بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، مرۆڤ پێویستی بە ڤیتامین جۆراوجۆر هەیە بەپێی تەمەن، جۆری خۆراک، شێوازی
ژیان، باری جەستەیی و ڕەگەز، کە بەزۆری لە ڕێگەی خواردن یان تەواوکەرەکانەوە بەدەست
دەهێنرێت.
منداڵان و هەرزەکاران:
بەگوێرەی شارەزایانی خۆراکی منداڵان، منداڵان بەتایبەتی ئەوانەی
تەمەنیان 6 مانگ بۆ 5 ساڵە دەبێت ڤیتامین و تەواوکەرەکانی ڤیتامین C و A و D بخۆن. بە شێوەیەکی
گشتی، هەرزەکاران لە قۆناغی گەشەکردندا پێویستیان بە ڤیتامین و کانزای جۆراوجۆر هەیە
بۆ ئەوەی گەشەی جەستەیی و دەروونی تەندروستیان هەبێت وەک ڤیتامینەکانی A، D، C، K، و کالسیۆم،
ئاسن و ئۆمێگا 3.
کەسانی بەتەمەن:
ئەگەر کەسانی
بەتەمەن خۆراکی جۆرواجۆر بەکاربهێنن، پێویستیان بە خواردنی تەواوکەر نییە. بەڵام ئەگەر
پشکنینی خوێن دەریخست کە پێویستیان بە هەندێک ڤیتامین و کانزای وەک D، B12 و ئاسن هەیە،
ئەوا دەبێت تەواوکەرە پێویستەکان وەربگرن. ئەو کەسانەی کە کاتێکی زۆر لە شوێنە
داخراوەکان و دوور لە تیشکی خۆر بەسەر دەبەن تووشی کەمی ڤیتامین D دەبن و دەبێت
تەواوکەری ئەم ڤیتامینە بەکاربهێنن.
ژنانی دووگیان:
ڤیتامین B9 لە کاتی دووگیانیدا
زۆر گرنگە و کۆرپەلە لە کێشەی جدی دوور دەخاتەوە. بۆیە دەبێت ژنانی دووگیان
ئاگادار بن کە
تووشی کەمیی ئەم ڤیتامینە نەبن.
هەروەها کالسیۆم، ڤیتامین D و
یۆد بۆ گەشەی کۆرپەلە پێویستن. کالسیۆم و ڤیتامین D یارمەتی
گەشەی ئێسک دەدەن، هەروەها یۆد یارمەتی گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەدات.
کەسانی سەروو 50 ساڵ:
لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن هەڵمژینی ڤیتامین B12 کەم
دەبێت. بۆیە کەسانی سەروو 50 ساڵ تووشی کەمی ئەم ڤیتامینە دەبن. هەروەها
ڤیتامین D و کالیسیۆم زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن
لە پووکانەوەی ئێسک. هەروەها دەبێت ڤیتامینەکانی A و E لە ژێر چاودێری
پزیشکدا بخورێت.
وەرزشوانان:
وەرزشوانان پێویستیان بە وزەی زیاترە، بۆیە ڤیتامین B بۆ ئەوان زۆر
گرنگە. پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم و ڤیتامین D بۆ بەهێزکردنی
ماسولکەکان پێویستن و وەرزشوانانیش باشترە ئەم ڤیتامین و تەواوکەرانە بەکار بهێنن./.