بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەو وڵاتە ڕۆژانە 137 هەزار بەرمیل لە هەفتەی ڕابردوودا دابەزی.
ئەو فەرمانگەیە ڕایگەیاندووە کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا 142 هەزار بەرمیل بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە هەفتەی پێشووتریدا 279 هەزار بەرمیل بووە.
تێکڕای هاوردەی ڕۆژانەی نەوتی ئەمریکا لە 9 وڵات، 5 ملیۆن و 911 هەزار بەرمیل بووە.
کەنەدا بە 4 ملیۆن و 45 هەزار بەرمیل، مەکزیک بە 398 هەزار بەرمیل و بەرازیل بە 344 هەزار بەرمیل نەوتیان ڕۆژانە هەناردەی ئەمریکا کردووە.
کۆڵۆمبیا 343 هەزار بەرمیل، سعوودیە 273 هەزار بەرمیل، نایجڕیا 213 هەزار بەرمیل، لیبیا 80 هەزار بەرمیل و ئیکوادۆر 65 هەزار بەرمیل نەوتیان ڕۆژانە هەناردەی ئەمریکا کردووە.
لە هەفتەی ڕابردوو ڤەنزوێلا هیچ بڕە نەوتێکی هەناردەی ئەمریکا نەکردووە./.