بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، لانیکەم حەوت هەزار و 670 کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە کە لە نێوان 8 ی کانوونی دووەمی 2025 تا 6 ی حوزەیرانی 2025، بە گشتی حەوت هەزار و 670 کەس لە ئەنجامی توندوتیژی و ململانێ و ناسەقامگیری ناوخۆیی و دەرەکی گیانیان لەدەستداوە.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێنج هەزار و 784 کەس لە قوربانییەکان خەڵکی سڤیل بوون کە 306 کەسیان منداڵ و 422 کەسیان ئافرەتن. ئەم ژمارانە بە ڕوونی ئاماژەن بۆ چڕبوونەوەی قەیرانی ئەمنی و زیادبوونی هەڕەشەکان لە سەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە تیشک خستنە سەر ئاشکراترین پێشێلکارییەکان و بەڵگەنامەکردنی پێشهاتەکانی پەیوەست بە قۆناغی ڕاگوزەر لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد بووە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای کردووە کە ڕێوشوێنی بەپەلە لە لایەن دامەزراوە و ئەکتەرە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و شەفافیەت و پاراستنی خەڵکی مەدەنی بگیرێتەبەر.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بە سەر کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە سوریا بەردەوام بەدەست نەبوونی پێکهاتەیەکی مەدەنی سەقامگیر و بەردەوامی ململانێکان و توندوتیژی ڕێکخراوەییەوە دەناڵێنێت و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتەدا نییە./.