بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پێگەی میدل ئیست ئای یان ڕاگەیاندووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا لە سەر چۆڵکردنی تەواوی کەمپی مەخمور گەیشتوونەتە ڕێکەوتن. ئەم کەمپە کە بە لای تورکیاوە بنکەیەکی پەکەکەیە، تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ چۆڵ دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییانەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیادا دەکرێت.

بڕیارە بەشێک لە دانیشتووانی کەمپی مەخمور لە ناوخۆی عێراقدا نیشتەجێ بکرێن و بەشێکی دیکەی ئەوان ڕەوانەی تورکیا بکرێنەوە. ئەوانەی سەر بە پەکەکەن و هیچ تاوانێکیان نەکردووە، دەتوانن بە شێوازی کاتی بۆ تورکیا بگەڕێنەوە.

کەمپی مەخمور لە دەیەی 1990 دا کراوەتەوە و بە پێی هەندێک ئاماری نافەرمی، زیاتر لە 12 هەزار کەسی لە کوردانی تورکیا شوێنکردووەتەوە. ئەنکەرە ڕایگەیاندووە کە ئەم کەمپە بووەتە شوێنی ڕێکخستن، مەشق و پشتیوانی لە پەکەکە.

چۆڵکردنی کەمپی مەخمور دەتوانێت هەنگاوەکانی داماڵینی چەکی پەکەکە خێراتر بکات و لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی پتەوبوونی سەروەری و زاڵبوونی حکومەتی عێراق بە سەر تەواوی خاکی ئەم وڵاتەدا.

بڕیارە دەزگای هەواڵگری و سوپای تورکیا چاودێری پرۆسەی چۆڵکردنی کەمپی مەخمور بکەن./.