بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی " رای الیوم " کە لە لەندەن نوێ دەکرێتەوە، لە سەروتارێکدا کە عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری گۆڤارەکە نووسیویەتی، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی لە لوبنان سەبارەت بە چەکی خۆڕاگری شیکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم کارە تەنیا کارێکی دادوەری و سیاسی نییە دژ بە حزبوڵڵا، بەڵکوو پێشەکییەکە بۆ شەڕێکی ناوخۆ لە ژێر بەرگی یاسا و هەوڵێکە بۆ پێدانی یاسایی پێگەی خۆی بۆ بڕیاری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا لە لایەن سوپای ئەو وڵاتەوە کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی پێش کۆتایی ساڵ گیراوەتەبەر.
سکاڵاکە لە سەر ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا لە کۆبوونەوەیەکدا ئێوارەی سێشەممە لە ئۆفیسی فەریق ئەشرەف ڕیفی، ئەندامی ئێستای پەرلەمان و وەزیری پێشوو لە گەڕەکی ئەشرەفیە لە بەیروت تۆمارکراوە. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرەتا پێداچوونەوەیان بە وتارەکەی ئەم دواییەی شێخ نەعیم قاسم کرد و دواتر بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا حزبوڵڵایان تۆمەتبارکرد بە هاندانی ناکۆکی تائیفی و مەزهەبی و بەرکەوتنی وڵات بۆ شەڕی ناوخۆ، بڕیاریاندا بابەتەکە ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری لوبنان بکرێت. دواتر هەوڵیاندا بە ڕاوێژ لە گەڵ ئەندامانی پەرلەمان و سەرکردەی حزبەکانیتر بەرەیەکی دژە خۆڕاگری درووست بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەکی خۆڕاگری بە پێی ڕێکەوتنی تایف بە تەواوی یاساییە. ڕێکەوتنی تایف بە ڕوونی پێویستی ڕاگرتنی چەکی خۆڕاگریی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژییە دووبارەبووەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە لوبنان خستووەتەڕوو.
ئەوەی ئێمە لە لوبنان ڕووبەڕووی دەبینەوە، هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە زووترین کاتدا و هاوپەیمانی هێزە سیاسی و پەرلەمانییەکان و سیستەمی دادوەری لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە خۆڕاگری بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پلانە ئەمریکییەی کە لە لایەن تۆماس باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان گەیانراوەتە سێ جومگەی حوکمڕانی، لەوانەش حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمان.
ئەم هەنگاوە دەستپێکی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی و زۆر مەترسیدارە لە لوبنان کە بە تاوان ناساندنی چەکی خۆڕاگری و بڕینی دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە دارایی و چەکەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بەتایبەت لە ڕێگەی سوریاوە دەستیپێکرد.
بەڕێکەوت نییە کە چەسپاندنی سیاسەتی نوێ و پریشکی سەرەتایی شەڕی ناوخۆی نوێ لە ناوچەی شەرەفییە دەست پێبکات، چونکە پریشکی یەکەم شەڕی ناوخۆ لەم ناوچەیەدا هەڵگیرسا. هەمان مێژووی خوێناوی دووبارە خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەو جیاوازییەی کە یەکەم شەڕی ناوخۆ بۆ داماڵینی چەک لە خۆڕاگریی فەڵەستین دەستیپێکرد - کە بەهرەمەند بوو لە پشتیوانی گرووپە نەتەوەییەکانی لوبنان. و ئەمجارەش دژی خۆڕاگریی لوبنانە کە دووجار ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان تێکشکاندووە؛ یەکەمجار کە باشوری لوبنانی ڕزگار کرد و جاری دووەمیش کە بەرەنگاری لەشکرکێشی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیستی بووەوە لە تەمموزی 2006.
ئەوانەی هەوڵی چەکداماڵینی حزبوڵڵا و ڕاکێشانی لوبنان بۆ شەڕی ناوخۆ دەدەن، ئەم دوو سەرکەوتنە درەوشاوەی مێژووی لوبنان و ناوچەکەیان لەبیرکردووە و لەبیریان چووە کە چەکی خۆڕاگری هەرگیز ئاراستەی گەلی لوبنان نەکراوە، بەڵکوو هەمیشە ئامانجی دوژمن بووە و بۆ بەرگریکردن لە لوبنان بەکارهاتووە. لە هەمووی گرنگتر لەبیریان چووە کە ئەوە نوێنەری حزبوڵڵا و بزوتنەوەی ئەمەل بوون کە سەرۆکی ئێستا، جۆزێف عونیان هێنایە کۆشکی سەرۆکایەتی دوای ئەوەی وڵاتەکە دوو ساڵی تەواو بێ سەرۆک بوو. ئەوانە بوون کە دەنگی متمانەیان بە کابینەی سەرۆک وەزیران نەواف سەلام دا کە ئێستا لە هەموو کەس زیاتر کار بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا دەکات.
ئەو دەنگانەی کە ئەمڕۆ بۆ دادگاییکردنی شێخ نەعیم قاسم و پێشکەشکردنی پشتیوانی یاسایی و سیاسی بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا لە لوبنان بەرز دەکرێنەوە، لە یەکەم شەڕی ناوخۆدا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا و ئەمڕۆش سەرناکەون. چونکە وەک شێخ قاسم لە وتارەکەیدا وتی " شەڕی کەربەلا " لە پێشە؛ واتە یان سەرکەوتن یان شەهیدبوون.
چەکی خۆڕاگری پیرۆزە و جگە لە مەبەستی پیرۆز بەکارناهێنرێت، گرنگترینیان پاراستنی لوبنان و سەروەری وڵاتەکەیە لە بەرامبەر هەر داگیرکارییەکی ڕژێمی زایۆنیستی./.