بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاشکرابوونی ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییانی مەدەنیی شەڕی غەززە، بانگەشەکانی ڕژێمی زایۆنهیستی سەبارەت بەو ئامارانە دەخاتەڕوو و پیشان دەدات کە ئامارەکان لە گەڵ ئەوەی بەرپرسانی زایۆنیست دەیڵێن، بە تەواوی جیاوازە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی ڕۆژنامەی " زە گاردیەن "ی بەریتانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی " لۆکاڵ کاڵ " و گۆڤاری "972 + "، داتای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی دەریدەخات کە 83%ی ئەو فەڵەستینییانەی لە شەڕی غەززە گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی مەدەنی بوون و ئەم ژمارەیەش پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی پێشووی ڕژێمی تەلئەبیبن کە دەڵێت " حەماس " و " جیهادی ئیسلامی " دەکاتە ئامانج.
لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، تا مانگی ئایاری 2024، لە هەر شەش فەڵەستینیی کە لەو شەڕەدا گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەسیان هاووڵاتی مەدەنی بوون، هاوکات ئامارە فەرمییەکانیش کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی فەڵەستین لەم ماوەیەدا بڵاوکراونەتەوە، کۆی ژمارەی قوربانییان لە 53 هەزار کەسدا خستووەتەڕوو.
بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بەرپرسانی هەواڵگریی ڕژێمی زایۆنیستی 8900 ناوی ئەو کەسانەیان لە بنکە زانیارییە نهێنییەکانیاندا خستووەتە لیستی ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامی وەک کوژراو، لە کاتێکدا تەنانەت ئەم ژمارەیە دەریدەخات کە تەنیا 17% ی کۆی قوربانییەکان چەکدار بوون و 83% دیکەش خەڵکی مەدەنی بوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێستا کۆی قوربانیانی شەڕی غەززە زیاتر لە 62 هەزار شەهید و ژمارەی بریندارەکانیش زیاتر لە 157 هەزار کەس ڕاگەێندراوە./.