بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی جزیرەی قەتەر سەبارەت بە کۆبوونەوەی لووتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە چین، پێکهاتەی بەشداربووان و تەوەرە سەرەکییەکان و کاریگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەو چالاکییەیان تاوتوێ کردووە.

کەناڵی جزیرە بڵاویکردەوە، نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان کە ساڵی ڕابردوو لووتکەکەی بەجێهێشت، ئەمجارە بەشداری دەکات. ئامادەبوونی ناوبراو دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باجی 50%ی بەسەر کاڵاکانی هیندستاندا سەپاند، ئەمەش هەنگاوێکە کە نیودەهلیی  پاڵناوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین و زلهێزەکانی دیکەی ئوراسیا.

جزیرە جەختی لەوە کردەوە کە شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن شی جینپینگ سەرۆکی چین لووتکەکە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی وڵاتەکەی وەک هێزێکی سەقامگیرکەر و بزوێنەر بۆ وڵاتانی باشوری جیهانی بخاتەڕوو، لە کاتێکدا شەڕی گومرگی واشنتن و سیاسەتە تاکلایەنەکان ناسەقامگیرییەکی بەرفراوانی لە ئابوری جیهانیدا دروستکردووە. بە وتەی لیو بین جێگری وەزیری دەرەوەی چین، ئەم کۆبوونەوە یەکێک دەبێت لە گرنگترین ڕووداوە دیپلۆماسییەکانی ئەمساڵ بۆ پەکین.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆبوونەوەکە کە لە 31ی ئاب تا 1ی ​​ئەیلوول لە شاری بەندەری تیەنجین بەڕێوەدەچێت، میوانداری زیاتر لە 20 سەرکردەی بیانی و سەرۆکی 10 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکات. لە نێو ئەو کەسانەی کە ئامادە دەبن، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆک کۆماری بیلاڕووسیا، قاسم جۆمارت تۆکایڤ، سەرۆک کۆماری کازاخستان، شاڤکات میرزیۆیڤ، سەرۆک کۆماری ئۆزبەکستان، سادێر جاپارۆڤ، سەرۆک کۆماری قڕقیزستان و ئیمامعەلی ڕەحمانۆف، سەرۆک کۆماری تاجیکستان بەشدار دەبن.

هەروەها سەرکردەکانی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی میانمار مین ئاونگ هیلینگ، سەرۆکی ئەنونیزیا پراویت سوبیانتۆ، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ئەنوەر ئیبراهیم، ک.پی. شارما ئولی سەرۆک وەزیرانی نپاڵ و محەممەد مەعیزۆ سەرۆکی مالدیۆ لە کۆبوونەوەی شەنگەهای بەشداری دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کاو کیم هۆرن سکرتێری گشتی کۆمەڵەی نەتەوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکەن.

کەناڵی جزیرە سەیری مێژووی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦ بە ناوی "پێنجی شەنگەهای" بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سنورییەکانی نێوان چین، ڕووسیا، کازاخستان، قڕقیزستان و تاجیکستان پێکهێنراوە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠١دا فراوانتر بووە، دواتر ئۆزبەکستان، هیندستان، پاکستان، ئێران و بێلاڕووسیش بوون بە ئەندامی تەواو. ئەمڕۆ وڵاتانی ئەندام لەسەدا ٤٣ی دانیشتووانی جیهان و نزیکەی چارەکێکی ئابوری جیهانی پێکدەهێنن.

ئەلیخاندرۆ ڕیێس، مامۆستای زانکۆی هۆنگ کۆنگ بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە گەڵ گرووپەکانی وەک برێکس نموونەی فرەلایەنی نوێیە بۆ بەهێزکردنی دەنگی باشوری جیهان. لەو چوارچێوەیەدا، توێژەری هیندی مانۆج کوالرامانی باس لەوە دەکات کە ڕێکخراوەکە هێشتا بە دوای ناسنامەیەکی ڕوون و ئاشکرادا دەگەڕێت و لە ئێستادا سەرنجی لە سەر چەمکی "ئاسایشی دابەشنەکراو"یە، چەمکێک کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئاسایشی وڵاتێک نابێت بکرێتە قوربانی بۆ بەرژەوەندی وڵاتێکی دیکە.

کەناڵەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگی دانوستانەکەی ئەمساڵ لە سایەی شەڕی ئۆکرانیا، جینۆساید لە غەززە و ئۆپەراسیۆنە زایۆنیستییەکان لە کەرتی خۆرئاوا، گرژییە ئەمنییەکان لە ئاسیا و شەڕی بازرگانی ترەمپ زیاتر بووە. شارەزایان پێشبینی دەکەن کە چین و ڕووسیا لەم لووتکەیەدا جەخت لەسەر فرە جەمسەری و بەرگری لە فرەلایەنی لە بەرامبەر تاکلایەنی ئەمریکا دەکەن.

جزیرە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کۆبوونەوەکە دەکات، بەتایبەت کۆبوونەوەی مودی و شی، کە دەکرێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی هیندستان و ئەمریکا هەبێت و بۆ هەوڵەکانی وڵاتانی ئەندام بۆ دۆزینەوەی بەدیلی پێکهاتەکانی سەرکردایەتی ڕۆژئاوا ئاماژە دەبێت./.