بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە شەهید بوونی محەممەد سینوار، سەرکردایەتی حەماس لە غەززە گواستراوەتەوە بۆ عێزەدین حەداد کە یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی بزوتنەوەکە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تەلەگرافی" ی بەریتانی، حەداد یەکێکە لە فەرماندە سەربازییە بەتواناکانی بزوتنەوەی حەماس کە لە لایەن سوپا و سیخوڕەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە "ڕۆح" ناسراوە.
ئەو بڵاوکراوە ئینلیزییە نووسیویەتی: ئێستا وەک فەرماندەی نوێی حەماس لە غەززە، عێزەدین حەداد چارەنووسی زیندانییەکان و تا ڕادەیەکی زۆریش تەواوی کەرتی غەززەی بەدەستەوەیە.
یاکۆف ئامیدرۆر، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ڕژێمی زایۆنیستی، حەدادی بە “فەرماندەیەکی بەتوانا” وەسف کرد. دەشڵێت: “ئەو وریایە و هەرگیز هەڵەیەکی نەکردووە کە وامان لێبکات بیکوژین”.
بە وتەی ئامیدرۆر، لە ساڵی 2008 ەوە، ڕژێمی زایۆنیستی شەش جار هەوڵی تیرۆرکردنی حەدادی داوە و هەموو ئەوانە شکستیان هێناوە.
بەرپرسی ئاوەدانکردنەوەی حەماس
ڕۆژنامەی تەلەگراف لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: حەداد دەست بە سەر هێزێکدا دەگرێت کە نزیکە نەناسرێتەوە لەو سوپا پێکهاتەدارەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 سنوری بەزاند و کاریگەرییەکی وێرانکەری بەجێهێشت.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە ڕایگەیاند: "حەماسیش زیندانیەکانی لە دەستدایە، پێشبینی دەکرێت بیست لە زیندانییەکان هێشتا لە ژیاندا بن".
ڕۆژنامەی تەلەگراف بە پشتبەستن بە هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی، ڕایگەیاند: “حەداد هۆکارێک بوو بۆ ڕەتکردنەوەی پێشنیاری ئاگربەست کە لە لایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت”.
بەگوێرەی ئەو بڵاوکراوە ئینلیزییە، ئەو پێشنیازە باسی لە داواکارییەکانی حەماس نەکردووە بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و تەنیا وەستانێکی 60 ڕۆژە بووە لە ململانێکاندا.
ئامیدرۆر هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ بڵاوکراوە بەریتانییەکە ڕایگەیاندووە کە گرنگترین بڕیار کە حەداد دەبێت بیدات ئەوەیە کە ئایا ئاگربەست قبوڵ دەکات یان نا، تا ئەو کاتەی پێبدات کە پێویستە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی. ئەو دەبێت بە ئازاد کردنی هەندێک لە زیندانییان باجەکەی بدات.
بە پێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تەلەگراف، لە ماوەی 60 ڕۆژی ئاگربەستی پێشوودا، ئەلحەداد “بەرپرس بووە لە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی حەماس”.
فەرماندەیی زریانی ئەقسا
بڵاوکراوە بەریتانییەکە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە دانپێدانانی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕایگەیاندووە کە ناوبراو گروپەکانی سەر بە داعش لە غەززە چەکدار دەکات و دەڵێت: "رۆژی پێنجشەممە بنیامین نتانیاهۆ دانی بەوەدانا کە ئیسرائیل لانیکەم یەکێکیان چەکدار دەکات، ئەویش گروپێکی چەکدارییە و فەرماندەیی عەرەبێکی بەدەوی بە ناوی یاسر ئەبوو شەباب". "دەوترێت گروپەکەی دەستیان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەکدا هەیە. لە ئێستادا ئەو جۆرە گروپانە لە دەستبەسەرداگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە بەشدارن".
هەروەها بەرپرسێکی ئەمنی ناوچەکەش بۆ بڵاوکراوە بەریتانییەکە باسی حەدادی کردووە و دەڵێت: "ئەو یەکێکە لە دوایین سەرکردەکان کە لە غەززە ماونەتەوە، فشارێکی زۆر لەسەری هەیە و پێویستە نیشانی بدات کە سەرکردەیە".
ڕۆژنامەی تەلەگراف سەبارەت بە مێژووی حەداد لە حەماس نووسیویەتی: "بە دڵنیاییەوە حەداد پۆستێکی سەرکردایەتی لە حەماسدا هەیە، لە تەمەنی گەنجیدا لە ساڵی 1987 کەم تا زۆر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پەیوەندی بەو گرووپەوە کردووە، لەوێشەوە سەرکەوت بۆ فەرماندەیی فەوجێک و دواجار کەتیبەیەک".
تا ساڵی 2023 فەرماندەیی لیوای غەززەی کردووە کە لە شاری غەززە و دەوروبەری لە باکوری کەرتی غەززە جێگیر بوون. بەم پێیەش ئەو یەکێک بوو لەو کەم کەسایەتییە باڵانەی کە زانیاری پێشوەختەیان لە سەر ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا هەبوو”./.