بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هۆشدارییەکانی باڵیۆزخانەی واشنتن لە بەغدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش، پرسیاری زۆری لە بازنەی سیاسی و گشتیدا درووست کردووە. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم هۆشدارییانە لە ئامۆژگاری ڕۆتینی زیاتر نییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وریایی، بەڵام هەندێکی تر بە هۆشدارییەکی جددی دەزانن لەسەر بنەمای زانیاری درووست سەبارەت بە جموجۆڵەکانی گرووپەکە.

لە لایەکی دیکەوە هەندێک کەس کاتی ئەم هۆشدارییانە بە پەیوەندیدار بە ڕەهەندە سیاسییەکانەوە دەزانن و پێیان وایە کە ڕەنگە وەک پاساوێک بۆ بەردەوامی بوونی ئەمریکا یان دووبارە پێناسەکردنەوەی لە شێوەی "هاوبەشیی ئەمنی" نوێ و هەروەها نیگەرانییەکان لە زیادبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران کەڵک وەربگیرێت.

ئاگادارکردنەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وریایی

فازڵ ئەبوو ڕەغیف، شارەزای بواری ئەمنی لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هۆشداری بدات لە مەترسییەکانی داعش، لە ڕاستیدا ئەم جۆرە هۆشدارییانە بەشێکن لە پرۆسەی ئاسایی کارکردن و لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی وریاییدا دەردەچن.

ئەبو ڕەغیف زیادی کرد: داعش ئەگەر چالاکیش بێت یان بیەوێت بگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە سەردەمی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، ڕەنگە بتوانێت ئۆپەراسیۆنی سنوردار بۆ ماوەیەکی زۆر ئەنجام بدات، بەڵام ئەمە مەترسییەکی جددی نابێت. ئەمەش لە سایەی هەوڵە هەواڵگری و ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەسەر پێکهاتە و تۆڕ و توخمەکانیدایە.

ناوبراو وتی: داعش ئێستا نزیکە لە ئیفلیجبوون لە عێراق بە هۆی وێرانکردنی ئەو شوێنەی کە سەردەمانێک پێی دەگوترا پارێزگا و میرنشینەکەی، هەروەها کوشتنی نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی، هەروەها توخمەکانی ماونەتەوە لەنێو ئەو کەسانەدا کە کوژراون، دەستگیرکراون، شکستیان خواردووە، یان ئەوانەی سەرقاڵی چاککردنەوەی برینەکانیانن لە ناوچە جیاوازەکاندا بڵاوبونەتەوە.

ئەو پسپۆڕە دیارە ئەمنییە جەختی لەوە کردەوە: نابێت ئەم هۆشدارییانە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لێکبدرێتەوە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وریایی و ڕێگەگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنەوەی داعش یان پێگەیەکی نوێ.

سەبارەت بە کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا، ئەبوو ڕەغیف ڕایگەیاند: ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی هاوکاری لە بوارەکانی تردا نییە، بەو پێیەی هاوکاری هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و چەک و پاڵپشتی لۆجستی و مەشق و ڕاهێنان بەردەوام دەبێت، ئەمریکاش هاوکار دەبێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی شەڕ و پاڵپشتی تەکنیکی و هەواڵگریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق  لە فراوانبوونی چالاکییەکانی داعش لە عێراق و سوریا  هۆشداریدا و لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا، نیگەرانی قوڵی خۆی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان و فراوانبوونی ناوچەیی گرووپەکانی داعش و ئەلقاعیدە دەربڕی. هەروەها ئەمریکا سوپاسی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ گوشارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا و سۆماڵ و بە فاکتەری سنوردارکردنی چالاکییەکانی داعشی زانی.

لە بەرامبەر ئەم هۆشدارییەدا، سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش هیچ مەترسییەک بۆ سەر عێراق درووست ناکەن و بە هۆی وریایی هێزە ئەمنییەکان و هێرشە بەردەوامەکانیانەوە ئیفلیج بوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی سنورەکانی عێراق ب ەتەواوەتی مسۆگەرە و هیچ کام لە پێشهاتە ناوچەییەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر ئاسایشی عێراق نییە، عێراقیش متمانەی بە تواناکانی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییە مەیدانییەکانی هەیە.

ناسینەوەی تەواوەتی داعش لە لایەن ئەمریکاوە

لە لایەکی دیکەوە عەلا ئەلنەشوع شارەزای بواری ئەمنی لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هۆشدارییەکانی ئەمریکا درووستن، چونکە ئەمریکییەکان زانیاری درووستیان لە سەر داعش و هێزەکەی، هەروەها شوێنەکانی لە عێراق و سوریا هەیە.

ئەلنەشوع زیادی کرد: هەندێک لە ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان بە ڕوونی دەریانخست کە داعش لە ناوچەکانی وەک بیابانی سوریا و دۆڵی حوران و چیای سور چالاکە، پێشتر جموجۆڵی ئەم گرووپە لەو ناوچانە تۆمار کرابوو، داعش هێشتا توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەیە لە دژی هەندێک هێڵی بەرکەوتن و تەنانەت شارەکانیش.

ڕوونیشیکردەوە: ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان کە لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون، داعشی ناچارکردووە جمووجۆڵەکانی زۆر لە نزیکەوە بشارێتەوە، بەو پێیەی گرووپەکە نە هێڵی بەرگریی هەیە و نە توانای ئاسمانی هەیە بۆ بەرگەگرتنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە زانیاری ورد لەبارەی سەرجەم جمووجۆڵەکانی داعش لە ناوچەکە بە عێراق دەدات.

لەمبارەیەوە ئەو پسپۆڕە ئەمنییە ڕایگەیاند: عێراق زۆر پێویستی بە پاڵپشتی ئاسمانی و هەواڵگریی ورد هەیە بۆ ئەوەی ئاسایشی سنوورەکانی باشتر بپارێزێت، هەرچەندە هێزە عێراقییەکان توانای وشکانی و مەیدانی پێویستیان هەیە بۆ شەڕکردن، بەڵام ئەم توانایانە ناتوانن سوودی پێویست لە ڕووبەڕووبوونەوەی وشکانی درووست بکەن بە بێ ئەوەی ڕووپۆشێکی بە هێزی ئاسمانی نەبێت.

ئەلنەشوع لە کۆتاییدا وتی: داعش هێشتا زانیاری درووستی لەبارەی یەکە سەربازی و مەدەنییەکانی عێراقەوە لەبەردەستە، لەنێویاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی کە هەندێک توانای وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەریان هەیە. لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پشتیوانی ئاسمانی و هەواڵگری توخمێکی بنەڕەتین لە دیاریکردنی چارەنووسی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوو لە گەڵ داعش.

پێشتر میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە کە ئەمریکا لەناکاو بڕیاری داوە سەرجەم هێزەکانی لە بنکەکانی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا لە عێراق بکشێنێتەوە.

سکای نیوز بە پشت بەستن بە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکردووە ئەمریکییەکان هاوتا عێراقییەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە پڕۆسەی کشانەوەکە خێراتر دەکەن و چیتر پابەند نابن بەو خشتەیەی کە لە ڕێکەوتنی نێوان هەردوو وڵاتدا هاتووە.

دەرئەنجامە سیاسی و ئەمنییەکانی کشانەوەی ئەمریکا

هەرچەندە هۆشداریی ئەمریکا پرسێکی نوێ نییە، بەڵام غازی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێراق پێی وایە ئەم کشانەوەیە لێکەوتەی سیاسی و ئەمنی گرنگی دەبێت.

ناوبراو وتی: ئەم هۆشدارییانە ئاماژەن بۆ دۆخێکی ئەمنی نیگەرانکەر، هەرچەندە داعش کۆنترۆڵی جوگرافی بە سەر شارەکاندا لەدەستداوە، بەڵام لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەییەوە شکستی نەهێناوە و هێشتا شانە نووستووەکانی هەیە کە لە ناوچەکانی وەک دیالە، کەرکوک، سەلاحەدین، حەوزی حەمرین، بیابانەکانی نێوان ئەنبار و نەینەوا چالاکن.

وتیشی: ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە ئەم گرووپە هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشی تایبەتی هەیە، هەرچەندە سنورداریش بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هەڕەشەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.

ئەم توێژەر و شرۆڤەکارە سیاسییە دیارە پێیوایە دەکرێت هۆشداریی ئەمریکا وەک ئامرازێک بۆ ڕەوایەتیدان بە بەردەوامیی ئامادەبوونی سەربازی وڵات یان بۆ پێناسەکردنەوەی وەک هاوبەشییەکی ئەمنی لەبری کشانەوەی تەواوەتی بەکاربهێنرێت. بە تایبەت لە دۆخێکدا کە واشنتن لە فراوانبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق دوای کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی خۆی نیگەرانە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەر گەڕانەوەیەکی داعش بۆ عێراق پەیوەست دەبێت بە پێشهاتەکانی سوریاوە، بەو پێیەی هێشتا هەزاران ئەندامی داعش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و بیابانەکانی سوریا ئامادەن و ئەمەش بە هەڕەشە دادەنرێت بۆ کردنەوەی کەناڵی نوێی کاریگەری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

فەیسەڵ وتی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەواڵگری و ئاسمانی پێشکەوتووی پێشکەش بە عێراق دەکرد، لە کاتێکدا عێراق هێشتا بەدیلی لە بوارەکانی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی، چاودێری ئاسمانی یان شیکاری هەواڵگریدا نییە، ئەمەش دەتوانێت بۆشاییەک درووست بکات کە داعش بتوانێت چالاکی بکات.

ڕاشیگەیاند: سەرەڕای گیانلەدەستدانی ئەمیری داعش لە عێراق و شام، هەروەها بوونی هەماهەنگی ئەمنی لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، مەترسیی داعش بە هۆی سرووشتی سنوربەزاندنییەوە هەر ماوەتەوە، داعش گرووپێکە دان بە هیچ وڵاتێکدا نانێت و ئەندامەکانی لە نێوان وڵاتاندا دەجووڵێن و هەزاران کەسیان کوشتووە.

داهاتووی بوونی ئەمریکا لە عێراق

ئەو شارەزایە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: شەڕ لەگەڵ داعش کۆتایی نەهاتووە. ئەم گرووپە تا ئێستاش وەک دیاردەیەکی تیرۆریستی بوونی هەیە. بە تایبەت لە سوریا هێشتا داعش ژمارەیەکی زۆر هێزی هەیە کە چەندین جار لە ئۆپەراسیۆنی تەقینەوەدا خۆیان نیشانداوە. بۆیە دەبێت ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ واشنتن ڕوون بێت.

ئەگەر بیەوێت ئەمریکا بمێنێتەوە، دەبێت ئەم ئامادەبوونە لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی گشتی لە گەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجام بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی هەواڵگری و پشتیوانی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە بەردەوامە.

شایانی باسە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگوازرێتەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی دوو قۆڵی. ئەمەش بە مانای کۆتایی هاتنی کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش نییە و هەوڵە مەدەنییەکانی لە سەر ئاستی جیهانی و لە ژێر سەرکردایەتی مەدەنیدا بەردەوام دەبێت./.