بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید، لە هەنگاوێکی نوێدا کە تیشک دەخاتە سەر قووڵی هاوکاری وزەی نێوان قاهیرە و تەلئەبیب، میسر و ڕژێمی زایۆنیستی ڕێکەوتنێکی گەورەی چەند ساڵەیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی ڕاگەیاند. ئەم ڕێکەوتنە لە کاتێکدایە کە میسر هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی وەک ناوەندێکی ناوچەیی بۆ بازرگانیکردن و شلکردنەوەی غاز بەهێزتر بکات و پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی خۆی دابین بکات، هەروەها ڕژێمی زایۆنیستی ژێرخانی میسر بەکاردەهێنێت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و ئاسیا.

ئەم ڕێکەوتنە کە بە یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی وزەی نێوان هەردوولا دادەنرێت، ڕەهەندی ئابوری و جیۆپۆلەتیکی بەرچاوی هەیە، بەتایبەت لە چوارچێوەی پێشهاتە ناوچەییەکان و گوشارەکانی بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا.

کۆمپانیای نیومێد ئینێرجی کە هاوبەشە لە کێڵگەی غازی لڤیاتانی ڕژێمی زایۆنیستی، لە 7ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنی غازی بۆ میسر واژۆ کردووە کە بەهای نزیکەی 35 ملیار دۆلارە. بە پێی ڕێکەوتنەکە، ڕژێمی زایۆنیستی تا ساڵی 2040 نزیکەی 130 ملیار مەتری سێجا غاز هەناردەی میسر دەکات، یان تا ئەو کاتەی قەبارەی ڕێکەوتنەکە تەواو دەبێت. ڕێکەوتنەکە هەموارکردنەوەی ڕێکەوتنێکی پێشووە کە لە ساڵی 2019 واژۆ کرابوو، کە تا سەرەتای ساڵی 2020 هەناردەکردنی 60 ملیار مەتر سێجا غازی لەخۆدەگرت.

لە لایەکی دیکەوە، جوزێپی گالیانۆ، نووسەر و توێژەری ئیتاڵی و سەرۆکی سەنتەری کارلۆ دی کریستفۆریس بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، لە شیکارییەکدا کە ماڵپەڕی ئینساید ئۆڤەری ئیتاڵی لە 10ی ئابدا لە ژێر ناوی " رێکەوتنی غازی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و میسر؛ زیادبوونی پشتبەستنی قاهیرە بە تەلئەبیب " بڵاویکردووەتەوە: " ئێمە لە لێواری ڕێکەوتنێکی مێژوویین کە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ".

ئەمە لە کاتێکدایە کە تا 30 ساڵ لەمەوبەر نزیک بوو لە مەحاڵەوە کە لایەنی بەرامبەری گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنی وزە کە تا ئێستا ڕژێمی زایۆنیستی واژۆی لە سەر کردووە، میسر بێت. میسر یەکەم وڵاتە کە لە ساڵی 1979 پەیمانی ئاشتی لە گەڵ قەوارەی جوولەکە واژۆ کردووە و وڵاتێکی دراوسێیە کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەو ڕژێمە هەمیشە بە " ئاشتییەکی سارد " تایبەتمەند بووە کە پەیوەندی دامەزراوەیی و سەقامگیری هەیە بەڵام متمانەیان بە یەکتر نەبووە.

دابەزینی بەرهەمەکان و لەناوچوونی هیواکان لە میسر

گالیانۆ لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، بارودۆخی ناوخۆیی میسر گرنگی ئەم ڕێکەوتنەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی غازی میسر بە ڕێژەی 45%دابەزیوە، لە 6.1 ملیۆن مەتر سێجا لە مانگی ئازاری 2021 بۆ 3.5 ملیۆن مەتر سێجا لە مانگی ئایاری 2025. ئەم دابەزینە بە چەند هۆکارێکەوە، لەوانە دابەزینی سرووشتی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە کۆنەکان، دواکەوتنی پەرەپێدانی کێڵگە نوێیەکان، کێشەی تەکنیکی و ڕەنگە شکست لە بەڕێوەبردنی ژێرخانی وزە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەم کورتهێنانە قاهیرەی ناچارکردووە بە نرخێکی زۆر غازی سرووشتی شل هاوردە بکات، ئەمەش کورتهێنانی بازرگانیی گەورەتر کردووە و گوشارەکانی لە سەر نرخی ئاڵوگۆڕ و هەڵاوسانی ناوخۆ زیادکردووە. لەمبارەیەوە شایەنی باسە، تێکڕای نرخی غازی سرووشتی شل لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی 13.50 دۆلارە بۆ هەر ملیۆنێک یەکەیەکی گەرمی بەریتانی، کە نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە نرخی غازی ئیسرائیل کە 7.75 دۆلارە. بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان، نرخی ڕێکەوتنی کڕینی غاز لە تەلئەبیبەوە نزیکەی لەسەدا 20 زیاترە لە تێکڕای نرخی ڕژێمی زایۆنیستی، بەڵام هێشتا ڕکابەری و گونجاوە.

کارلۆ دی کریستوفۆریس، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ئاماژەی بەوەدا کە میسر هیوای خواستبوو تا ساڵی 2022 ببێتە ناوەندێکی وزە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە ڕێگەی دوو وێستگەی شلکردنەوەی غاز لە ئێدکۆ و دامێتا، هەروەها هەناردەکردنی غاز لە ڕێگەی هاوردەکردنی گازی کێڵگە غازییەکان لە ئیسرائیل و قوبرس، بەڵام قەیرانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وایکرد ئەم ڕێبازە بە تەواوی بگۆڕێت. لە ناوەندێکی هەناردەکردنی ئەگەرییەوە، ئێستا میسر جارێکی دیکە لە ڕووی پێکهاتەییەوە وابەستەی هاوردەکردنە بۆ دابینکردنی وزەی پێویستی دانیشتووانەکەی و پاراستنی ئابورییە ناسکەکەی.

گالیانۆ باس لەوە دەکات کە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە ئەمە بەو مانایەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی جارێکی دیکە لە پێگەی دابینکەرێکی ستراتیژی و جێگرەوە نییە، بەو پێیەی غازەکەی لە سەدا 15-20 ی پێداویستییەکانی میسر دابین دەکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لەبەردەم پەیوەندییەکی ناهاوسەنگدایە، بەو پێیەی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ئەم گرێبەستە یەکێکە لە چەند سەرچاوەیەکی داهات، بەڵام بۆ میسر مەرجێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا ئەم هەنگاوە مانای ئابوری هەیە، بەڵام مەترسی سیاسی بەرچاوی لەگەڵدایە. ڕای گشتی میسر تا ڕادەیەکی زۆر دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی. بە گوێرەی ڕاپرسییەک کە لە لایەن بارۆمێتری عەرەبی ئەنجامدراوە، تەنیا لە سەدا 5 ی خەڵکی میسر پەیوەندیی کراوە لە گەڵ تەلئەبیب قبوڵ دەکەن، لە کاتێکدا تەنیا لە سەدا 11 بە پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا ڕازی دەبن.

ئەو نووسەر و توێژەرە زیادی کرد: ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێت درزەکانی نێوان دەسەڵاتەکەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و کۆمەڵگایەک کە لە مێژوودا هاوسۆزی لە گەڵ فەڵەستینییەکان هەبووە قووڵتر بکاتەوە. هەروەها وێنەی قاهیرە دەکێشێت کە بە هۆی گوشاری ئابورییەوە تەسلیمی تەلئەبیب بووە. لە کاتی هێرشە مووشەکییە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی، سەدان ئیسرائیلی توانیان نیمچە دوورگەی سینا ببڕن بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی کاتی، بەڵام خەڵکی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە لەژێر بۆردوماندان، دەرفەتی لەو شێوەیەیان پێنەدراوە.

وزە وەک ئامرازێکی باج وەرگرتن

توێژەرە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەزموونی ئەردەن بە تایبەت لەم ڕووەوە ڕۆشنکەرەوەیە. لە ساڵی 2016 ئەو وڵاتە گرێبەستێکی 20 ساڵەی واژۆکرد بۆ هاوردەکردنی غاز لە کێڵگەی لیڤیاتانەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی ناوخۆیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە دەستیپێکردووە و پشتبەستن بە ڕژێمی زایۆنیستی بە " تاوانێکی سێ لایەنە " وەسف دەکات کە بریتییە لە هەڕەشەکردن لە سەروەری و گواستنەوەی سامانی گشتی بۆ ڕژێمێک کە بە دوژمن دادەنرێت، هەروەها ڕێگریکردن لە حکومەت لە وەبەرهێنان لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی وزەی نوێبووەوە.

گالیانۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە بەم نزیکانە میسر خۆی لەم دۆخەدا ببینێتەوە، چونکە ئاسایشی دابینکردنی وزە گەرەنتی نییە. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، پاش هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران، کێڵگەی لیڤیاتان داخرا. ئەمەش بە ڕوونی ناسکی ژێرخانی وزە نیشان دەدات. هەروەها پچڕانی دابینکردنی غاز لە لوتکەی هاویندا و لە درێژخایەندا دەتوانێت ببێتە هۆی پچڕانی کارەبای بەرفراوان و گرژی کۆمەڵایەتی مەترسیدار.

ڕاشیگەیاند کە لە سەر ئاستی ستراتیژیدا، سوودێکی گرنگ هەیە کە تەلئەبیب لەم ڕێکەوتنە بەدەستی هێناوە، ئەویش ئەوەیە کە قاهیرە زیاتر وریا دەبێت لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر غەززە و لە دانوستانەکانی لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس. بەڵام بۆ میسر سەرەڕای پاراستنی ڕۆڵی نێوەندگیڕی، ئازادی کەمتر دەبێت بۆ گوشارخستنە سەر. بەم شێوەیە پەیوەندی وزە بووەتە چەقۆیەکی دیپلۆماسی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کە ڕەنگە لە پرسەکانی دیکەدا بەکاری بهێنێت، وەک ئاسایش لە دەریای سور یان هاوکاری سەربازی لە دژی گرووپە جیهادییەکان لە سینا.

توێژەرە ئیتاڵییەکە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک دابینکەرێکی متمانەپێکراو و سەرەکی لە ناوچەیەکی گرژ و ناسەقامگیردا جێگیر بکات و متمانە بەدەستبهێنێت لە گەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کە بە دوای هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەدا دەگەڕێن دوای قەیرانی ئۆکرانیا.

غاز، ئامرازێکە بۆ کاریگەری

گالیانۆ ڕایگەیاندووە کە ئەمە دەیسەلمێنێت ڕەوتێکی بنەڕەتی لە ئارادایە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا سەرچاوەی وزە نەک تەنیا بووەتە کاڵای بازرگانی بەڵکوو بووەتە ئامرازێک بۆ کاریگەری. هەر کەسێک کۆنترۆڵی ڕۆیشتنی غاز یان نەوت بکات، کاریگەری هەیە کە زۆر لە لایەنی ئابوری تێدەپەڕێت، کاریگەری لە سەر بڕیارە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکان و هەڵوێستە ستراتیژییەکان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تەحەدایەی کە میسر ڕوبەڕوی دەبێتەوە، ڕێگریکردنە لە گۆڕینی بەسراوەیی ئابوری بۆ بەسراوەیی سیاسی و پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ڕێکەوتنەکە، وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە، پەرەپێدانی بوارە نوێیەکان و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە. بەڵام بۆ ڕژێمی زایۆنیستی مەترسییەکە ئەوەیە کە بەکارهێنانی زۆری وزە ڕەنگە کاردانەوەی دوژمنکارانە بورووژێنێت و دراوسێکانی هان بدات بیر لە بەدیلەکان بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی هێزی موزایەدەی لە درێژخایەندا.

گالیانۆ لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، ئەو ڕێکەوتنە واژۆکراوەی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و میسر لە هەر حاڵەتێکدا یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە سەر تەختەی شەترەنجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە، بەو پێیەی لایەنە وزە و ئابوری و جیۆپۆلەتیکیەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی تەلئەبیب و قاهیرە پێناسە دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، فرانسیسکۆ ئەنگلۆنی، ڕێکخەری زانستی ڕوانگەی دەریای ناوەڕاست لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیاسی سنت پیۆسی پێنجەم لە ڕۆما ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکەوتنە کاریگەری ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە زیاد دەکات. بەم شێوەیە تەلئەبیب نەک هەر پێگەی خۆی وەک هاوبەشی وزەی قاهیرە چەسپاند، بەڵکوو هێزی دیپلۆماسی و ئابوری خۆی لە بەرامبەر وڵاتێکی سەرەکی لە ناوچەیەکی ستراتیژی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکرد.

کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابورییەکان

ئەنگلۆنی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا ئەو ڕێکەوتنە دەرفەتێک بۆ میسر دەڕەخسێنێت بۆ دەستەبەرکردنی دەستبەجێی دابینکردنی وزە و کەمکردنەوەی گوشارە داراییەکان، بەڵام دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە. لەم ڕووەوە ڕاپرسییەکانی ڕای گشتی دەریدەخەن کە سیاسەتەکانی حکومەتی میسر بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی جەماوەری نین. بە پێی ئامارەکانی بارۆمێتری عەرەبی بۆ ساڵی 2021-2022، تەنیا لە سەدا 5 ی خەڵکی میسر پشتگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەلئەبیب دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا ڕێکەوتنەکە ڕاستەوخۆ سود بە نوخبەی دەسەڵاتدار لە میسر دەگەێنێت، بە گەرەنتیکردنی دابینکردنی غاز بە نرخێکی کەمتر، بەڵام جیاوازییەکی توندی هەیە لە گەڵ زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی میسر کە تا ئێستاش دوژمنایەتییەکی قووڵیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستیدا هەیە، بەتایبەت لە بەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی قەیرانی فەڵەستین. دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە حکومەتەکەی سیسی لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ مەترسییەکی لە سەر نەبێت، بەڵام لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا دۆخەکە جیاوازە، چونکە ئەگەر دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵات خراپتر بێت و قەیرانی غەززە توندتر ببێتەوە، ناڕەزایی گشتی ڕەنگە ببێتە هۆی قەیرانی جددی و ناسەقامگیری.

ئەنگلۆنی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕێکەوتنە دەتوانێت پێگەی جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابووری ڕژێمی زایۆنیستی بەهێزتر بکات و زیاتر وەک یاریزانێکی باڵادەست لە ناوچەکەدا دیار بێت. بەڵام هاوسەنگی لە ناوچەکەدا هەروا بە ناسکی ماوەتەوە و میسر تادێت بەرەوڕوی پێشهاتە دەرەکییەکان یان ناوخۆییەکان دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هەستی دژە زایۆنیستی کەم نەبێتەوە، کە بە پێچەوانەوە بە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی غەززە بەهێزتر دەبێت، ڕەنگە دۆخی ئێستا بگۆڕێت و ببێتە هۆی گەڕانەوەی گرژییەکان، چ لە ناوخۆی میسر و چ لە تەواوی ناوچەکەدا./.