لە سەروبەندی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە جدە، سەرنجی ویژدانی جیهانی جارێکی دیکە چڕ بووەتەوە، ئەمجارەیان بە پەلەی زیاترەوە، لە سەر گەورەترین هەڕەشەی وجوودی و ناسنامەیی کە ناوچەکە و جیهانی ئیسلامیی گرتووەتەوە، واتە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی تەواوەتی غەززە و گۆڕینی بۆ زەوییەکی سووتاو. ڕژێمی زایۆنیستی قێزەونترین کۆمەڵکوژیی لە دژی ژنان و منداڵان ئەنجام داوە، چەندین جار دانیشتووانی بە زۆر ئاوارە کردووە، برسێتی وەک ئامرازێکی نوێ بۆ جینۆساید بەکار هێناوە و ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراکی کردووە بە تەڵەی مەرگ بۆ ژنان و منداڵانی برسی و بێتاوان. بەم شێوەیە یەکێک لە ترسناکترین کارەساتە مرۆییەکانی سەردەمی مۆدێرنی درووستکردووە. ئەوەی لە کەرتی غەززە دەگوزەرێت، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی کاتی یان قەیرانێکی ئاسایی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکوو کۆمەڵکوژییەکی ڕێکخراو و تەواو و پاکتاوکردنی نەتەوەیی ئاشکرایە کە لە سایەی بێدەنگی تەواوەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدرێت.

فراوانبوونی خێرای بنیاتنانی نیشتەجێبوون لە کەرتی خۆرئاوا، هاوکات لە گەڵ کردەوە تیرۆریستییەکانی دانیشتووانی چەکدار لە دژی فەڵەستینییەکان بە مەبەستی ئاوارەبوونیان بە زۆر و لکاندنی کەرتی خۆرئاوا بەم ڕژێمە، چڕبوونەوەی جوولەکەکردنی قودس، پێشێلکردنی دووبارەی ئاگربەست، بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، هێرشەکان بۆ سەر یەمەن، هەوڵدان بۆ لاوازکردنی بناغەکانی حکومەت لە سوریا و هاندانی پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی، هەروەها ئەو دەستدرێژییە سەربازییەی ئەم دواییە بۆ سەر ئێران کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە هەزار هاوڵاتی من و دواجاریش لێدوانی گشتی و بڵاوکردنەوەی نەخشەی ساختە لە لایەن سەرکردەکانی ئەم ڕژێمەوە سەبارەت بەوەی کە پێی دەڵێن " ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە " و نیازی فراوانخوازانەیان بەرامبەر بە دراوسێکانیان، هەموویان ئاماژەن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم وەرەمە شێرپەنجەییە و کاریگەرییەکەی لە تەواوی ناوچەکەدا.

پلانی داگیرکردنی کەرتی غەززە بە شێوەیەکی تەواو سەربازی و ئاوارەبوونی زۆرەملێی دانیشتووانەکەی بۆ ناوچە دوورەکان تەنیا قۆناغێکی نوێیە لە زنجیرەی ترسناکی جینۆسایدی گەلی فەڵەستین. کردەوە و لێدوانی تاوانبارانی جەنگی زایۆنیستی کە لە لایەن دادگا نێودەوڵەتییەکان داوای دەکەن، بە ڕوونی مەبەستی پێشوەختە دیاریکراوی ئەم ڕژێمە قۆرخکار و هەڵبەستراوە بۆ تەواوکردنی پرۆژەی پاکتاوی نەتەوەیی ئاشکرا دەکات. ئەوان مەبەستیان ئەوەیە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و گەڕانەوە نەکراو شوناسی جوگرافی و سیاسی غەززە بە تایبەتی و پرسی فەڵەستین بە گشتی بسڕنەوە. ئەم ڕژێمە داگیرکەرە لە گەڵ کارەسات و هەڵگیرسانی شەڕ لە غەززە و لوبنان و ناوچەکانی دیکەی ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا هەوڵی پارچەپارچەکردنی سوریا و درووستکردنی پشێوی لە ناوچەکانی وەک سوەیدا بە بۆردومانکردن و لەناوبردنی ژێرخانە گرنگەکەی دەدات.

لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی و چارەنووسساز دێتە ئاراوە: دوای سوریا، کام وڵات لە ناوچەکە دەبێتە ئامانجی دەستدرێژی سەربازی یان داگیرکاری؟ ئایا دەکرێت هیچ سنورێک بۆ تەماحە تێرنەکراوەکانی ئەم دەسەڵاتە هەبێت؟ لێدوان و کردەوەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە هاوتەریب لە گەڵ جێبەجێکردنی پلانی فراوانخوازی و شەڕەنگێزانە بۆ ئەوەی پێی دەوترێت " ئیسرائیلی گەورە لە نیلەوە تا فورات " تەنیا بانگەشەیەکی تێپەڕین نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنی ڕوون و ڕاستەوخۆی سیاسەت و ستراتیژێکە کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆی ناوچەکە، لەوانەش سوریا، ئەردەن و میسر و لوبنان و تەنانەت کوێت و عێراق و سعوودیە.

ئەم بانگەشەیە مەترسیدارە پێشێلکردنی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێسا ئیجباریەکانی یاسای نێودەوڵەتییە و بە ڕوونی مەبەستی شەڕەنگێزی ئەم ڕژیمە بۆ زاڵبوون بە سەر هەموو جیهانی ئیسلامیدا ئاشکرا دەکات.

لەم هەلومەرجەدا بەردەوامی هاوکاری و پاڵپشتیی بەشێک لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا بۆ ئەم دەسەڵاتە تاوانکارییە نەک هەر هاوبەشە لەو تاوانە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی پەرەسەندووە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا. دووبارە ڤیتۆکردنی بڕیارنامەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا وایکردووە ئەم دەزگا نێودەوڵەتییە بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕاگرتنی دەستدرێژی ئیسرائیل و دادگاییکردنی تاوانباران جێبەجێ نەکات.

کۆبوونەوە نائاساییەکەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە دۆخی فەڵەستینی داگیرکراو بەربەستی کارەساتی تێپەڕاندووە و وشە و دەستەواژەی دیکە بەس نین بۆ وەسفکردنی ئەم کارەساتە ترسناکە مرۆیی و ئەخلاقییە. باسکردنی ژمارەی شەهیدان و بریندارەکان شۆککەر و شەرمەزارییە؛ زیاتر لە حەفتا هەزار کەس - کە زۆربەیان ژن و منداڵن - لە ماوەی دوو ساڵدا گیانیان لەدەستداوە یان لە ژێر داروپەردووی بۆردومانەکاندا نێژراون و زیاتر لە سەد و حەفتا هەزار کەسیش بریندار بوون. بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژانە بە تێکڕا 38 منداڵی فەڵەستینی بە ترسناکترین شێوە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکوژرێن.

لەم دۆخەدا سەرۆک وەزیرانی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارییە، بە پشتیوانی تەواوی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا، بە شانازییەوە ڕایدەگەێنێت کە بەرپرسی جێبەجێکردنی بیرۆکەی " ئیسرائیلی گەورە "یە، کە خۆی نیازی ترسناکی داگیرکردن و لکاندنی زەوییە عەرەبی و ئیسلامییەکان نیشان دەدات، لە ئەردەن و میسر و لوبنان و سوریاوە تا سعوودیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە، هیچ بوارێک بۆ وەهم و بێباکی نییە.

لێپێچینەوەی یاسایی یەکلاکەرەوە لە ڕێگەی سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەوانەش دادگای نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆ دادگاییکردن و سزادانی سەرکردەکانی ئەم ڕژێمە تاوانکارییە، لە گەڵ سەپاندنی سزای هەمەلایەنەی سەربازی و ئابوری، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرن. جگە لەو ڕێوشوێنانە، پێشکەشکردنی هاوکاری خێرا و بێمەرج لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی سەلامەت لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی هاوکاریی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی بۆ دانیشتوانی گەمارۆدراوی غەززە بە بێ هیچ ئاستەنگێک، ئەرکێکی بەپەلەی مرۆیی و ئایینییە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە بە هەنگاوێکی پێویست دەزانێت بۆ هەماهەنگی ئەم ڕێوشوێنە کاریگەر و ڕێگر و بەپەلەیە. بەرپرسیارێتی ئایینی و مرۆیی ئێمە وەک نوێنەری وڵاتانی ئیسلامی، هاوکات لە گەڵ پابەندبوونی یاسایی وڵاتەکانمان وەک لایەنەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکەوتننامەی سەرکوتکردنی جینۆساید، و چوار ڕێککەوتننامەی جنێڤ (1949)، داوامان لێدەکات کە هەنگاوێکی کاریگەر و بەپەلە بگرینەبەر بڕیاری جیددی بۆ یارمەتیدانی براکانمان لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا، ڕاگرتنی جینۆساید، هەوڵدان و سزادانی تاوانباران و ڕێگرتن لە تەماحی فراوانخوازانەی ئەم ڕژێمە جینۆساید و یاساشکێنە لە جیهانی ئیسلامیدا و هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

هەر دوودڵییەک، لاوازییەک یان وەهمێک کە لە سەر بنەمای متمانە بە بەڵێنە فریودەرەکانی وەک " رێکەوتنی ئیبراهیم " بێت، زیانێکی گەورە بۆ نەتەوەی ئیسلامی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بێدەنگی و بێهەڵوێستی لە بەرامبەر کارەسات و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و دوودڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەت و کردەوەی نازی هاوشێوەی هیتلەری ئەو سەردەمە، نەک هەر خیانەتێکە لە گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین، بەڵکوو خیانەتێکە لە هەموو بنەما ئەخلاقییەکان و بناغەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە.

کاتی دروشمدان و دەرکردنی بەیاننامە و دەربڕینی ئیدانە و نیگەرانی کۆتایی هاتووە. ئێستا کاتی یەکڕیزی و هاوپەیمانییە، بە قسە و کردار، لە جیهانی ئیسلامیدا بڕیاری یەکلاکەرەوە و پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگی تەواو بۆ جێبەجێکردنیان، بە ئامانجی ڕزگارکردنی گیانی ستەملێکراوانی غەززە و پاراستنی جیهانی ئیسلامی. مێژوو ئەمڕۆ حوکممان دەدات. با بیسەلمێنین کە ئوممەتی ئیسلامی لە بە ئازارترین و چارەنووسسازترین ساتەکانی مێژووی خۆیدا توانای بەرگری لە ستەملێکراو و ڕاگرتنی بکوژی هەیە. پاراستنی جیهانی ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەروەری نەتەوەیی وڵاتانی ناوچەکە و وەدیهێنانی ئامانجی پیرۆزی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی کە قودس وەک پایتەختەکەی بێت، هەمووی پەیوەستە بەو بڕیارە بوێرانە و چارەنووسسازە کە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە بەرامبەر هەڕەشەی وجودیی ڕژێمی داگیرکەر و جینۆسایددا دەیگرێتەبەر.

سەید عەباس عێراقچی