بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەبیل فەهمی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی میسر و باڵیۆزی پێشووی ئەو وڵاتە لە ئەمریکا، ڕاستی ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە سەبارەت بە کاندیدبوونی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی بڵاوکراوەتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی میسر کاندیدی کردووە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە بەناوبانگە و بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم جۆرە پڕۆسانە چەندین قۆناغی تێدایە، وردەکارییەکانی ئەم بابەتە تاکە بەرپرسیارێتی وەزارەتی دەرەوەی میسر دەبێت.

نەبیل فەهمی ئاماژەی بەوەدا، پڕۆسەی دانانی وەک ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی چەند قۆناغێکی هەیە، قۆناغی یەکەمیان تەنیا کاندیدکردنی لە لایەن وەزارەتی دەرەوە و دوای ئەوەش قۆناغ و هەنگاوی بێشوماری هەیە تا دەستبەکاربوونی.

هاوکات میدیایەکی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە نەبیل فەهمی دەبێتە ئەمینداری گشتی داهاتووی کۆمکاری عەرەبی، لە دوای ئەحمەد ئەبولغەیس کە مانگی حوزەیرانی 2026 کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت.

نەبیل فەهمی لە مانگی حوزەیرانی 2013 تا تەمموزی 2014 وەک وەزیری دەرەوەی میسر کاری کردووە و هەروەها لە ساڵی 1999 تا 2008 وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتن کاری کردووە./.