بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا بەریتانییەکان بە وردی باسی ئەوەیان کردووە کە واشنتن پلانێکی چوار قۆناغی پێشکەش بە حکومەتی لوبنان کردووە بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا تا کۆتایی ئەمساڵ، کە بریتییە لە وەستاندنی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و کشانەوەی هێزەکانی لە پێنج پێگەی باشوری لوبنان.

میدیا بەریتانییەکان ڕایانگەیاندووە کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی  کۆبوونەوەی کابینەی لوبنان کە پێداچوونەوەی بۆ کردووە، ئەمریکا پێشنیارێکی پێشکەش بە لوبنان کردووە بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا تا کۆتایی ئەمساڵ.

هەروەها پلانەکە ڕاگرتنی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە لوبنان و کشانەوەی هێزەکانی لە پێنج پێگەی باشوری ئەم وڵاتە لەخۆدەگرێت.

ئەو پلانە لە لایەن تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا پێشکەشکرا کە هاوکات وەک نێردەی تایبەت بۆ لوبنان کاری کردووە، لە کۆبوونەوەی کابینەی لوبنان تاوتوێ کرا و وردترین هەنگاوەکانی تا ئێستا بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵای لوبنان لەخۆدەگرێت، هەرچەندە بزوتنەوەکە زیادبوونی بانگەوازەکانی چەکداماڵین لە دوای شەڕی وێرانکەری ساڵی ڕابردوو لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتکردووەتەوە.

پۆڵ مارقس، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە حکومەت تەنیا ئامانجەکانی پلانەکەی باراکی پەسەند کردووە و بە تەواوی تاوتوێی نەکردووە.

مارقس وتی: ئێمە نەچووینە ناو وردەکارییەکان یان بەشە جیاوازەکانی پێشنیازی ئەمریکاوە، وتووێژ و بڕیارەکەمان تەنیا لە ئامانجەکانیدا سنوردار بوو.

ئامانجەکانی ئەم پێشنیازەی ئەمەریکا بریتین لە نەهێشتنی وردە وردەی ئامادەبوونی چەکداری ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، لەوانەش حزبوڵڵا، جێگیرکردنی هێزەکانی لوبنان لە ناوچە سەرەکییە سنورییەکان و ناوخۆییەکان، مسۆگەرکردنی کشانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێنج خاڵەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی دیلەکان لە ڕێگەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ و دیاریکردنی هەمیشەیی سنورەکانی لوبنان لە گەڵ ناوچە داگیرکراوەکان و سوریا.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لە سەر ئەو بابەتە بدات و وەزارەتی شەڕی ئەو ڕژێمەش تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکی بۆ ڕوونکردنەوە نەداوەتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لە سەر ئەو پێشنیازە نەداوە، بەڵام سێ سەرچاوەی سیاسی بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، وەزیرانی حزبوڵڵا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هاتنە دەرەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازە.

سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵی داماڵینی چەکی حزبوڵڵا دەدرێت، بڕیاری کۆتایی لە دەستی حزبوڵڵادایە.

عێراقچی وتی: ئێمە وەک لایەنگرێک مامەڵە دەکەین بەڵام دەستێوەردان لە بڕیاردانیان ناکەین.

میدیاکانی بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە پێشنیازی ئەمەریکا ئامانجی " درێژکردنەوە و چەسپاندنی " ڕێکەوتننامەی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ڕژێمی زایۆنیستییە کە لە مانگی تشرینی دووەمدا بە نێوەندگیری ئەنجامدرا.

چوار قۆناغی پلانەکە

لە پلانەکەدا هاتووە "  بەپەلەیی ئەم پێشنیازە بە هۆی زیادبوونی ژمارەی سکاڵاکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستی ئێستا، لەوانەش هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە سنوربەزێنەکان کە مەترسی تێکدانی سەقامگیری دۆخە ناسکەکە دەکەن، جەختی لەسەر دەکرێتەوە ".

ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە " قۆناغی یەکەمی پلانەکە داوا لە حکومەتی بەیروت دەکات لە ماوەی 15 ڕۆژدا فەرمانێک دەربکات و پابەند بێت بە داماڵینی چەکداماڵینی تەواوەتی حزبوڵڵا تا 31 ی کانوونی دووەمی 2025. لەم قۆناغەشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی ڕادەگرێت.

قۆناغی دووەم داوا لە لوبنان دەکات کە لە ماوەی 60 ڕۆژدا پلانی داماڵینی چەک لە گەڵ پەسەندکردنی " پلانی جێگیرکردنی ورد (بۆ سوپای لوبنان) بۆ پاڵپشتیکردنی بەرنامەی هێنانە ژێر کۆنترۆڵی هەموو چەکەکان " جێبەجێ بکات، ئەم پلانە ئامانجەکانی داماڵینی چەک دیاری دەکات.

لە قۆناغی دووەمدا ڕژێمی زایۆنیستی لە پێگەکانی خۆی لە باشوری لوبنان دەست بە کشانەوە دەکات و بە هاوئاهەنگی لە گەڵ کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور، زیندانیانی لوبنانی کە لە لایەن ئەو ڕژێمەوە دەستبەسەر کراون، ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی سێهەمیشدا ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 90 ڕۆژدا لە دوو خاڵی کۆتایی لە پێنج خاڵی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکشێتەوە و پارەی پێویست بۆ دەستپێکردنی پاککردنەوەی پاشماوەکانی لوبنان و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاوەدانکردنەوە دابین دەکرێت.

لە قۆناغی چوارەمدا، لە ماوەی 120 ڕۆژدا، دەبێت ئەو چەک و چەکە قورسانەی حزبوڵڵا کە ماونەتەوە، لەوانەش مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوببرێن.

لەم قۆناغەدا ئەمریکا، سعودیە، فەرەنسا، قەتەر و وڵاتانی دۆستی دیکە کۆنفرانسێکی ئابوری سازدەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و ئەوەی کە بە " بەدیهێنانی دیدگای دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕانەوەی لوبنان بۆ وڵاتێکی ئاوەدان " بانگەشەی بۆ دەکرێت.

بڕیارەکەی حکومەتی لوبنان و وەڵامی حزبوڵڵا

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی ئەرکی داڕشتنی پلانێکی بۆ قۆرخکردنی چەک پێش کۆتایی ئەمساڵی پێسپێردراوە.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند، پێداچوونەوە بە پێشنیازی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە تەواو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش کۆتایی ئەمساڵ، فەرمان بە سوپا کراوە پلانی جێبەجێکردن بۆ قۆرخکاریی چەک دابڕێژێت.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند کە فەرمانی بە سوپای لوبنان دراوە کە پێش 31 ی ئاب پلانی پێشنیارکراوی لوبنان پێشکەشی حکومەت بکات.

لە بەیاننامەیەکدا لە وەڵامی ئەو هەنگاوەدا، حزبوڵڵا ڕایگەیاند: حکومەتی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان هەڵەیەکی گەورەی کرد لە بڕیاری داماڵینی چەکەکانی لوبنان لە چەکی خۆڕاگریی دژ بە دوژمنی زایۆنیستی، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەسەڵات و پێگەی لوبنان لە بەرامبەر بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە و ئەمریکا و ئەوەی کە تەلئەبیب لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر لوبنان نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ئێستا بەدەست دەهێنێت.

لە بەیاننامەکەی حزبوڵڵادا هاتووە کە " ئەم بڕیارە پێشێلکارییەکی ڕوون و دژایەتیکردنی بەیاننامەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتە کە لە بڕگەی پێنجەمیدا هاتووە حکومەت بە پشتبەستن بە میساقی ڕێکەوتنی نیشتمانی لە ڕێکەوتنی تایفدا، پابەندە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕزگارکردنی هەموو خاکی لوبنان لە ژێر داگیرکاری ئیسرائیل و درێژکردنەوەی سەروەری بە سەر هەموو خاکەکەیدا و بڵاوکردنەوەی سوپای لوبنان لە ساڵی داهاتوودا لە ناوچە سنورییەکاندا. پاراستنی دەسەڵات و چەکی خۆڕاگری بە گوێرەی دەسەڵاتی لوبنان یەکێک لە کردەوە پێویستەکانە. هەوڵدان بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی لوبنان بە چەکدارکردنی سوپا و بەهێزکردنی بۆ دەرکردنی دوژمنی زایۆنیستی لە خاکی لوبنان یەکێک لە ڕێوشوێنە پێویستەکانە ".

لە ڕاگەێندراوەکەی حزبوڵای لوبناندا هاتووە " ئەم بڕیارە دەرئەنجامی خۆسەپاندنەکانی تۆم باراک نێردەی ئەمریکایە، ئەم بڕیارە بە تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەدی دێنێت و لوبنان دەخاتە بەردەم دوژمنایەتی ئەو ڕژێمە بە بێ هیچ ڕێگرییەک ".

لە ڕاگەێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە " کشانەوەی وەزیرەکانی حزبوڵڵا و بزوتنەوەی ئەمەل لە کۆبوونەوەکە دژایەتی بۆ ئەم بڕیارە دەردەبڕێت و دژایەتی خۆڕاگری و دژایەتی جەماوەری بەربڵاوی بڕیاری تەسلیم کردنی لوبنان بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و داگیرکاریی ئیسرائیل پیشان دەدات. ئەم کارە سەروەری لوبنان لەناو دەبات و ئیسرائیل ئازاد دەکات بۆ یاریکردن بە ئاسایش و خاکی لوبنان سیاسەت، و داهاتووەکەی ".

حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە کە " ئێمە ئامادەین دانوستان بۆ کۆتایی هێنان بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ئازادکردنی خاکەکەمان و ئازادکردنی زیندانییەکان و هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ئامادەین پێداچوونەوە بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیدا بکەین ".

ڕاشیگەیاندووە کە " سەرەتا دەبێت ڕێکەوتن لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت و حکومەتی لوبنان هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕزگارکردنی تەواوی خاکەکەی لە ژێر داگیرکاریدا "./.