بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی " منداڵان ڕزگار بکەن "، ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 2 ی منداڵانی غەززە لە تاوانی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی زایۆنیستیدا شەهید بوون و ئەم شەڕە، شەڕێکی زاڵمانە لە دژی منداڵان بووە و جیهانیان دەبێت ڕێگری لە پەرەسەندنی ئەم کارەساتە مرۆییە بکەن.

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە تا ئێستا لانیکەم 20 هەزار منداڵ، واتە لە سەدا 2 ی کۆی گشتی منداڵانی غەززە شەهید بوون.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە لە هەر کاتژمێرێکدا منداڵێک لە غەززە گیان لە دەست دەدات و لانیکەم 1009 منداڵی تەمەن ژێر یەک ساڵ گیانیان لە دەست داوە کە نیوەی ئەوان، واتە 450 منداڵ لە ماوەی ئەم شەڕەدا لەدایکبوون و پاشان گیانیان لە دەست داوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی غەززە ڕایگەیاندووە لە تشرینی یەکەمی 2023 ەوە تا ئێستا 42 هەزار و 11 منداڵ بە هۆی کۆمەڵکوژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید بوون.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی " منداڵان ڕزگار بکەن " ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی کەرتی غەززە ڕوبەڕوی قورسترین برسێتی مێژوویی بوونەتەوە و مەترسی جیدی لە سەر گیانیان هەیە./.