بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، غەززە ئەمڕۆ بووەتە دڵی خۆڕاگری و خاڵی شکستی پرۆژەکانی داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی. وەک چۆن کە شەڕی ڤێتنام بووە کابوسێک بۆ ئەمریکا و سەرجەم پلان و پرۆژە سەربازی و سیاسییەکانی واشنتنی تێکدا، غەززەش بووەتە کابوسێک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی.
ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی " هائارێتس " وەک هۆشدارییەک بە ناوی " ڤێتنامی ئیسرائیل " بە کردەوە پیشاندەری ئەوەیە کە تەنانەت لە نێو دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیشدا ئەم ڕاستییە قبووڵکراوە کە بەردەوامی شەڕ نەک تەنیا نابێتە هۆی لەناوچوونی حەماس، بەڵکوو ڕژێمی زایۆنیستی لە گێژاوێکی بێ کۆتاییدا تووش دەکات.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، میدیای زایۆنیستیی " ئیسرائیل تایمز " لە وتارێکدا لە نووسینی " دەیڤید ئەمسالم " وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەندامی پارتی لیکود هۆشداریی داوە کە پەرەسەندنی شەڕ دەتوانێت غەززە بکاتە ڤێتنامێک بۆ ئەو ڕژێمە. ئەم ئاماژەیە پیشاندەری شەڕێکی درێژخایەن، پڕتێچوو و بێ سەرکەوتنی ڕاستەقینەیە. ئەم تێڕوانینەش نیگەرانییە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە بەردەوامی شەڕ و لێکەوتەکانی دەردەخات.
هەروەها " میدل ئیست ئای " لە وتارێکدا بە ناونیشانی " شەڕی غەززە و ڤێتنامی ئیسرائیل " ڕایگەیاندووە کە " شەڕی غەززە بووەتە ڤێتنامێک بۆ ئیسرائیل، شەڕێکی شکستخواردوو کە ڕوبەڕوی زیادەڕۆیی سەربازی، هەڵەی ستراتیژی و تێچووی سیاسی بووەتەوە ".
لە سەرەتای دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئەم ڕژێمە منداڵکوژە، هەوڵی ئەوەیاندا وێنەیەکی شکستنەخواردووی سوپاکەیان بخەنەڕوو. بەڵام تەنیا لە یەک نموونەدا گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی غەززە ئەم ئەفسانە دەستکردەیان تێکشکاندووە.
سوپای زایۆنیست کە بانگەشەی لەناوچوونی حەماسی لە چەند رۆژدا دەکرد، لە ماوەی نزیک لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە بەرامبەر خۆڕاگریی فەڵەستین تووشی شکست بووە و بەدەر لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی بە تایبەت ژنان و منداڵان، دەسکەوتێکی وەهای نەبووە. خۆڕاگری نەک تەنیا هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکوو ڕێکخراوتر و یەکگرتووتر بووە. ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی کەوتووەتە گێژاوێک، وەک ئەوەی بۆ ئەمریکا لە ڤێتنام ڕوویدا.
شەڕێکی هەمەلایەنە لە بەرامبەر گەلێکی خۆڕاگر
بۆ گەلانی ناوچەکە، ڕژێمی زایۆنیستی بە هیچ شێوازێک حکومەتێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هێمای ڕژێمێکی ساختە و داگیرکار و بە واتایەکی دیکە " شەڕ و پیلانگێڕییە ". ڕژێمێک کە لە هیچ تاوانێک سڵ ناکات، وەک بۆردومانی ماڵەکان، کوشتنی منداڵان و ژنان، ڕووخاندنی قوتابخانەکان و ژێرخانە پێویستەکان و هەروەها گەمارۆی دەرمان و خۆراک.
بەڵام ئەمە هەموو تاوانە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە. هەر مووشەک و هەر هێرشێکی ئاسمانی، نەک تەنیا حەماس و گرووپەکانی خۆڕاگریی لەناونەبردووە، بەڵکوو ئەوانی لە بەرامبەر چاوی گەلی فەڵەستین و جیهان خۆشەویستتر کردووە. شەرعییەتی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام بەرەو دابەزین دەڕوات و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی بۆ دانیشتووانی جیهان ئاشکراتر دەبێت.
بەرەی خۆڕاگری و گۆڕینی هاوکێشەکان
یەکێک لە گرنگترن دەسکەوتەکانی ئەم شەڕە بۆ فەڵەستین، جێگیربوونی ڕۆڵی بەرەی خۆڕاگرییە. لە حزبوڵڵای لوبنانەوە تا ئەنساروڵڵای یەمەن و گرووپەکانی خۆڕاگری لە عێراق، هەمووان بوونەتە ئەڵقەکانی ئەو زنجیرەی کە ڕژێمی زایۆنیستیی گەمارۆ داوە.
غەززە وەک ناوەندی ئەم بەرەیە، لەوەدا سەرکەوتوو بووە لە بەرامبەر هێرشە دڕندانە و بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕابوەستێت و تەنانەت توانای هێرشی خۆی بسەلمێنێت. پەیامی ئەمەش ڕوونە: ڕژێمی زایۆنیستی چیدی ئەو هێزە بانگەشەبۆکراوەی ناوچەکە نییە و دەبێت ڕوبەڕوی ڕاستییەک بە ناوی لاوازبوونی پێگەی خۆی ببێتەوە.
قەیرانی مرۆیی و گوشاری جیهانی
لە ئێستادا کارەساتی مرۆیی لە غەززە بەربڵاوتر بووە. دەیان هەزار کەسی مەدەنی لە غەززە گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان هەزار کەسی دیکە لە ڕەوشێکی نالەباردا ژیان بە سەر دەبەن. نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و ژێرخانە پێویستەکان ڕووخاون و خەڵک ڕوبەڕوی کەمبوون و تەنانەت نەبوونی ئاو، خۆراک و دەرمان بوونەتەوە.
ئەم دۆخە ڕژێمی زایۆنیستیی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕوبەڕوی گوشاری ڕای گشتی جیهان کردووەتەوە. وەک چۆن کە وێنەکانی وێرانی و کوشتار لە ڤێتنام بووە هۆی ناڕەیاتەی ملیۆنان کەس لە ئاستی جیهان، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە وێنەکانی غەززە ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاندووە و شەرعییەتی ڕژێمی زایۆنیستیشی لەناوبردووە.
شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، کابوسی سوپای زایۆنیست
شارەزایانی سەربازیی زایۆنیست هۆشداری ئەوەیان داوە کە غەززە دەبێتە کابوسێکی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بۆ سوپای ئەو ڕژێمە. تۆڕی بەربڵاوی تونێلەکان، سەنگەرەکان و پێگەکانی خۆڕاگری، سوپای ڕژێمی زایۆنیستیی تووشی شەڕێکی بێ ئەنجام و درێژخایەن کردووەتەوە.
هەر کۆڵان و ماڵێک دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانی شەڕ. ئەزموونی شەڕی ڤێتنام ئەوەی پیشانداوە کە هیچ سوپایەک تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی ئاسمانی و تەکنۆلۆژیا ناتوانێت لە بەرامبەر خۆڕاگریی خەڵک لە وەها جوگرافیایەکدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت. غەززەش هەمان تایبەتمەندیی هەیە و ئەم ڕاستییەش بۆ ڕژێمی زایۆنیستی قبووڵ ناکرێت.
کەلێنە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی
بەردەوامی شەڕ بووەتە هۆی داڕمانی ناوخۆیی کۆمەڵگای زایۆنیست. ئابوریی ئەم ڕژێمە ڕوبەڕوی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە، وەبەرهێنانی بیانی ڕاگیراوە، بازاڕ تێکچووە و تێچووە سەربازییەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە کەلێنە سیاسییە ناوخۆییەکان قووڵتر بووە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی بنیامین نتانیاهۆ و کابینەکەی لەزیادبووندایە. وەک چۆن کە ئەمریکا لە شەڕی ڤێتنامدا ڕوبەڕوی وەها هەلومەرجێکی ناوخۆیی بوویەوە و ناچار بە پاشەکشە کرا، ڕژێمی زایۆنیستیش درەنگ یان زوو ڕوبەڕوی ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی دەبێتە کە بەردەوامی شەڕ ئەستەم دەکات.
داڕمانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی
تا پێش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای حەماس لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بە هۆی ئیمپراتۆریەتی میدیایی ڕۆژئاوا، یەکێک لە گرنگترین سەروەت و سامانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، پێگەی نێودەوڵەتی بوو. ئەم ڕژێمە بەردەوام هەوڵی ئەوەی دەدا کە خۆی وەک بەشێک لە جیهانی پێشکەوتوو و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا بناسێنێت.
بەڵام ئەمڕۆ، بە بەردەوامی تاوانەکان لە غەززە، ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەراوێز خراوە. تەنانەت هاوپەیمانەکانی نزیک لە تەلئەبیب ناتوانن لە بەرامبەر شەپۆلی توندی توڕەیی ڕای گشتی خۆڕاگری بکەن. وەک چۆن کە شەڕی ڤێتنام ڕواڵەتی ئەمریکای تێکدا، غەززەش پێگەی نێودەوڵەتی ڕژێمی زایۆنیستیی لاواز کردووە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوبەڕوی ڕژێمی زایۆنیستی بووەتەوە، داهاتوویەکی نادیار و پڕتێچووە. بەردەوامی شەڕ تەنیا قەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەکات. ئەو ڕێگایەی کە لە لایەن نتانیاهۆوە هەڵبژێردراوە، ستراتیژی نییە و تەنیا هەوڵێکە بۆ مانەوە لە دەسەڵات./.