بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەشکان مۆمبینی لە یاداشتێکدا لە ژێر ناوی " هەڵوێستی تایبەتی ئێران لە هاوکێشە ناوچەییەکان: هێمایەک بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و دیاریکەری کۆماری ئیسلامی " نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژئاوای ئاسیا، هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە پێشهاتەکانی ناوچەکەدا گێڕاوە. ئەم هەڵوێستە نەک تەنیا لە سەر پێگەی جوگرافیای ستراتژیکی ئێران، بەڵکوو لە سەر سیاسەتی پرەنسیپییەکان لە سەر  بنەمای پشتیوانی له ئاشتی و سەقامگیری و هاوکاریی بنیاتنان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا دامەزراوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین سەردانی دیپلۆماسی بۆ تاران و پلاندانان بۆ دیداری هاوبەش، جارێکی دیکە جەختیان لە گرنگی و کاریگەریی ئێران لە هاوکێشە ناوچەییەکان کردووەتەوە و پیشانی دەدەن کە هیچ پێشهاتێکی گەورە لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە بێ ئامادەیی چالاک و ڕۆڵی ئەرێنی ئێران لە خەیاڵدا نییە.

لە درێژەی ئەو یادداشتەدا هاتووە:

یەکێک لە دیارترین ڕووداوەکانی ئەم دواییە سەردانی واهان کۆستانیان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا بوو بۆ تاران. کۆستانیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە کۆبووەوە و  جەختیش لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکارییەکان لە سەر پرسەکانی قەوقازی باشور کردەوە. لەو وتووێژانەدا ئێران هەڵوێستی خۆیی بۆ پشتیوانی لە ئاشتی هەمیشەیی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەربڕی و پێداگری لە سەر پێویستی پێشگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی کرد کە دەتوانێت هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە بکات. ئەم سەردانە نەک هەر متمانەی ئەرمینیا بە ڕۆڵی نێوەندگیری و بنیاتنەری ئێران پیشان دەدات، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەشە کە وڵاتانی قوقازی باشور، ئێران وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەبینن.

لە هەمان کاتدا سەردانەکەی ئیگۆر خوایف، نێردەی تایبەتی ڕووسیا بۆ قەوقاز و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ تاران، تیشکی خستە سەر چینێکی دیکەی دیپلۆماسیەتی چالاکی ئێران. لە میانەی کۆبوونەوە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، پرسە سەرەکییەکانی قەوقاز تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە هاوکاری نزیک بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە. ڕووسیا وەک یەکێک لە زلهێزە گەورەکانی ئۆراسیا، پێگەیەکی تایبەت بە ئێران دەدات و ئەم کۆبوونەوانە پیشان دەدەن کە هاوکێشەکانی قەوقاز بە بێ هەماهەنگی لە گەڵ ئێران ناتوانن بگەنە ئەنجامێکی بەردەوام.

جگە لەوەش، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەرمینیا و بێلاڕووس، هەنگاوێکی دیکەیە بەرەو قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە باکوری ئێران. ئەم سەردانانە کە بەشێکن لە دیپلۆماسییەتی چالاکانەی ئێران، جەخت لە سەر پابەندبوونی تاران دەکەنەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی، ئاسایش و گەشەسەندنی ئابوری لە ناوچەکەدا.

ئەم چالاکییە دیپلۆماسییانە تەنیا لە قەوقازدا سنوردار نییە. لە عێراق و لوبنان، ئێران هەمیشە ڕۆڵێکی بنیاتنەری لە پشتیوانیکردنی حکومەتە شەرعییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بینیوە و هاوکاری مرۆیی و سیاسی بۆ سەقامگیری ئەو وڵاتانە پێشکەش کردووە. لە کەنداوی فارسدا، دەستپێشخەرییەکانی ئێران بۆ وتووێژی ناوچەیی و کەمکردنەوەی گرژییەکان، وەک پێشنیارەکانی ئاسایشی هاوبەش، پابەندبوون بە ئاشتییەکی بەردەوام پیشان دەدەن. وڵاتانی ناوچەکە بە دراوسێ عەرەبەکانیشەوە وردە وردە گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ئاسایشی کەنداوی فارس بە بێ ڕۆڵی ئەرێنی ئێران مسۆگەر نابێت.

بە گشتی ئەم سەردان و کۆبوونەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە پێگەیەکی تایبەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبەخشن و پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا چ لە باشوری قەوقاز، دراوسێی ڕۆژئاوا، یان کەنداوی فارس، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی چارەنووسساز و بنیاتنەری ئێران تەواو نابێت. ئێران بە سیاسەتی دەرەکی کە لە سەر بنەماکانی کەرامەت، حیکمەت، ئیستحقاق، سەربەخۆیی، پشتیوانی لە خۆڕاگری و هاوکاری یەکتر دامەزراوە، نەک هەر ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانەکان کردووە، بەڵکوو وەک پردێک بۆ بەستنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کاری کردووە.

بە بێ ئامادەبوونی چالاکانەی ئێران، هیچ هاوکێشەیەکی ناوچەیی ناتوانێت دەرئەنجامێکی ئەرێنی و بەردەوام بەدەستبهێنێت، بەو پێیەی تاران نەک تەنیا هێزێکی سەربازی و ئابوری، بەڵکوو هێمای حیکمەتی دیپلۆماسی لە ڕۆژئاوای ئاسیایە.

ئەم ڕۆڵە بەڵێنی داهاتوویەکی گەشاوەترە بۆ ناوچەکە دەدات، کە ئاشتی و گەشەپێدان لە سەر بنەمای هاوکاری ڕەسەن و بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی بەرەوپێش دەچێت./.