بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد مستەفا سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر کە لە دەروازەی سنوریی ڕەفەح بەڕێوەچوو، وتی: کۆمیتەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە پێکدەهێندرێت کە سەر بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەبێت و دەسەڵاتی دامەزراوەکانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە زیندوو دەکەینەوە.

ناوبراو وتی: حکومەتی فەڵەستین ئامادەیە بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرامبەر رۆڵەکانی گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بە هاوکاری برایان و دۆستان و بەشداری کەرتی تایبەت و کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەجێبێنێت، ئەم هەوڵانە بەشێکە لە ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان./.