بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی لوتکەی ساڵانەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای لە ڕۆژانی 31 ی ئاب تا 1 ی ئەیلولی 2025 لە شاری تیانجین ی چین بەڕێوەچوو و بە بەشداری زیاتر لە 20 سەرۆکی وڵاتان و نوێنەرانی 10 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی بەرچاوی لە داڕشتنەوەی هاوکێشە ئابوری و جیۆپۆلیتییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەیە.

دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە یاوەری شاندێکی باڵا بەشداری کۆبوونەوەی شەنگەهایی کرد. بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە بووەتە هۆی شرۆڤە و لێکدانەوەی زیاتر لە لایەن میدیا نێودەوڵەتییەکان و دەسکەوتەکانی بە ئامرازێکی گرنگ لە بەرامبەر گوشارە سیاسی و ئابورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ناو دەبەن.

ئەم کۆبوونەوە بەدەر لە گردبوونەوەیەکی دیپلۆماتیک، دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانی ئابوری، گەشەی ژێرخانە بازرگانییەکان و دابینکردنی جێگرەوەی کردەیی بۆ سیستەمە ئابوری و داراییەکانی ژێر دەسەڵاتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە.

ڕۆژنامەی بەرازیلیی O Globo لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی " ڕووسیا، چین و هیندستان لە بەرامبەر هەژموونی ئەمریکا "، ڕۆڵی پەرەسەندووی ئەم وڵاتانەی بۆ داڕشتنی سیستەمێکی نوێ لە بەرامبەر هەژموونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا تاوتوێ کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا و شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین لەوەدا سەرکەوتوو بوون هاوپەیمانییەک گەورەتر لە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات پێک بێنن کە ئامانجەکەی بەرەنگاربوونەوەی تاکجەمسەریی ئەمریکایە. بە بۆچوونی شرۆڤەکاران، وتووێژی سێقۆڵیی نێوان ڕووسیا، چین و هیندستان پێش دەستپێکردنی فەرمیی کۆبوونەوەی شەنگەهای، پیشاندەری جوڵەی ئاشکرای وڵاتانی ئاسیایی بۆ سەربەخۆییە لە بەرامبەر واشنتن، ئەو پرۆسەیەی کە بە سیاسەتەکانی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ خێراییەکی زیاتری بەخۆوە بینیوە.

ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای تەنیا دامەزراوەیەکی ئابوری نییە، بەڵکوو بەرە بەرە بووەتە بەرەیەکی جیۆپۆلتیی بەهێز کە دەتوانێت جێگرەوەیەکی گرنگی زاڵبوونی هەژموونی ئەمریکا بێت.

لەم نێوەندەدا ئێران بە ئەندامێتی چالاکی خۆی لەم ڕێکخراوەدا، نەک تەنیا کەڵک لە دەرفەتە نوێیەکانی ئابوری وەردەگرێت، بەڵکوو پێگەی سیاسی خۆی لە سیستەمی نوێی جیهاندا بەهێزتر دەکات.

گلۆبۆ ڕایگەیاندووە کە هاوتابوونی سیاسەتەکانی ئێران لە گەڵ ئەم هاوپەیمانییە، ئامرازێکە بۆ دابەزاندنی گوشاری گەمارۆکان و هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو بەهێزبوونی سەربەخۆیی سیاسی.

ڕاشیگەیاندووە کە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی شەنگەهای پیشانیدا کە جیهانێکی چەندجەمسەری چیدی خەون و خولیا نییە، بەڵکوو ڕاستییەکە کە بەرەو مسۆگەربوون دەڕوات و ئێران دەتوانێت یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی بێت.

ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵی ئەمریکیش ئەم بۆچوونەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی نێوان سەرکردەکانی ڕووسیا، چین و هیندستان لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای " پەیامێکی بەهێز " ی بۆ ئەمریکا ناردووە، ئەو پەیامەی کە پیشان دەدات جیهان چیدی ئامادە نییە بە تەنیا کۆنتڕۆڵی هێز لە دەستی واشنتندا بێت.

" نە بۆ پەراوێزکەوتن "، پەیامی ڕوونی ئێران لە چینەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا

بەڵام ڕۆژنامەی الاخبار ی لوبنان لە یادداشتێکدا ئامادەبوونی ئێرانی لە کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای بە دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ پتەوکردنی پێگەی ئابوری و جیۆپۆلتیکی تاران ناو بردووە.

ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەندامێتی هەمیشەیی ئێران لەم ڕێکخراوەدا لە ساڵی 2023، پێگەی تارانی وەک ئەندامێکی چالاک و کاریگەر لە سیستەمی چەندجەمسەری بەهێز کردووە و ئامادەبوونەکەی زیاتر لە نمایشێکی سادەی دیپلۆماتیک بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی الاخبار، ئێران بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە، پەیامێکی ڕوونی بە ناونیشانی " نە بۆ پەراوێزکەوتن " و بەرەنگاربوونەوەی گوشار و گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ناردووە. ڕێکخراوی شەنگەهای بووەتە هێمای بەرەنگاربوونەوەی تاکجەمسەریی ئەمریکا و دەرفەتی پەرەپێدانی هاوکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ ئێران دابین کردووە.

الاخبار ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی ئابوریی ئێران لە ڕێکخراوی شەنگەهای، پرۆژەی داراییە کە سێ بەش لەخۆدەگرێت: بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان لەبری دۆلار. پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵ و کەڵک وەرگرتن لە دراوی دیجیتاڵی دارایی و پێکهێنانی سندوقی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی لە ژێر کاریگەری گەمارۆکاندان یان تووشی قەیرانی دارایی بوون. الاخبار ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە دەتوانێت کاریگەری قووڵی لە سەر ئابوری ئێران هەبێت و سنورداربوونەکانی بانکی و دارایی بە هۆی گەمارۆکانەوە دابەزێنێت.

ئێران هێزی بزوێنەری پرۆژەکانی ترانزێتیی ناوچەییە

ڕۆژنامەکە هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ئێران لە پرۆژەکانی ترانزێتی ناوچەییدا کردووە. بەستنەوەی بەندەری چابەهار بە تۆڕی شەمەندەفەری ناوخۆیی و دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، چین و ئەفغانستان بۆ ئاوە کراوەکان و زەریای هیندی، ئێران دەکاتە بزوێنەری پرۆژە ئابوری و ترانزێتییەکانی ناوچەکە. ئەم هەنگاوە بە وتەی الاخبار، پێگەی جیۆپۆلتیکی ئێران بەهێزتر دەکات و ئەگەری هاوکاری بەرفراوان لە گەڵ چین و ڕووسیا دەکاتەوە.

جگە لەوەش ڕاپۆرتەکەی الاخبار جەخت لەوە دەکاتەوە کە پشتیوانی ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای بۆ ئێران لە ڕوبەڕوبونەوەی گوشارە ڕۆژئاواییەکان و هەڕەشە ئەمنییەکان پەیامێکی سیاسی و ئابوریی بەهێز بۆ تاران دەنێرێت و ڕێگا بۆ ئێران خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

بەکورتی، الاخبار بوونی چالاکانەی ئێران لە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای بە خاڵی وەرچەرخان لە ستراتیجی " گۆڕانکاری ڕۆژهەڵات " دەزانێت، کە وێڕای کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەمارۆکان، توانای ئابوری، ترانزێت و جیۆپۆلتیکی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا زیاد دەکات.

میدیای قەتەری ئەلعەرەبی ئەلجەدید لە یاداشتێکدا بە ناوی " پلانی چین بۆ شکاندنی هەژموونی ئەمریکا " نووسیویەتی، لوتکەی ئەم دواییەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای لە تیانجین هەنگاوێکی گرنگ بووە بەرەو دامەزراندنی نەزمێکی جیهانی فرە جەمسەری. شی جینپینگ جەختی لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دامەزراوە داراییەکانی ڕۆژئاوا و پەرەپێدانی هاوکاری تەکنۆلۆژیایی بەتایبەت لە بواری زیرەکی دەستکرددا کردەوە. هەروەها چین بەڵێنی تەرخانکردنی دوو ملیار یوانی وەک یارمەتییەکان و 10 ملیار یوانی وەک قەرزی کەم سوود بۆ وڵاتانی ئەندام، لەوانەش ئێران بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و پرۆژە ئابورییەکان داوە.

ئەلعەرەبی ئەلجەدید بە ئاماژەدان بە پشکی لە سەدا 40 ی دانیشتووانی جیهان لە شەنگەهای و قەبارەی بازرگانی نێوان چین و ئەندامەکانی بە بڕی 295 ملیار دۆلار، نووسیویەتی کە ئەم ڕەوتە بنەمایەکە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی یوان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار. بە گوێرەی ئەو میدیایە، ڕۆحی شەنگەهای دەرفەتی جیدیی بۆ ئێران و وڵاتانی دیکە ڕەخساندووە بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابوری خۆیان و دوورکەوتنەوە لە هەژموونی سیستەمی دارایی ڕۆژئاوا.

ڕۆژنامەی ئەلبەیانی ئیماراتی لە یاداشتێکدا بە ناونیشانی " لوتکەی شەنگەهای، هاوکێشەیەکی نوێی نێودەوڵەتی " نووسیویەتی، پێویستە وڵاتانی عەرەبی بە وردی پەیڕەوی لە پێشهاتەکانی ئەم لووتکە بکەن، بەو پێیەی ئێستا ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای نوێنەرایەتی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان دەکات و لە سەر ڕێگای داڕشتنی نەزمێکی فرە جەمسەرییە.

میدیاکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئێران بە بەشداری چالاکانە لە شەنگەهای، دەرفەتێکی گرنگی هەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابوری و سیاسی خۆی و کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا. دەستپێشخەریی چین بۆ حوکمڕانی جیهانی دادپەروەرانە، کۆتایی هاتنی گۆشەگیریی ڕووسیا، ئاشتەوایی هیندستان لە گەڵ چین و ئامادەبوونی بێ وێنەی ڕێبەری کۆریای باکور، نیشانەکانی سەرهەڵدانی نەزمێکی نوێی جیهانییە کە بتوانێت هاوسەنگی هێز بگۆڕێت لە بەرژەوەندی ئەندامانی شەنگەهای، لەنێویاندا ئێران.

هاوکاری باشور – باشور لە بەرامبەر باکور بەهێزتر دەبێت

بە پێی ڕاپۆرتی DW، شی جینپینگ لە لوتکەی شەنگەهای ڕایگەیاند کە چین بەنیازە بانکی گەشەپێدانی تایبەت دەستپێبکات و سەکۆیەک بۆ هاوکاری وزە درووست بکات بۆ پێکهێنانی بەدیلێک بۆ هەژموونی ئەمریکا. هەروەها ڤلادیمیر پوتین جەختی لە ڕۆڵی شەنگەهای کردەوە لە درووستکردنی نەزمێکی جیهانی دادپەروەرتر و کۆتاییهێنان بە هەژمونی دۆلار.

دکتۆر وەیل عەواد پسپۆڕی DW Asia وتی پێشهاتەکان مەبەست لێی جێگرتنەوەی تەواوەتی ئەم نەزمەی ئێستا نییە، بەڵکوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هاوسەنگی و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی باشور- باشورە. هەروەها سەرکردەکانی چین، ڕووسیا و هیندستان هەوڵدەدەن شەنگەهای لە هاوبەشییەکی ئابورییەوە بگۆڕن بۆ بلۆکێکی ئەمنی بەهێز هاوشێوەی ناتۆ.

گرنگی پەسەندکردنی بەڵگەنامەی ستراتیژی گەشەپێدانی دەیەی داهاتوو لە لایەن سەرکردەکانی شەنگەهای

ڕۆژنامەی ئەلئەیامی جەزائیری بڵاویکردەوە، لوتکەی شەنگەهای 2025 لە تیانجین بڕگەیەکی گرنگ بوو بۆ ڕێکخراوەکە و لە گەڵ پەسەندکردنی بەڵگەنامەی " ستراتیژی گەشەپێدان بۆ دەیەی داهاتوو " ڕێگایەکی ڕوون دانرا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دامەزراوە داراییەکانی ڕۆژئاوا و پەرەپێدانی هاوکاری کردەیی لە بوارەکانی وەک وزە و ئابوری دیجیتاڵی و ژێرخانی ئابوری.

حوسێن ئیسماعیل، شارەزا لە کاروباری ئاسیا لە میسرەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەڵگەنامەیە هاوسەنگی بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی وەک چین، ڕووسیا و هیندستان لە گەڵ ئەولەویەتەکانی وڵاتانی وەک ئێران پیشان دەدات و دەتوانێت هاوکاریی بەکۆمەڵ بەهێزتر بکات.

تامارا بارو، شرۆڤەکاری لوبنانی بۆ کاروباری ئاسیا، ڕایگەیاند کە لێکنزیکبوونەوەی کردەیی ئەندامان، بەتایبەت لە پرۆژەکانی وزە و ئەمنیدا، نیشانەی دابەزینی کاریگەریی تاکلایەنەی ئەمریکایە. ئەم پرۆسەیە شەنگەهای لە پلاتفۆرمی وتووێژەوە بۆ میکانیزمی جێبەجێکردن گۆڕیوە و ڕێگەی بە ئێران و ئەندامانی دیکە داوە کە ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە هاوکێشە جیهانییەکاندا بگێڕن.

ڕۆژنامەی "ئیقرا 24"ی مەغریبیش بڵاوی کردەوە کە شەڕی ئۆکرانیا گۆڕانکاریی نەزمی فرە جەمسەری جیهانی خێراتر کردووە و بلۆکی شەنگەهای بە سەرۆکایەتی چین، ڕووسیا، هیندستان و ئێران بە خێرایی هێزێکی زیاتری هەیە.

ئەم هاوپەیمانییە دەرفەتێکی گرنگی بۆ ئێران ڕەخساندووە تا سەربەخۆیی ئابوری و سیاسی خۆی بەهێزتر بکات و ڕۆڵێکی کاریگەر لە نەزمی جیهانی داهاتوودا بگێڕێت.

هەروەها ئەو دەزگایە ئاماژەی بە سەرلێشێواوی ئەورووپا لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنانەت هاوپەیمانە کۆنەکانی واشنتن وەک هیندستان هەوڵی بەهێزکردنی هاوکارییە سەربەخۆکان دەدەن. لوتکەی شەنگەهای پیشانیدا کە ئەم بلۆکە ڕۆژهەڵاتییە توانای تەحەدای هەژموونی ئەمریکا و بەهێزکردنی پێگەی ئەندامانی وەک ئێران لە بوارەکانی وزە، ئابوری دیجیتاڵی و ئاسایشدا هەیە.

میدیای ئەمریکی: ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر سیاسەتەکانی واشنتن یەکگرتوو بووە

تۆڕی ئەمریکی CNBC ڕایگەیاندووە، لوتکەی ساڵانەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای لە تیانجین کە زیاتر لە 20 سەرکردە بەشدارییان تێدا کرد، وەک پەیامی سەرەکی بەهێزکردنی لێکنزیکبوونەوەی ئەندامەکانی و بنیاتنانی نەزمێکی جیهانی دادپەروەرتر لە بەرامبەر سیاسەتە تاکلایەنەکانی ئەمریکادا بووە. ئەو ڕێکخراوە کە ئێران ئەندامێکی کارایە، وەک بەدیلێکی بژاردەیی بۆ ئەو نەزمەی کە واشنتن سەرکردایەتی دەکات، خەریکە هێز پەیدا دەکات.

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چین، هیندستان و ڕووسیا لەم لوتکەیەدا، لێکنزیکبوونەوەی ڕۆژهەڵات و خۆڕاگری لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکای پیشاندا. ئەمریکا بە گەمارۆ و سیاسەتی گومرگی، بە کردەوە ڕێگەی بۆ پەیوەندیی نزیکتر لە نێوان ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای لە نێویاندا ئێران خۆش کردووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی بەرچاوتر لە داهاتووی سیستەمی جیهانیدا دەگێڕێت./.