بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا سێویان خۆشدەوێت بەهۆی تام و چێژی تایبەتی و جۆراوجۆرییەوە و ساڵانە نزیکەی 100 ملیۆن تۆن لەم میوەیە بەرهەم دەهێنرێت. ئەم میوە بەناوبانگە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە لە پێکهاتەی ڕووەکی وەک فلاڤۆنۆل کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی کێشێکی تەندرووست و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

سوودەکانی سێو تەنها بە ڤیتامینەکانیەوە سنووردار نییە. ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و دژە ئۆکسێنەرەکان کە یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆل و کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن و ڕێگری لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە و شەکرەی جۆری 2 دەکەن.

یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکان کە لە سێودا هەیە ڕیشاڵێکە پێی دەوترێت پێکتین. ئەم ڕیشاڵە بەهێزە یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆلی خراپ (LDL) لە خوێن دەدات و ئاستی شەکری خوێن بە کەمکردنەوەی هەڵمژینی شەکر و چەوری لە خۆراک ڕێکدەخات. ئەم تایبەتمەندییە سوودەکانی سێو بۆ کەسانی تووشبوو بە شەکرە یان ئەوانەی مەترسی تووشبوونیان لەسەرە زیاد دەکات.

توێژینەوەی زانستیش ئەم سوودانە پشتڕاست دەکاتەوە. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2017 دەریخست کە خواردنی بەردەوامی سێو پەیوەندی بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری 2 هەیە. توێژینەوەیەکی دیکه لە ساڵی 2022 هەروەها سەلماندی کە خواردنی سێو و بەرهەمەکانی دەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر ئاستی کۆلیسترۆل لە جەستەدا کەم بکاتەوە./.