بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە زیاتر لە 60 وێستگەی پاککردنەوەی ئاو و پەمپکردنی ئاو لە کەرتی غەززە لەکارخراون. هەروەها هێرشەکانی ئەو ڕژێمە ژێرخانی ئاوی غەززەی لەناوبردووە یان زیانێکی زۆری پێگەیاندووە.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە مانەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی غەززە بەس نییە بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستی ئاوی زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەلئەبیب ڕێگری دەکات لە هاتنە ناوەوەی کەرەستەی پێویست بۆ پاککردنەوەی ئاو و گواستنەوەی بۆ ناو غەززە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024ەوە لە کۆی دە داواکاریی پزیشکانی بێسنوور بۆ هاوردەکردنی ئەو جۆرە کەلوپەلانە تەنیا یەک داواکاری پەسەند کراوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی دوو لە سەر سێ بۆری سەرەکی ئاوی غەززەی لەناوبردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، لەسەدا 70ی ئەو ئاوەی کە دەخرێتە ناو تۆڕی دابینکردنی ئاوی غەززە، بە هۆی زیانی هێرشەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت. هەروەها سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕێگری دەکات لە چاککردنەوەی تۆڕی دابینکردنی ئاو./.