بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یانەی سانتۆس رۆژی یەکشەممە یەکێک لە تاریکترین شەوەکانی خۆی بەخۆیەوە بینی، کاتێک تووشی شکستێکی شەرمەزارکەر بوو بە ئەنجامی 6-0 بەرامبەر یانەی ڤاسکۆ دا گاما لە یارییەکی یەکلاکەرەوە لە خولی بەرازیل.

ئەم ئەنجامە نەک هەر قەیرانی ئەم یانەیە قوڵتر کردەوە بەڵکو قورسترین شکستی ژیانی پیشەگەری نەیمار بوو و ئەم ئەستێرە بەرازیلییە دوای یارییەکە بەتەواوی تووشی شۆک بوو.

دوای یارییەکە نائومێدی بە ئاشکرا لە ڕوخساری نەیمار دیار بوو. ئەو گوتی: هەست بە شەرم دەکەم من بەتەواوی نائومێدم لە نمایشەکەمان. هاندەران مافی خۆیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن، بێگومان بەبێ توندوتیژی. بەڵام ئەگەر بیانەوێت سوکایەتیمان پێبکەن مافی ئەوەیان هەیه.

وتیشی: ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە. من هەرگیز لە ژیانمدا تووشی ئەو شەرمەزارییە نەبووم. بەداخەوە، ئەمە ڕوویدا. فرمێسکەکانم لە توڕەیی و هەموو شتێک دەهاتە خوارەوە. بەداخەوە، من بە هیچ شێوەیەک نەمتوانی یارمەتی تیپەکەم بدەم. راستگۆبم، زۆر خراپ بوو، ئەوە ڕاستیەکەیە./.