بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەلایەنی کەمەوە 43 جۆر ژەهری کیمیایی لە دووکەڵی جگەرەدا هەن کە دەبنە هۆی شێرپەنجەی سییەکان، قوڕگ، لێو، دەم، میزڵدان، گورچیلەکان و گەدە.

ئەو ماددانەی لە جگەرەدا هەیە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەکات و گوشار دەخاتە سەر دڵ و خوێنبەرەکان. مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات و سووڕی خوێن بۆ ناو ئەندامەکان کەم دەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی کێشەی جیدی لە هەندێک کەسدا.

ئەو غازە ژەهراویانەی لە جگەرەدا هەن سییەکان دادەپۆشن و دەبنە هۆی نەخۆشی درێژخایەنی هەناسەدان. هەروەها دووکەڵی جگەرە دەبێتە هۆی نەخۆشی پووک و کلۆربوون و زەردی ددانەکان و بۆنی ناخۆشی دەم و وشکبوونی دەم.

بەلایەنی کەمەوە لە ساڵی 1950ەوە، پسپۆڕان جگەرەکێشان بە هۆکاری شێرپەنجەی سییەکان دادەنێن. لەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوتووە کە هەر جۆرە جگەرەیەک یان بەرهەمێکی هاوشێوە کاریگەری لەسەر هەموو جەستە هەیە و مەترسی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی درێژخایەنی وەک شەکرەی جۆری 2 و پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات. بۆیە وازهێنان هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەوەی ژیانێکی درێژتر و تەندرووستتر هەبێت./.