بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ڕەخنەی لە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق گرت و وتی: بەشێکی زۆری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق هێزی شەڕکەرن و بوونیان بە پێچەوانەی دەستووری وڵاتە.

ناوبراو وتی: کاتێک داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت، مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دەخەنەڕوو و کاتێک باس لە هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەکرێت، دەڵێن داعش لاواز بووە.

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق جەختیکردەوە کە پاراستنی حەشدی شەعبی خواستی گەلی عێراقە.

قەیس خزعەلی وتی: ناوچەکە دوو هەڵبژاردنی گرنگی لە پێشە، ئەوەی عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی کە کاریگەرییان لە سەر داهاتووی ناوچەکە دەبێت. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی، دەبێتە هۆی پاشەکشەی پارتی لیکود و حیزبە ڕاستەکان و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە چوار ساڵی داهاتوو دەبێت.

ناوبراو بە ئاماژە بە پیلانگێڕیی ئیسرائیلی گەورە کە لە لایەن بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە خراوەتەڕوو، ڕایگەیاند کە ئەو پیلانە هەڕەشە لە سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات./.