بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزیرانی دەرەوەی 31 وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە دەستپێشخەری عێراق و سەرۆکی لوتکەی عەرەبی لە 34ەمین دانیشتنیدا، سەبارەت بە لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بەو شتەی کە پێی دەوترێت " ئیسرائیلی گەورە "، ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەێندراوەکەدا بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی نتانیاهۆ کراوە و بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عەرەبی و ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناوبراوە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لە سەر دژایەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کراوەتەوە بۆ ئەو لێدوانانە و خەونەکانی سەپاندنی هەژموون لە ڕێگەی هێزەوە، هەروەها پابەندبوونی ئەو وڵات و ڕێکخراوانە بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامادەیی ئەوان بۆ گرتنەبەری هەر کارێکی پێویست بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان، دووپات کراوەتەوە.

ئەم وەزارەت و دامەزراوانە پەسەندکردنی پلانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی E1 لە لایەن بێزالیل سمۆتریچ وەزیری توندڕەوی ڕژێمی زایۆنیستی و لێدوانەکانی دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینیان شەرمەزار کرد و ئەم کردەوانەیان بە پێشێلکردنی مافی گەلی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە سەر بنەمای سنورەکانی 4 ی حوزەیرانی 1967 لە گەڵ قودسی ڕۆژهەڵات وەک پایتەختەکەی و پێشێلکردنی ڕوونی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، بەتایبەتی بڕیارنامەی 2334 و بۆچوونی ڕاوێژکاری دادگای نێودەوڵەتی زانی.

لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە سیاسەتەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ لکاندنی زەوییە فەڵەستینییەکان، بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر شوێنە پیرۆزە ئیسلامی و مەسیحییەکان، دەستدرێژیکردنە سەر شار و کەمپەکانی فەڵەستین و ئاوارەبوون و وێرانکاری، شانسی گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمەلایەنە تێکدەدەن.

لە چوارچێوەی مرۆیی، بەیاننامەکە ئیدانە و ڕەتکردنەوەی تاوانەکانی دەستدرێژی و جینۆساید کە لە لایەن هێزە داگیرکەرەکان لە کەرتی غەززە ئەنجام دراون، دووپاتکردەوە. هەروەها وڵاتان داوای ئاگربەستی خێرا و هەڵگرتنی ئابڵوقە و گەرەنتی چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بە بێ هیچ مەرجێک و دادگاییکردنی تەواوەتی داگیرکەران لە بەرامبەر ئەو بارودۆخە مرۆییە کارەساتبارانەی کرد.

داوای کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە بکەن

لەم بەیاننامەیەدا ئەو وڵاتان و دامەزراوانە جەختیان لە ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین کردەوە و داوای کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە کەرتی غەززە و ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانی عەرەبی - ئیسلامی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززەیان کردووە.

لە ڕاگەێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کەرتی غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و پێویستە دەوڵەتی فەڵەستین بە پشتیوانی عەرەبی و نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی حکومەت لە غەززە و کەرتی خۆرئاوا لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین کە نوێنەری یاسایی و تاکە نوێنەری گەلی فەڵەستینە لە ئەستۆ بگرێت.

وەزیرانی دەرەوە و دامەزراوەکانی دیکە پێشتر  داوایان له کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و به تایبەت ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمریکا کردووە که بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان بۆ ناچارکردنی داگیرکەران بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکە و دابینکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ گەلی فەڵەستین و بەجێهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی تاوان و پێشێلکردنی مافەکان لە ئەستۆ بگرن./.