بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دڵی ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی کە ئیمارات بەڕێوەی دەبات، چەند کۆمپانیایەک بوونیان هەیە کە جۆرێکی تایبەتی بازرگانی ئەنجام دەدەن کە بە " بازرگانی مردن " ناسراوە.
ئەو کۆمپانیایانە کە لەم بوارەدا کاردەکەن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە سووتەمەنیکردنی شەڕەکاندا. ئەوان کەلێن و بۆشاییە یاساییەکان دەقۆزنەوە بۆ دامەزراندنی بەکرێگیراوان بۆ خزمەتکردنی مەبەستەکانی خۆیان.
ئەم کۆمپانیایانە بە زۆری لە سەر ڕێگای " بۆگۆتا – ئەبوزەبی " کاردەکەن و هەرچەندە بە ڕواڵەت لە لایەن ئیماراتەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام خزمەتگوزارییە هەواڵگری و ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پشت هەموو چالاکییەکانیانەوەن.
کۆمپانیاکانی شیکل: بۆمبی کاتی بۆ سووتەمەنی شەڕەکان
کۆمپانیاکانی شیکل کە لە وڵاتانی وەک کۆڵۆمبیا و بەریتانیا تۆمارکراون، بڕبڕەی پشتی ئەم تۆڕەن، هەموو کەلێنێکی یاسایی و پشتیوانی و ئەمنی دەقۆزنەوە بۆ دامەزراندنی بەکرێگیراوان.
زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە بنکەکانیان لە بۆگۆتای پایتەختە و لە لایەن کۆمەڵێک ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای کۆڵۆمبیا بەڕێوەدەبرێن. ئەم کۆمپانیایانە بە ڕواڵەت کۆمپانیایەکی ئەمنین و خزمەتگوزاری " پاراستن " پێشکەش دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بەکرێگیراوان دادەمەزرێنن و ڕاهێنان دەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ هێڵی پێشەوە لەو ناوچانەی کە پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی لە یەمەن و لیبیا، ئۆکرانیا، سودان و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کە شەڕی تێدابێت.
بۆ نموونە ئەم کۆمپانیایانە کاریگەرییەکی زۆریان لە کۆڵۆمبیا هەیە کە نەک هەر بە ئاسانی یاساکە دەورە دەدەن، بەڵکوو بەشداریی تێدا دەکەن. لە کاتێکدا ئەم کۆمپانیایانە بە ڕواڵەت دەڵێن کە چالاکییەکانیان بریتییە لە پاراستنی کەسایەتییەکان، لە ڕاستیدا دەستوەردان لە شەڕەکاندا دەکەن، بەتایبەتی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی دیکەی ئەودیوی جیهاندا.
چیرۆکی SI4A و شاری مێدێلین
لە شاری مێدێلین لە کۆڵۆمبیا کۆمپانیای SI4A وەک ناوەندێک بۆ ڕاهێنانی هونەری جەنگی و تەکنیکەکانی ئاسایش ناسراوە، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تایبەتی ئاسایش و پاراستن بۆ کەسایەتییە ناودارەکان. لە کاتێکدا کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕایدەگەێنێت کە بەرنامەی " ئاسایشی و پاراستن " بۆ کەسایەتییە ناودارەکان دابین دەکات، لە ڕاستیدا گرنگی بە ڕاهێنانی سەربازی و ئەمنی بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبیا دەدات بۆ جێگیرکردنیان لە بەرەکانی شەڕ و ململانێکانی دەرەوەی سنورەکانی کۆڵۆمبیا.
بەڵگەنامە داراییەکان ئەوە دەردەخەن کە کۆمپانیای ئاسایشی ئیماراتی " فەجر " گرنگترین و گەورەترین سپۆنسەری دارایی کۆمپانیای SI4A لە بواری کۆمپانیا تایبەتەکانی ئاسایش و بەکرێگیراواندایە.
کۆمپانیای بەریتانی لانکاستەر 6
کۆمپانیای لانکاستەر 6 ی بەریتانی یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکان کە ئیمارات وەک کۆمپانیایەکی پێشەوە بۆ چالاکییە ئەمنییەکانی لە دەرەوەی ئەبوزەبی بەکاری دەهێنێت. هەرچەندە بە ڕواڵەت کۆمپانیایەکی بەریتانییە، بەڵام جێبەجێکاری بەرنامە و پلانەکانی ئیماراتە لە بواری دامەزراندنی بەکرێگیراودا.
لانکاستەر 6 سەر بە فەرمانگەی ئاسایشی برایانی بن زاید و وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ئیمارات و ناوچە جێناکۆکەکانی یەمەن و سودان و لیبیا کاردەکات.
ئیمارات لە ڕێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە خزمەتگوزاری ئەمنی و سەربازی لە ناوچەکانی گرژی و ململانێی زۆردا دابین دەکات، هەروەها بەکرێگیراو دەنێرێت بۆ ناوچەکانی وەک خەرتووم بنغازی و جیبۆتی.
شێوازی ناردن و هەڵبژاردنی ناوچەکانی ئامادەبوون، تەنانەت ژمارەی بەکرێگیراوانیش، لە سەر بنەمای پلاندانانی ورد و حیسابکراو دامەزراوە بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەری لە سەر ڕەوتی کاروباری ئێستای ئەو وڵاتانە، بە ڕەوتی ململانێکانەوە هەبێت.
میکانیزمی فریودان و گواستنەوەی بەکرێگیراوان
گواستنەوەی بەکرێگیراوان لە درووستکردنی ناسنامەی ساختە بۆیان دەست پێدەکات. دوای ئەوە، سرووشتی پیشەکەیان کاری لە سەر دەکرێت، بە زۆری وەک " بازرگان " یان چالاک لە بوارە ئابورییە جیاوازەکاندا دەیانناسێنرێت.
دوای بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی نوێی ناسنامە، بە گەشتە نەفەرهەڵگرەکانی ئیماراتی دەگوازرێنەوە بۆ ئەبوزەبی، لەوێش میرنشینەکان ئاسانکاری بۆ چوونە ناو ئەبوزەبی دەکەن و بە پێدانی ڤیزەی کارکردنی فەرمی بۆ وڵاتانی کەنداوی فارس، شوێنی نیشتەجێبوونیان بە یاسایی دەکات.
لە گەڵ گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی دوبەی، لە لایەن ئەفسەرانی ئیماراتییەوە دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی تایبەت لە دوو ناوچەی ئەبوزەبی و ئەلعەین و لەوێ جێگیر دەکرێن. مانەوەیان لەم دوو کەمپەدا خولی ڕاهێنانی زیادە و بیرخستنەوەی خاڵ و بابەتە پێویستەکانی لە گەڵدا دەبێت.
دوای تەواوکردنی هەموو مەشق و ڕاهێنانەکان، لە لایەن هێڵی ئاسمانی ئیماراتەوە دەگوازرێنەوە بۆ بنکەکانی جیبۆتی لە سۆماڵ یان بنغازی لە لیبیا کە بە وێستگەی شانۆ ناسراون، لەوێشەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەرەکانی شەڕ و ململانێ، دوور لە سەرنج و نیگای جیهان، بە پێی ئەو پلانانەی کە دانراون.
شوێنپێی ڕژێمی زایۆنیستی لە بازرگانی مەرگدا
لە کاتێکدا کە بە ڕواڵەت ئەم کۆمپانیایانە کاروباری خۆیان بە تایبەت لە بواری ڕاهێنانی بەکرێگیراودا بە پاڵپشتی و هاوکاری میرنشینەکان بەڕێوەدەبەن، بەڵام ڕاستی دیکەش لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، ئەویش ئەوەیە کە " ئیسرائیل " لە پشت هەموو ئەم پرۆسە و ئۆپەراسیۆنانەدایە، بەتایبەتی ڕاهێنانی بەکرێگیراوان.
ئیمارات پێشانگای ئەم تۆڕە تاریک و ترسناکە، کە لە پشتییەوە ئیسرائیلە، کە ئەفسەرە هەواڵگری و سەربازییەکانی فێری تەکنیکە پێشکەوتووەکانی شەڕ و هەواڵگری بە بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبیا و هتد دەکەن، هەموو ئەم بەکرێگیراوانە پێویستە بەشداری خولی " تایبەت " بکەن کە ئەفسەرانی ڕژێمی زایۆنیستی سەرپەرشتی دەکەن و ڕەزامەندی خۆیان هەبێت.
ئەم خولانە بریتین لە ڕاهێنان لە بواری " بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر " [بێگومان دژە تیرۆر لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە] و شێوازی شەڕی ناتەقلیدی، بەتایبەتی لە بەرەکانی یەمەن و لیبیا و سودان.
فەزیحەی ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی ناوخۆیی سودان
ڕۆڵی ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی ناوخۆیی سودان کە بەردەوامە، بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە. ئەم فەزیحەیە گەیشتە لووتکە کاتێک سوپای سودان توانی فڕۆکەیەکی ئیماراتی لە ئاسمانی خەرتووم بخاتە خوارەوە و ئاشکرایکرد کە فڕۆکەکە بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی لە ئەبوزەبیەوە بەرەو سودان دەگواستەوە.
ئەم تۆڕە ترسناک و نهێنییانە کە بە تۆڕەکانی " بازرگانی مەرگ " ناسراون، ئامانجە هاوبەشەکانی ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی ئاشکرا دەکەن لە هەڵگیرسانی شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە سەربازی و ئابورییەکانی ئەبوزەبی و تەلئەبیب لە جیهاندا بە قوربانیکردنی سەدان هەزار کەس./.