بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە سووفان (سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی ئەمنییە کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە)، ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە میوانداریی ترەمپ واژۆ کراوە، مافی گەشەپێدانی تایبەت بە ئەمریکا دەدات بۆ ماوەی 99 ساڵ بۆ درووستکردنی ڕێگایەک بە ناوی " ڕێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی " (TRIPP)، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرە بە هێڵی شەمەندەفەر و ژێرخانی گواستنەوەی وزە و هێڵی فایبەر ئۆپتیک دەدات.

ئەم ڕێگایە کە جێگەی چەمکی سەرەتایی " ڕێڕەوی زەنگەزۆر " دەگرێتەوە، وشکانی ئازەربایجان بە نەخجەوانەوە دەبەستێتەوە و وێڕای باشترکردنی پەیوەندی ناوچەیی لە قەوقازی باشور بە بەستنەوەی ڕێگایەکی بەردەوام لە ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا لە ڕێگەی خاکی ئەرمینیاوە و ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ئەورووپا و ڕۆژئاوا، ئێران و ڕووسیا بەدەر دەکات و سنوری وشکانی ئێران لە گەڵ ئەرمینیا دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی ڕێڕەوێکی ترانزێتی ئەمریکاوە کە هاوتەریبە لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی ئازەربایجان و تورکیا، بە شێوەیەکی کاریگەر تاکە خاڵی گەیشتنی دۆستانەی تاران بۆ قەوقازی باشور سنوردار دەکات.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەرمینیا پێشتر پێشنیاری ڕێڕەوی زەنگەزۆری ڕەتکردبووەوە بە پاساوی ئەوەی کە هەر ڕێکەوتنێک دەبێت سەروەری خۆی بپارێزێت و هاوسەنگی مسۆگەر بکات؛ بەو مانایەی کە ئەرمینیا دەبێت کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو بەشەی ڕێگاکە بپارێزێت کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕێت و مافی هاوشێوەی هەبێت بۆ بەکارهێنانی بەشی نەخجەوان بۆ چوونە ناو ناوچەکانی باکوری.

ئەم مەرجانە ساڵانێک بوو ڕێگری لە دانوستانەکان کردبوو، چونکە ئازەربایجان داوای چوونە ژوورەوەی بێ سنوری بۆ نەخجەوان دەکرد و پێشنیاری ئەرمینیای ڕەتکردەوە بۆ کردنەوەی هەموو ڕێگاکانی گواستنەوەی سەردەمی سۆڤییەت، لەوانەش پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا.

باکۆ هەروەها داوایکرد کە ئیروان بەشێک لە دەستوورەکەی هەموار بکاتەوە بۆ لابردنی ئاماژەکان بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ساڵی 1990 و هەر زمانێک کە ئاماژە بە بانگەشەی خاکی هەرێمی قەرەباخ بکات. لە لوتکەی گرژییەکاندا، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر دیپلۆماسی شکستی هێنا، وڵاتەکەی بە زۆر دەست بە سەر ناوچەی زەنگەزۆر/ سیۆنیکدا بگرێت.

ئێستا بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی سووفان، ئەرمینیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لە سەر درووستکردنی ڕێگایەک کە لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی پێشنیاری ڕەسەنی ڕێڕەوی زەنگەزۆر بێت، بەڵام لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش کاریگەری واشنتن لە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی وزەی جیهاندا زیاد دەکات.

ئەم ڕێگایە زیاتر لە بەرژەوەندی تورکیا و کۆماری ئازەربایجاندایە نەک ئەرمینیا و لە کاتێکدایە کە ئیروان دوای دوورکەوتنەوە لە مۆسکۆ خۆی بە بێ هاوپەیمانێکی بەهێزی ناوچەیی دەبینێتەوە.

بۆ باکۆ، پرۆژەکە ئامانجی ستراتیژی لە مێژینەی پەیوەستکردنی وشکانی ڕاستەوخۆ بە نەخجەوان و لە ڕێگەیەوە بۆ تورکیا بەدی دەهێنێت. بۆ ئەنکەرە پەیوەندییەکی فیزیکی بە جەیهانی تورکیاوە لە ناوچەی خەزەردا درووست دەکات، ڕۆڵی خۆی وەک ناوەندێکی ترانزێتی ناوچەیی بەهێز دەکات و کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی خۆی لە باشوری قەوقازدا زیاد دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، لە کاتێکدا تورکیا لە کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپیدا ئامادە نەبوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە دانوستانەکانی پێشتر و ئەم ڕێبازە تەنیا سەرکەوتنێکی ستراتیژی نییە بۆ بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی تورکیا، بەڵکوو ڕۆڵی گەشەسەندنی تورکیا وەک هەژموونێکی ناوچەیی چەسپاندووە، جێگەی ڕووسیا دەگرێتەوە کە لە مێژە ئەو نازناوەی بەدەستەوەیە.

بەڵام بۆ ئیروان لە کاتێکدا ڕێگەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا و بەو هۆیەوە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهانی لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە دابین دەکات کە پێدەچێت تێچووی بازرگانی کەم بکاتەوە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر وەک ڕێڕەوێکی ترانزێت بۆ بازرگانی ئازەربایجان - تورکیا دەمێنێتەوە نەک ناوەندێکی سەرەکی.

ئەرمینیا بە کۆنتڕۆڵی سنوردار بە سەر ئەم ڕێگایەدا و بنکەیەکی بچووکی هەناردەکردن و کەمی دەرفەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەهایەکی بەرچاو لە بازرگانی ترانزێت، کەمتر لە لایەنەکانی دیکە سوودمەند دەبێت و لەبری ئەوە سوودی ستراتیژی دەدات بە دوو ڕکابەرەکەی، کە زۆرجار ئامانجە ناوچەییەکانیان لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەرمینیا ناکۆکە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێگای ترەمپ بۆ ئێرانیش زۆر زیانبەخشە. تاران سنوری خۆی لە گەڵ ئەرمینیا وەک خوێنبەرێکی ژیانی ڕێڕەوی بازرگانی باکور بۆ باشور بۆ ئەورووپا دەبینێت و هەرچەشنە کەمبوونەوەی سەروەری ئەرمینیا بەسەریدا بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی سنوری و کاریگەریی ناوچەیی خۆی دەزانێت.

جگە لەوەش، ئەو ڕێکەوتنەی لە واشنتن کراوە، هەندێک پرس بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵێتەوە و ڕوون نییە کە ئەم ڕێکەوتنە لە دوای کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتی ترەمپ چۆن مسۆگەر دەبێت.

هەروەها تا ئێستا هیچ دەرەنجامێک سەبارەت بە ماف و ئاسایشی ئەرمەنییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەی قەرەباخ نەگەیشتووە و کۆماری ئازەربایجان بەردەوامە لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئەرمینیا و دیلەکانی شەڕ ئەرمینیا لە ژێر دەستی باکۆدا ماونەتەوە./.