بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵپەڕی " دیکلاسیفاید " ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە سەر کەرتی غەززەدا دەسووڕێنەوە بۆ یارمەتیدانی تەلئەبیب. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەشێک لەو فڕۆکانە کە لە بنکەیەکی بەریتانیاوە لە قوبرس فڕینەکەیان دەست پێکردووە، لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا، کەمێک پێش کوشتنی دانیشتووانی کەمپی نوسیراتی غەززە لە لایەن سوپای داگیرکەرەوە، هەروەها دوو هەفتە پێش کۆمەڵکوژییەکەی فەڵەستینییەکان لەم کەمپەدا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، فڕۆکە بەریتانییەکان بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی دیکلاسیفاید کە تایبەتە بە سیاسەت و هەواڵگریی بەریتانیا، جارێکی دیکە لەندەن بە تێوەگلان لە تاوانە جەنگییە جینۆسایدییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە کەرتی غەززە تۆمەتبار دەکات. ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە، تەنیا شەوێک پێش ئەو کۆمەڵکوژییەی 12 ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو کە 30 شەهیدی لێکەوتەوە، فڕۆکە سیخوڕیەکانی بەریتانیا لە بنکەکەی لە قوبرسەوە بە سەر کەمپی نوسیراتدا فڕیون.
دوو فڕۆکەی سیخوڕی کە یەکێکیان سەر بە کۆمپانیای ئەمریکی " ستریت فلایت نیڤادا " لە جۆری Beechcraft Super King Air 350 بووە، شەوی پێش بۆردومانکردنی کەمپی نوسیرات، بنکەی ئاسمانی بەریتانیای لە قوبرس بەجێهێشت و بۆ ماوەی 20 خولەک بە سەر کەمپەکەی غەززەدا فڕیوە.
فڕۆکەیەکی لە جۆری Shadow R1 کە فڕۆکەیەکی بەریتانییە، لە ئێوارەی بۆردومانەکەدا هەڵفڕی و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە کەناراوەکانی غەززە لە هەمان کاتی بۆردومانەکانی ئیسرائیل جێگیر بوو، دوای کۆتاییهاتنی بۆردومانەکان لانیکەم بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە نزیک غەززە بەردەوام بووە.
بەرپرسانی بەریتانیا چۆنیەتی زانیارییەکانیان لەو ڕۆژەدا لە گەڵ ڕژێمی داگیرکەر ئاڵوگۆڕ کردبوو و پاساوی ئەوەیان هێناوەتەوە کە گەشتەکانیان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای دیلە زایۆنیستەکاندا.
بە پێی شیکارییەکانی ڕێکخراوی " هەنگاونان دژی توندوتیژیی چەکداری " کە بنکەکەی لە لەندەنە، لە سەرەتای شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی دژی کەرتی غەززە، بەریتانیا زیاتر لە 600 گەشتی سیخوڕیی بە سەر ئەم ناوچەیەدا ئەنجامداوە.
کۆمەڵکوژیی 12 ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو لە کەمپی نوسیرات تەنیا تاوانێک نەبووە کە گەشتە سیخوڕییەکانی بەریتانیای لە گەڵدا بووبێت، دوو هەفتە پێش کۆمەڵکوژیی 8 ی حوزەیرانی 2024 لە کەمپی نوسیرات کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 270 فەڵەستینی شەهید بوون، هێزی ئاسمانیی بەریتانیا 24 گەشتی بە سەر ئاسمانی غەززە و دەوروبەریدا ئەنجامدابوو. ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی بۆ ئازادکردنی دیلەکان ئەنجام داوە./.