بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێران و چین، دوو شارستانییەت کە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەیان لە بواری ئابووری و کەلتوریدا هەیە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەرچاو.

لە گەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێی نێوان پەکین و واشنتن و ناسەقامگیری هەندێک ڕێڕەوی بازرگانی، شرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای تایبەتی خۆیەوە، دەتوانێت ببێتە ڕێگەیەکی بەدیل و سەلامەت بۆ بازرگانی جیهانی چین.

دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوبانی چین (BRI) کە لە ساڵی 2013 دەستیپێکردووە، ئامانجی درووستکردنی تۆڕێکە لە ڕێڕەوی گواستنەوە و وزە لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقا. 

ئێران کە لە یەکتربڕینەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور و باشور هەڵکەوتووە، توانای ئەوەی هەیە ببێتە گرێیەکی سەرەکی لەم تۆڕەدا.

دەرفەتێکی مێژوویی لە سێبەری سزاکان

 سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران و هاوبەشی سەرەکی بازرگانی تاران دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە پیشان دەدات کە هەردوو وڵات دەتوانن پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن، تەنانەت لە ژێر فشاری دەرەکیشدا. 

بە وتەی بەردیا باقری، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەبێت ئەو هاوکارییانە لە دەرەوەی مامەڵەی کورتخایەن پێناسە بکرێن و لە شێوەی هاوبەشییەکی بەردەوام و ستراتیژیدا بەرەو پێشەوە بچن.

ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا: سەلامەتترە لە ڕێگای جێگرەوە 

شارەزایانی گواستنەوە پێیان وایە ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا کە بە خاکی ئێراندا تێدەپەڕێت، دەتوانێت بەدیلێکی سەلامەت بێت بۆ ڕێگا گرژەکانی ئێستا. ڕێگای ڕووسیا بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە، هەروەها ڕێڕەوی قەوقازی ناوەڕاستیش کاریگەری ئەمریکای لە سەرە لە زەنگەزۆر.

لە وەها هەلومەرجێکدا، ئێران وەک ڕێڕەوێکی باشور کە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی لە ئاسیای ناوەڕاست، ئەفغانستان (ڕێگای واخان) و پاکستان (CPEC)ەوە، دەتوانێت بە ئاسایش و سەقامگیری زیاترەوە ڕۆیشتنی کاڵای چینی بۆ ئەورووپا مسۆگەر بکات.

ڕێڕەوی چین - ناوەڕاستی ئاسیا - ڕۆژئاوای ئاسیا 

یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانی ئەم چوارچێوە ڕێڕەوی شەمەندەفەری چین - ناوەڕاستی ئاسیا - ڕۆژئاوای ئاسیا  (CAWA)یە کە ناوچەی سینکیانگ لە ڕۆژئاوای چین بە کەنداوی فارس و دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕێگایە نەک هەر ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی کاڵاکان دەکات، بەڵکوو ڕێگە دەدات وزە لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بگوازرێتەوە.

پێشهاتە جیهانییەکان کە هاوکارییەکانی ئێران و چین خێراتر دەکەن 

پێشهاتەکانی ئەم دواییە، وەک شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی و دووبارە چوونە ژوورەوەی ئەمریکا بۆ ناو قەوقاز، زیاتر لە هەموو کاتێک تیشکیان خستووەتە سەر پێویستی هاوکاری نێوان تاران و پەکین.

 لەم جۆرە هەلومەرجەدا شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نەک تەنیا لە ڕووی ئابورییەوە، بەڵکوو لە بواری سیاسی و ئەمنیشدا لە ئاستی ستراتیژیدا پێناسە بکرێتەوە.

کاریگەرییە ناوچەیی و جیهانییەکانی هاوکاریی نێوان دوو وڵات 

زیادبوونی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و چین تەنیا سوودی بۆ ئەم دوو وڵات نییە. چالاکبوونی ڕێڕەوی بازرگانی و وزە دەتوانێت ببێتە هۆی خۆشگوزەرانی ئابوری لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و تەنانەت ئەورووپا. لە هەمان کاتدا پێکهێنانی ڕێگایەکی پارێزراو لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا هاوسەنگییەکی نوێ لە هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکاندا درووست دەکات.

لە کۆتاییدا ئەگەر ئێران ژیرانە سوود لەم دۆخە وەربگرێت، دەتوانێت پێگەی خۆی لە نەزمی نوێی جیهانیدا بەرز بکاتەوە و ببێتە هاوبەشی ستراتیژی چین لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا؛ ڕێگایەک کە نەک تەنیا بەرژەوەندییە ئابورییەکان بەڵکوو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەهێزتر دەکات./.