بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی " الاخبار " ی لوبنان ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەیروت و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە تایبەت شێخ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا سەرنجی میدیاکانی لە سەر بووە و گرنگی و بایەخێکی زۆری هەبووە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ڕیاز و واشنتن هەوڵێکی زۆریان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەم بوارەدا خستووەتەگەڕ، بە تایبەت سەبارەت بە لێدوانەکانی لاریجانی، ئەو پەیامانەی کە گەیاندوویەتی و هەڵوێستەکانی کە بە بەرپرسانی لوبنانی بە تایبەت نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاندووە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی الاخباردا هاووە کە بەرپرسانی سعوودی و تیمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت پەیوەندییان بە سیاسەتمەداران، ڕاوێژکاران و کاربەدەستانی میدیاییەوە کردووە تا زانیاری پێویست لە سەر حزبوڵڵا کۆبکەنەوە، بە تایبەت ئەو پرسیارانە بەدواداچوونی بۆ کراوە کە ئایا لاریجانی هەڵگری پەیامێکی پشتیوانی بووە یان داواکارییەکی لە حزبوڵڵا یان نەبیە بەرییەوە بۆ هاوکاری لە گەڵ حکومەت یان سوپای لوبنان خستووەتەڕوو؟ هەروەها ئەوەش تاوتوێ دەکرێت کە ئایا سەردانەکەی ناوبراو هەڵوێستی حزبوڵڵا لە ڕوبەڕوبونەوەی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەهێز دەکات و ئایا ڕێکەوتنێک بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوو مسۆگەر بووە؟
پاش سەردانەکەی لاریجانی و پەیامەکانی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن دووەم پەیامی نارد و جەختیکردەوە کە ئەزموونی 40 ساڵ خۆڕاگری ئەوەی پیشانداوە کە سوپای لوبنان ناتوانێت بە شێوازی سەربەخۆ ڕوبەڕوی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ببێتەوە و پاراستنی لوبنان پێویستی بە پشتیوانی خەڵک و خۆڕاگرییە./.