بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەکە کە لە لایەن " گای هازۆت "ەوە ئامادەکراوە، مانگی تشرینی یەکەمی 2023 لە گەڵ شەڕی تشرینی یەکەمی 1973 بەراورد دەکات و دەریدەخات ئەوەی کە ئەم بەراوردکردنە هێندەی تر بە ئازارتر دەکات ئەوەیە کە لە کەرتی غەززە ڕوویدا هێرشی زلهێزێکی گەورە یان هاوپەیمانییەکی ناوچەیی نەبووە، بەڵکوو گورزی هێزێکی خۆڕاگریی گەمارۆدراو بووە. ئەم ڕووداوە قوڵایی قەیرانی پێکهاتەیی لە ناو سیستەمی ڕژێمی زایۆنیستی ئاشکرا دەکات.

توێژەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکردایەتی ئیسرائیل سەرسام بووە بە توانای خۆڕاگریی فەڵەستین بۆ چوونە ناو سنوورە قەڵادارەکان و لەکارخستنی بنکە سەربازییەکان و گرتنی سەربازەکان و بێ تواناکردنی سوپا. هەروەها باسی لەوە کردووە که خۆڕاگری توانی لاوازییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بگۆڕێت بۆ لاوازی ستراتیژی کوشندە.

کۆمەڵگایەک لە قەیراندا

توێژینەوەکە دەریخستووە کە کۆمەڵگای زایۆنیست هێشتا لەم بوومەلەرزەیە (زریانی ئەقسا) چاک نەبووەتەوە و سەرکردایەتی ڕژێم وانەکانی شەڕی ساڵی 1973ی فێر نەبووە. بە گوێرەی توێژینەوەکە، پشتبەستنێکی زۆر بە تەکنۆلۆژیا، لە گومەزەی ئاسنینەوە تا دەگاتە سیستەمی هەستەوەر و سیاجەکانی زیرەک، هەستێکی ساختەی ئاسایشی درووستکردووە کە وایکردووە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان سادەترین هۆشدارییەکان پشتگوێ بخەن. کاتێک کارەساتەکە ڕوویدا، سوپا هیچ پلانێکی ئامادەکراو و فەرماندەیی یەکگرتووی نەبوو و دابەزی بۆ ئاژاوەگێڕی و لاوازیی تەواوی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئاشکرا کرد.

هازۆت هەروەها کاریگەرییەکانی شەڕی 1973 و شەڕی 2023ی بە سەر کۆمەڵگای زایۆنیستدا بەراورد کردووە، چونکە ئەو ئەفسانە لەمێژینەی باڵادەستی ئاسایش و هەواڵگریی زایۆنیستی کە بەردەوام شانازییان پێوە دەکرد، شکاند. ئەو پێی وایە کە کۆمەڵگای زایۆنیستی لە ساڵی 1973 بە هەستی یەکگرتوویی ناوخۆیی سەریهەڵدا و سەرکردەی سیاسی نوێ وەک مێناخێم بێگین سەریانهەڵدا و گۆڕەپانی سیاسی شایەتی شۆڕشێک بوو کە کۆتایی بە هەژموونی پارتی کرێکاران هێنا و ڕێگەی بۆ ڕاستی کردەوە.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە لە دوای ساڵی 2023 کۆمەڵگای زایۆنیست شایەتی دابەشبوونی قووڵ دەبێت کە بە هۆی شەڕی غەززەوە توندتر بووە. فراکسیۆنێک پێی وایە درێژەدان بە شەڕ تا " چارەسەری تەواو " تاکە ڕێگایە بۆ گەڕاندنەوەی ڕێگریکردن، لە کاتێکدا فراکسیۆنەکەیتر داوای دانوستان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنی مرۆیی و ئابوری.

بە بڕوای هازۆت، ئەم دابەشبوونانە ئیتر تەنیا مشتومڕی سیاسی نین؛ ئەوان بوونەتە قەیرانێکی ناسنامە کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی تەواوی پرۆژەی زایۆنیستی دەکەن.

قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان

هازۆت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە خۆڕاگریی فەڵەستین لە کۆکردنەوەی هاوپشتی جەماوەریی جیهانیدا سەرکەوتوو بووە و ڕژێمی زایۆنیستی لە پێگەی دابڕانی ئەخلاقیدا داناوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە شکستی ئەخلاقی ڕژێم لە ساڵی 2023 زۆر گەورەترە لە شکستی سەربازی لە ساڵی 1973.

لە لایەکی دیکەوە نووسەر پێی وایە کە شەڕی غەززە جارێکی دیکە مشتومڕەکانی سەبارەت بە سنووری دەسەڵاتی ڕژێمی زایۆنیستی هێناوەتە ئاراوە. شەڕە داگیرکارییەکانی پێشوو بە چەسپاندنی وێنەی ڕژێم وەک زلهێزێکی گەورەی ناوچەیی کۆتاییان هاتبوو، لە کاتێکدا شەڕی غەززە پیشانیدا کە ڕژێمی ئیسرائیل سەرەڕای باڵادەستی خۆی دەتوانێت شەڕی خۆی بدۆڕێنێت و هێزی ئاسمانی و زرێپۆش و هەواڵگری بەس نییە بۆ سەرکەوتن لە شەڕێکدا لە دژی دوژمنێک کە ئیرادە و بڕوای هەڵگیرسانی شەڕی هەبێت.

کارەساتێک

توێژەر لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی لێدەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردایەتی سیاسی دەبێت لەوە تێبگات کە داگیرکاری بەردەوام خۆڕاگریی بێکۆتایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و گرەوکردن لە سەر شکاندنی ئیرادەی گەل وەهمێکی کوشندەیە.

ڕاشیگەیاندووە کە بەڵام ئەوەی بە کردەوە ڕوودەدات تەواو جیاوازە. کابینەکە لە سەر ڕێگای ئێستای بەردەوامە، کۆمەڵگا دابەش بووە و سوپاش لە گەڵ شکستە یەک لە دوای یەکەکاندا دەجەنگێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی ڕاستییەکان، ئەوا کارەساتی لە پێشە و دەتوانێت ڕۆخێنەرتر بێت./.