بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر ئەبوو شەریف، نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە تاران، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: دۆخی مرۆیی غەززە زۆر مەترسیدار و کارەساتبارە، گەمارۆی درێژخایەن بووەتە هۆی کەمیی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان بە توندی. ژێرخانی شارەکان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمی ئامێر و فەرمانبەر بوونەتەوە. ژمارەی قوربانییانی مەدەنی زۆر بەرزە و ئامارە فەرمییەکان تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکە پیشان دەدەن.
ناوبراو وتی: سەرەڕای ئەم هەلومەرجە سەختانە، خۆڕاگری و خەڵکی غەززە لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ شکستی داگیرکەران لە گەیشتن بە ئامانجە سەربازی و سیاسییەکانیان.
سەبارەت بە پێویستی بەپەلەی ڕێوشوێنی کردەیی لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی وتی: بێگومان پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا و کردەیی لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە، تەنیا ڕاگەیاندنی هەڵوێستە سیاسییەکان بەس نییە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەبێت بە شێوەیەکی کاریگەر هاوکاری خەڵکی غەززە بکەن بە دابینکردنی ڕێگەی سەلامەت بۆ هاتنە ناوەوەی یارمەتییە پزیشکی و خۆراکییەکان.
ئەبوو شەریف وتی: پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەر ناکۆکییە سیاسییەکاندا زاڵ بێت و هەنگاوی جیدی بگرێتەبەر بۆ دامەزراندنی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە. دواخستنی ئەو ڕێوشوێنانە دەبێتە هۆی خراپترکردنی دۆخی مرۆیی و پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئامادەیی خۆڕاگریی فەڵەستین
ئەبوو شەریف هەروەها لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئایا بە لەبەرچاوگرتنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ناکۆکییەکانی ناو کابینەکەی نتانیاهۆ، پلانی داگیرکردنی غەززە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت؟ وتی: سەرەڕای پشتیوانی ڕوونی ئەمریکا بۆ پلانی داگیرکردنی تەواوەتی غەززە، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا هەیە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەم پلانە، بەتایبەت سەبارەت بە سەلامەتی سەرباز و دیلەکان. لە کاتێکدا نتانیاهۆ و ڕاستی سیاسی لە ژێر فشارێکی زۆردان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، بەڵام سوپای ئیسرائیل پێی باشترە سیاسەتی گەمارۆدان و سنوردارکردنی چوونە ناوەوەی غەززە پەیڕەو بکات.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە خۆڕاگری فەڵەستینیش بە تەواوی ئامادە کراوە و هەلومەرجی مەیدانی دەزانێت بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی داگیرکارییەکی تەواو زۆر قورس و تێچووی زۆر بێت. بۆیە ئەگەری زۆرە ئەم پلانە یان دەستکاریکراو یان بە شێوەیەکی سنوردار جێبەجێ بکرێت، بەڵام خۆڕاگری دەبێتە ڕێگر لەب ەردەم پێشکەوتنەکانیدا.
کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بە توندی دژی پلانی داگیرکردنی غەززە وەستاونەتەوە
نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە تاران سەبارەت بە هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی وەک کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بە توندی دژی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی غەززە وەستاونەتەوە و بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و فاکتەری هەڕەشە لە ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان بە تایبەت لە وڵاتانی دراوسێی وەک میسر و ئەردەنی دەزانن.
ناوبراو وتی: جێبەجێکردنی ئەم پلانە گرژییەکان زیاتر دەکات و خۆڕاگری لە ناوچەکەدا چڕتر دەبێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی دابڕانی نێودەوڵەتیی ڕژێمی زایۆنیستی، هەرچەندە هەڵوێستە فەرمییەکانی عەرەب بەهێزن، بەڵام پێویستی بە یەکڕیزی و کردەوەی جیدیتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کردەیی ڕووبەڕووی ئەم پلانە ببێتەوە.
هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵای لوبنان، سەقامگیری لوبنان و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە
ئەبوو شەریف هەروەها لە شیکردنەوەکانیدا بۆ پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵا کە لە ژێر فشاری ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت، وتی: پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵا بەشێکە لە هەوڵە ناوچەییەکان بۆ لاوازکردنی بەرەی خۆڕاگری کە حزبوڵڵای لوبنان بە توندی ڕەتیکردووەتەوە. خۆڕاگریی لوبنان و زۆربەی بزوتنەوە سیاسی و جەماوەرییەکانی ئەو وڵاتە جەخت لە سەر پێویستی پاراستنی چەکەکانی خۆڕاگری دەکەنەوە.
ئەبوو شەریف لە کۆتاییدا وتی: هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، ڕەنگە ببێتە هۆی کاردانەوەی سیاسی و جەماوەری و تەنانەت سەربازی کە سەقامگیری لوبنان و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. خۆڕاگری یەکگرتووە و پێداگری لە سەر پاراستنی مافی ڕەوای بەرگری لە خۆی دەکات و لە کۆتاییدا ئەم هەوڵانە شکست دەهێنن./.