بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەوان شەوانە دێن، تاڵانچیەکان بە چەک و شۆفڵ و بێڵ و چەکوش، ئارامی مردووەکان تێکدەدەن. لە تاریکی شەودا ئەم پیاوانە ئەو گۆڕانە هەڵدەکەنن کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لە شاری دێرینی پاڵمیرا لە سوریا نێژراون و بە دوای گەنجینەکاندا دەگەڕێن.
لە ڕۆژدا ئەو وێرانکارییە ئاشکرا دەبێت کە دزەکانی گۆڕ ئەنجامی دەدەن. ئەو کارەش بە هەڵکەندنی هەندێک چاڵ کە سێ مەتر قووڵە دیمەنی پاڵمیرایان تێکداوە.
محەممەد ئەلفارس، دانیشتووی شاری پاڵمیرا و چالاکوانی ڕێکخراوی ناحکومی میرات بۆ ئاشتی، لە ناو پاشماوەی ئاسەوارێکی دێرین کە لە لایەن تاڵانچیەکانەوە هەڵکەندرابوو، وتی: "ئەم چینە جیاوازانە گرنگن، کاتێک خەڵک تێکەڵیان دەکەن، چیتر ناتوانرێت شوێنەوارناسەکان تێبگەن کە سەیری چی دەکەن".
پارچە کۆفەیەکی شکاوی هەڵگرت کە دزەکانی گۆڕ بەجێیان هێشتووە و لە تەنیشت تیغی ژەنگاویی هاوەنێکی نەتەقینەوە داینا. پاڵمیرا، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین، لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا زیانێکی زۆری پێگەیشت، کاتێک توندڕەوەکان لە ساڵی 2015 دا بەشێک لە شوێنە دێرینەکەیان تەقاندەوە، ئەوان وێرانەکانیان بە "بتە کافرەکان" دەزانی.
پاڵمیرا تاکە شوێنی کۆن نییە کە لە ژێر هەڕەشەدایە. شارەزایان و بەرپرسانی سوریا دەڵێن، تاڵانکردن و قاچاخکردنی کەلوپەلی کۆنی ئەم وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە لە دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریا ئەمەش لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو میراتی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەکی زیاترەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن پرۆژەی بازرگانیکردن بە کەلوپەلی دێرین و ئێتنۆگرافیای میراتەوە بڵاوکراونەتەوە، کە لێکۆڵینەوە لە بازاڕی ڕەشی ئۆنلاین بۆ کەلوپەلی کۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، نزیکەی یەک لە سەر سێی ئەو هەزار و 500 حاڵەتەی تۆمارکراوە لە ساڵی 2012 ەوە تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمەوە ڕوویانداوە، پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە.
عومەر ئەلعەزم، مامۆستای مێژوو و ئێتنۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی حکومیی شانی لە ئۆهایۆ و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پڕۆژەی میرات دەڵێت: "کاتێک ڕژێمی [ئەسەد] ڕووخا، گۆڕانکارییەکی گەورەمان بینی". "ئەو داڕمانە تەواوەتی هەر جۆرە ڕێکخستنێک بوو کە ڕەنگە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تاڵانکردن هەبووبێت."
داڕمانی ئەو دەزگا ئەمنییەی سوریا کە سەردەمانێک ترسی لێدەکرا، لە گەڵ هەژارییەکی بەرفراوان، بووەتە هەوێنی "هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی زێڕ". سوریا کە دەکەوێتە دڵی مانگی خەسیب و یەکەم شارستانییەتە نیشتەجێبووەکانی تیا سەریهەڵداوە، دەوڵەمەندە بە مۆزایک و پەیکەر و شتە کۆنەکان کە کڕیاری دەوڵەمەند لە بازاڕەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزنەوە.
لە پۆستێکی فەیسبووکدا لە مانگی کانوونی دووەمدا بەکارهێنەرێک کۆمەڵێک دراوی کۆنی بۆ فرۆشتن داناوە. ناوبراو نووسیویەتی: " 15 ساڵە هەڵم گرتوون، سوریا ئازاد بکە ".
کەتی پاڤێڵ، بەڕێوەبەرێکی دیکەی پڕۆژە (پڕۆژەی توێژینەوەی بازرگانیکردن بە شتە کۆنەکان و ئێتنۆگرافیای میرات) و بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەفافییەتی تەکنەلۆژیا دەڵێت: "سێ بۆ چوار مانگی ڕابردوو گەورەترین شەپۆلی بازرگانیکردن بە شتە کۆنەکان بووە کە لە هەر وڵاتێکدا بینیومە."
پاڤێڵ، هاوشانی ئەلعەزم، بەدواداچوون بۆ ڕێڕەوی ئۆنلاین بۆ هونەری قاچاخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و لە ساڵی 2012 ەوە داتابەیسێکیان کۆکردۆتەوە کە زیاتر لە 36 هەزار وێنەی شاشە و ڤیدیۆ و وێنەی بەرهەمە قاچاخەکانی تێدایە.
وتیشی: "ئەمە خێراترین فرۆشتنی کەلوپەلی کۆنە کە تا ئێستا بینیومانە". "پێشتر بۆ نموونە ساڵێک دەویست بۆ فرۆشتنی مۆزایکێک لە ڕەقەوە. ئێستا مۆزایک لە دوو هەفتەدا دەفرۆشرێت".
حکومەتی نوێی سوریا داوای لە تاڵانچیەکان کردووە وازبێنن، بەڵێنی پاداشتی ئەو کەسانەی داوە کە کەلوپەلی دێرین ڕادەست دەکەنەوە لەبری ئەوەی بیفرۆشن، هەروەها هەڕەشەی زیندانیکردنی تا 15 ساڵ لە سەرپێچیکاران کردووە. بەڵام دیمەشق کە سەرقاڵی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی وێران بووە و لە خەباتدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی، سەرچاوەیەکی کەمی هەیە بۆ پاراستنی میراتی شوێنەواریی خۆی.
زۆربەی تاڵانییەکان لە لایەن کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێن کە پێویستیان بە پارەیە و بێهیوا بوون لە پارەی کاش، بەو هیوایەی دراوی کۆن یان شوێنەوار بدۆزنەوە کە بتوانن بە خێرایی بیفرۆشن.
لە دیمەشق دوکانەکانی دۆزەرەوەی کانزاکان سەریان هەڵداوە و ڕێکلامەکانی سۆشیال میدیا پیشان دەدەن کە بەکارهێنەران گەنجینەی شاراوە بەو ئامێرانە دەدۆزنەوە.
فرۆشتنی شتە کۆنەکانی تاڵانکراو بە شێوەی ئۆنلاین
هەندێکیتریش وەک بەشێک لە تۆڕە تاوانکارییە ئاڵۆزەکان کاردەکەن. چاودێری شوێنەوارناسی ناوخۆیی لە شاری سەلمیە لە ناوەڕاستی سوریا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکردووە کە بەناو شارۆچکەی تەل شێخ عەلی سەردەمی برۆنزیدا دەڕوات، کە چاڵەکانی یەکدەست بە قووڵی پێنج مەتر کە لە لایەن ئامێرە قورسەکانەوە هەڵکەندراون، هەر چەند هەنگاوێک زەوییەکەیان هەڵکەندووەە.
توێژەرێکی ڕێکخراوی چاودێری لە سەلمیە، کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت بۆ ئەوەی تۆڵەی تۆڕە تاوانکارییە تاڵانچیەکان نەیگرێتەوە، دەڵێت "ئەوان شەو و ڕۆژ ئەم کارە دەکەن. ترسم لە سەلامەتی خۆم هەیە، بۆیە لێیان نزیک نابمەوە".
لە حاڵەتەکانی تردا، تەواوی مۆزایکەکان بە تەواوی لە شوێنەکانیان لابراون، ئەرکێک کە تەنیا کەسانی پسپۆڕی بە ئەزموون دەتوانن جێبەجێی بکەن.
کاتێک شوێنەوارەکان هەڵکەندراون، ڕێگاکەیان بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکەن. شارەزایان دەڵێن فەیسبووک بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی کۆنی دزراو، گرووپە گشتی و تایبەتەکان هەموو شتێک لە دراوی کۆنەوە تا مۆزایکێکی تەواو تا بەردی سەر قورس بۆ فرۆشتن بۆ بەرزترین نرخ پێشکەش دەکەن.
پڕۆژەی بازرگانیکردن بە کەلوپەلی کۆن و ئەنترۆپۆلۆژیای میراتی کەلتوری، دەیان سکریشۆت و ڤیدیۆی کەلوپەلی کۆنی سوریای بۆ ڕۆژنامەی گاردیەن دابینکرد، لەوانە مۆزایک و تابوتەکانی پاڵمیرا، کە لە گرووپەکانی فەیسبووکدا دەفرۆشرێن. گەڕانێکی سادەی فەیسبووک بە زمانی عەرەبی بۆ "فرۆشتنی کەلوپەلی کۆنی سوریا" زیاتر لە دەیان گرووپی فەیسبووکی تایبەت بە بازرگانیکردن بە شوێنەوارە کولتوورییەکان دەرکەوت کە زۆربەیان گشتین.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی مانگی ئازاردا لە یەکێک لەو گروپانەدا پیاوێک بە زاراوەیەکی سورییەوە مۆزایکێک نمایش دەکات کە زئوس لە سەر تەختێک وێنا دەکات و مۆبایلەکەی بەکاردەهێنێت بۆ پێوانەکردنی.
مۆزایکەکە هێشتا لە ناو خاکەکەدایە لە ڤیدیۆکەدا، بەڵام دواتر لە وێنەیەکی دیکەدا دەبینرێت، دوای ئەوەی لە شوێنەکە لابراوە. پیاوەکە بە شانازییەوە دەڵێت: “ئەمە تەنیا یەکێکە لەو چوار مۆزایکە کە هەمانە”.
لە گرووپەکانی تریشدا تاڵانچییەکان گرتەی ڕاستەوخۆی سایتە کۆنەکانیان لە فەیسبووک پەخشکردووە و پرسیار لە بەکارهێنەران دەکەن لە کوێ هەڵکەنن، ئەمەش وروژاندن بۆ کڕیارە ئەگەرییەکان درووستکردووە.
لە ساڵی 2020 کۆمپانیای فەیسبووک فرۆشتنی شوێنەوارە مێژووییەکانی لە سەر پلاتفۆرمەکەی قەدەغە کرد و ڕایگەیاند هەر ناوەڕۆکێکی پەیوەندیدار لادەبەن. بەڵام بە وتەی کەتی پاڤێڵ، سیاسەتەکە بە دەگمەن جێبەجێ دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی فرۆشتنی بە باشی لە سەر پلاتفۆرمەکە بەڵگەدار کراوە.
پاڤێڵ دەڵێت: "بازرگانیکردن بە موڵک و ماڵی کەلتوری لە کاتی ململانێدا تاوانە، فەیسبووک وەک ئامرازێک بۆ ئەو تاوانە مامەڵە دەکات، فەیسبووک دەزانێت ئەمە کێشەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، چاودێری دەیان گرووپی قاچاخچێتی کەلوپەلی کۆن دەکەین کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چالاکن و هەریەکەیان زیاتر لە 100 هەزار ئەندامیان هەیە و گەورەترینیان نزیکەی 900 هەزار ئەندامی هەیە.
ئەم گرووپانەی فەیسبووک وەک دەروازەیەک بۆ قاچاخچییەکان کاردەکەن، تاڵانکەرانی ئاست نزم لە سوریا بە تۆڕە تاوانکارییەکانەوە دەبەستنەوە کە شوێنەوارەکان بە قاچاخ دەهێننە دەرەوە لە وڵات و بۆ ناو ئۆردن و تورکیا./.