بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چاودێرانی سیاسی پێشبینی سیناریۆی ئەگەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی میسر دەکەن: دووبارەبوونەوەی ئەنجامە پێشوەختە دیاریکراوەکان و کەمی بەشداریکردن، باشترکردنی بچووک و دراماتیک بۆ درووستکردنی ڕواڵەتێکی کێبڕکێ، یان جۆرێک لە کرانەوەی سیاسی سنوردار و حیسابکراو بۆ گەڕاندنەوەی هەندێک متمانەی گشتی.
دوابەدوای ئەوپەڕی کەمی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پیران، بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی میسر لەوانەش هاوپەیمانی " بزووتنەوەی دیمۆکراسی مەدەنی "، بە جددی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی تشرینی یەکەمدا تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پیران بە ڕێژەی 17.1% ڕاگەێندرا، بەڵام کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە نێویاندا عەلا ئەلخەیام، ئەندامی بزوتنەوەی ئەلئەمەل، ئەم ژمارەیە بە زیادەڕەوی دەزانن و پێیان وایە ڕێژەی بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە 8% زیاتر نەبووە.
عەلا ئەلخەیام، ڕێکخەری " بزوتنەوەی ئەلئەمەل " و ئەندامی " بزوتنەوەی دیمۆکراسی مەدەنی " لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "ل ە زۆرێک لە بنکەکانی دەنگدان کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن بەدیکرا و زۆرێکیان تەنانەت ناوی کاندید و لایەنەکانیشیان نەدەزانی و تەنانەت بەشێک لە فەرمانبەرانی حکومیش لە ژێر فشاردا ناچاربوون بەشداری هەڵبژاردن بکەن ". هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی بەرچاوی دەنگە نادرووستەکان کرد کە لە هەندێک بواردا گەیشتە 30 بۆ 40%، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەدەستچوونی متمانەی گشتی بە پرۆسەی سیاسی زیاتر کردووە.
لەمبارەیەوە، عەمر هاشم ڕەبیع، شرۆڤەکاری سیاسی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیرانی بە شکستێکی گەورە ناوبرد و وتی: ئەم ڕووداوە دوودڵی خەڵکی قووڵتر کردووەتەوە بۆ بەشداریکردن نەک تەنیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵکوو لە هەر چالاکییەکی سیاسیشدا.
ڕوونیشی کردەوە: " خەڵک ئێستا ئەو پرۆسانە زیاتر وەک پاکتاوکردن دەبینن نەک ڕکابەرییەکی ڕاستەقینە، بەڵام ئێمە پێمانوایە گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک هێشتا دەکرێت، بە مەرجێک حکومەت هەنگاوی ڕاستەقینە بنێت؛ بۆ نموونە ئەنجامدانی دانیشتنێکی بەپەلە لە پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پەیوەست بە " لیستی ڕەها " چونکە لیستی ڕەها هیچیتر نییە لە دامەزراندنێکی شاراوە و پەسەندکردنی پێشوەختە دیاریکراو و هەڵوەشاندنەوەی لە بەرژەوەندی کەسی نزیک سیستەمی لیست یان تەنانەت سیستەمی تاکەکەسی هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی دەبێت کە پیشان دەدات کە چاکسازییەکان جددین ".
هاوکات پارتەکانی نزیک لە حکومەت وەک " داهاتووی نیشتمان " و " بەرگریکارانی نیشتمان "، ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕاگەیاندووە و جەختیان لە سەر دروشمی شایستەیی لە هەڵبژاردنی کاندیدەکاندا کردووەتەوە.
شرۆڤەکار و سیاسەتمەداری میسری عەلا ئەلخەیام بە ئاماژە بە سیناریۆی ئەگەری، ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکات ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی میسردا بە کەمی بمێنێتەوە، هەرچەندە حکوومەت هەوڵی زیادکردنی ئەو ڕێژەیە دەدات بە هەڕەشەکردن و فشارخستنە سەر فەرمانبەرانی حکوومی و فەرمانبەرانی دەزگا حکوومییەکان. بەڵام بڕیاری بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ کێبڕکێ لە سەر کورسی تاکەکەسی ڕەنگە لە هەندێک بواردا کێبڕکێ درووست بکات، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتیان بیر لە دەنگدان بکەنەوە.
ناوبراو ڕەشبینی خۆی لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسی دەربڕی و وتی: بەداخەوە دۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات و هەڵبژاردنیش لەبری ئەوەی مانای ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی هەبێت، بووەتە ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێک، لەبری ئەوەی هەڵبژاردن وەک گۆڕەپانێک بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینە بزانن، بەرپرسانی میسر خۆیان شانازی بە گرووپە سەما و موزیکییەکانی بەردەم وێستگەکانی دەنگدان دەکەن.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە باشترکردنی دۆخی سیاسی پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی سیستەمەکەدا، نەک تەنیا دووبارەکردنەوەی هەمان میکانیزمە کۆنەکان. جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا لە قۆناغی لاوازی و دابەشبوونی ناوخۆدایە، ئەمەش بێزاری هاوڵاتیان زیاتر دەکات.
وتیشی کە سەرەڕای ئەوەش هانی هەر هەوڵێک دەدەین بۆ یەکگرتن و خستنەڕووی چارەسەری بەدیل و بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک لە بزوتنەوەی مەدەنیدا ئەنجام دەدەین بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستی کۆتاییمان سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان.
هەروەها سەعید سادق، مامۆستای کۆمەڵناسی سیاسی، پێشبینیشی کردووە کە لە غیابی چاکسازیی سیاسی و ئابوری بەرجەستە، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە سەدا 20 بۆ 30 تێناپەڕێت، هەروەها جەختی لە سەر پێویستی شەفافییەتێکی زیاتر لە پرۆسە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کاندیدە سەربەخۆکان و دەستەبەرکردنی چاودێریکردنی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکان کردەوە./.