لانگستۆن پێنج جار گەشتی بۆ ناوچەکە کردووە، لەنێویاندا بۆ ئەرمینیا.

هاوکات، تەلەفزیۆنی حکومیی تورکیا (TRT) ڕایگەیاندووە، ئەنکەرە ڕۆڵێکی سەرەکی بەڵام بێدەنگی لە ڕێکەوتنەکەدا گێڕاوە.

ڕاشیگەیاندووە کە تورکیا بێدەنگ بووە بەڵام ڕۆڵی ستراتیژیی لە پێشخستنی دانوستان لە نێوان لایەنەکاندا بینیوە. بەرپرسانی تورکیا لەوانەش ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندییان لە گەڵ ئازەربایجان و ئەرمینیا هەبووە./.